چەند سیناتۆرێکی کۆماری داوا لە بایدن دەکەن سزاکانی سەر نەوتی ئێران جێبەجێ بکات

نزیکەی 20 سیناتۆری کۆماریخواز نامەیەک ئاڕاستەی جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن و داوای "جێبەجێکردنی تەواوی سزا نەوتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و سڕکردنی دەستبەجێ و هەمیشەیی شەش ملیار دۆلاری ئێران دەکەن کە لە بانکێکی قەتەڕدا داندراوە.

لە میانەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان حکومەتی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەڕێوبەرایەتی بایدن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور و گواستنەوەی بۆ بانکێکی قەتەڕ.

سیناتۆرەکان لە نامەکەیاندا کە ڕۆژی هەینی 17ی ئەم مانگە ناردوویانە، دەڵێن ئەو شەش ملیار دۆلارە ئازادکراوە لە بری ئەوەی بخرێتە خزمەتی خەڵکی ئێرانەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ " ئامانجە خراپەکانی " لە ناوچەکە و جیهاندا خەرجی دەکات.

سێناتۆرە کۆمارییەکان لە نامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەیەکی زۆرە خۆی لە دەرئەنجامەکانی " پارەدارکردنی تێرۆریزمی توندڕەو" بەدوور گرتووە.

سێناتۆرەکان بە بایدنیان ڕاگەیاندووە " لە پێناو ڕێگریکردن لە هێرشی زیاتر و جێبەجێکردنی بەڵێنەکەمان سەبارەت بە پشتیوانییەکی بێ مەرج بۆ گرنگترین هاوپەیمانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئیسرائیل)، داوا لە حکومەت دەکەین بۆ بڕینی ئەو ئامڕازە داراییانەی لەبەردەستی ئێراندایە، بەتایبەتی لە کەرتی هەناردەکردنی نەوتدا و دەمانەوێت ئەوەی پێویستە لەمبارەیەوە بگیرێتەبەر.

بە گوتەی ئەو سیناتۆرە کۆمارییانە ئەوەی ئیستا لە جیهاندا ڕوودەدات، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ڕێگەدانە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران و ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە هەژمارە بانکییە دەرەکییەکاندا.

وتیشیان کە کۆنگرێس ئەرکی ئەوەی لە ئەستۆدایە دڵنیابێت لەوەی سزاکان تەنها لەسەر کاغەز نەبن و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا