شەڕی قورس لە باکوری غەززە دەستپێدەکات دوای ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان

شایەتحاڵەکان دەڵێن شەڕ لە نێوان چەکدارانی حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە باکووری کەرتی غەززە دەستیپێکرد و هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی دەیان فەلەستینی لە ناوەڕاستی وڵاتەکە، لە کاتێکدا ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ڕەتکرایەوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆشت لە زاری کەسانی نزیک لەو بابەتەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و حەماس گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کە لەلایەن ئەمەریکاوە نێوەندگیری دەکرێت بۆ ئازادکردنی دەیان ژن و منداڵ کە لە غەززە بە بارمتە گیراون لە بەرامبەر ڕاگرتنی شەڕەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوانەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازادکردنی بارمتەکان دەستپێبکات، ئەگەر هیچ گرفتێک لە دوا خولەکدا نەیەتە ئاراوە.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاند بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە هەموو لایەنەکان لانیکەم بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ململانێکان ڕادەگرن، لە کاتێکدا 50 بارمتە یان زیاتر هەموو 24 کاتژمێر جارێک بە گروپ ئازاد دەکرێن. حەماس نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرت لەکاتی هێرشە کوشندەکەیدا بۆ سەر کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتنەکە بە مەبەستی ڕێگەدان بە بڕێکی زۆر لە یارمەتییە مرۆییەکانیشە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە ڕێککەوتنەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەک لە وتووێژەکانی قەتەردا دارێژراوە.

بەڵام هەردوو لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و وتەبێژی کۆشکی سپیش ڕایگەیاند هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامن.

ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە کاتێکدایە کە پێدەچێت ئیسرائیل ئامادەکاری بکات بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی دژی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ نیوەی باشووری غەززە کە دانیشتووانێکی زۆری تێدایە، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە دەیان فەلەستینی کوژران، لەنێویاندا هاووڵاتی مەدەنی کە دەوترێت پەنایان بۆ دوو قوتابخانە بردبوو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز