ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن شەش زیندانی کورد کە لە سەر پرسی ئایین سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، مەترسی جێبەجێکردنی سزاکانیان لە ئارادایە.
ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، ئەو شەش زیندانییە بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامەران شێخە، خەسرۆ بەشارەت، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و ئەیوب کەریمی کە لە ئێستادا لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج زیندانیکراون، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
سزای لەسێدارەدانی ئەو شەش زیندانییە کوردە لە ساڵی2020 لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکراوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەو زیندانیانە، دۆسیەی ئەو شەش کوردە لە ئێستادا ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان کراوە و مەترسی لەسێدارەدان زۆرە.
شایانی باسە قاسم ئابستە، زیندانییەکی دیکەی ئایینی کورد کە هاوکات لەگەڵ ئەم 6 زیندانییە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، 5ی ئەم مانگی یازدەیە لەو زیندانەدا لە سێدارە درا.
ئەمەش ببینە
قاسم ئابستە، زیندانییەکی کورد لە ئێران لەسێدارە دەدرێتبە پێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ئەو شەش زیندانییە کوردە لەگەڵ قاسم ئابستە لە ساڵی 2009 لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ چەندین مانگ لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ڕووبەڕووی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لێیان.
ئەو 7 زیندانییە کوردە لە یەکەم دانیشتنی دادگا لە ساڵی 2016 بە تۆمەتەکانی وەک "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" و "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفیەکان" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و دواتر دوای ئەوەی پارێزەری دۆسیەکەیان ناڕەزایەتی سەبارەت بە سزاکە دەربڕی، دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای باڵا کرا و لە ساڵی 2017 بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان هەڵوەشایەوە.
بەڵام دوای ئەوەی دۆسیەی ئەو حەوت زیندانییە جارێکیتر ڕەوانەی دادگایەکی ئینقلابی تاران کرا، هەر حەوتیان لە مانگی سێی ساڵی 2018 جارێکی تر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرایەوە و لە کۆتایشدا سزاکەیان لە ساڵی 2020 لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا.
ئەنوەر خزری، کامەران شێخە و خەسرۆ بەشارەت لە دۆسیەیەکی دیکەی جیادا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ی پیاوێکی ئایینی سوننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا دادگاییکران و ساڵێک دوای ئەوە لە هەمان رێکەوتدا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارات بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کوشتندا" سزای 10 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و کامران شێخەش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەو زیندانیانە چەندین جار لە ڕێگەی نووسینی نامەوە لە زیندان باسیان لەو ئەشکەنجانە کردووە کە لە کاتی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕوویان بووەتەوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەک پێش ئیستا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی "بە ڕێژەیەکی ترسناک" خەریکی لەسێدارەدانە و ژمارەی لەسێدراەدراوان لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 30% زیادیکردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە ئەمساڵ زیاتر لە 600 کەس لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارەدراون کە بەرزترین ئامارە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا.
سەرچاوە/تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان