ڕووسیا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کیێڤ و ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیا دەستپێدەکاتەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ، ڕووسیا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر کیێڤ دەستپێکردەوە، دوای چەند هەفتەیەک لە وەستان، هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە.

سێرهی پۆپکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازی کیێڤ دەڵێت "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دوژمن بە چەندین گروپ هەڵدران و زنجیرەیەک هێرشیان بە ئاڕاستەی جیاواز کردە سەر کیێڤ، لە هەمان کاتدا بەردەوام ئاڕاستەی خۆیان بەدرێژایی ڕێگاکە گۆڕیوە". ئەم لێدوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوکراوەتەوە. "هەر بۆیە چەند جارێک زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان لە پایتەخت ڕاگەیەندرا".

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان لە کۆی 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید کە دروستکراوی ئێرانن، 15 فڕۆکەیان لە ئاسمانی کیڤ، پۆلتاڤا و چێرکاسی خستووەتە خوارەوە.

پێشتر پۆپکۆ ڕایگەیاندبوو، هیچ ڕاپۆرتێکی سەرەتایی لەبارەی "زیانێکی مەترسیدار" یان زیانە گیانییەکان نەبووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی 10 لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر کیێڤ و ناوەڕاستی کیێڤدا خراونەتە خوارەوە.

ئیهۆر تابورێتس، پارێزگاری چێرکاسی لە تەلەگرامدا ڕایگەیاند؛ پاشماوەی تەقاندنەوەی فرۆکە بێفرۆکەکان "زیانێکی کەمیان بە پێنج خانوو گەیاندووە" بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە. ڕوسلان کراڤچێنکۆ پارێزگاری هەرێمی کیێڤ ڕایگەیاند؛ زیانێکی زۆری بە ناوەندێکی ژێرخانی ناوچەکە گەیاندووە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە. هیچ لێدوانێکی دەستبەجێش لەلایەن ڕووسیاوە بڵاونەکراوەتەوە.

ڕووسیا لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 دەستی بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و سەربازی و گواستنەوەی ئۆکرانیا دەستپێکردووە، ئەمەش دوای شەش مانگ لە شکستهێنانی هێزەکانی مۆسکۆ لە دەستبەسەرداگرتنی پایتەختی ئۆکرانیا و کشانەوە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا.

زستانی ڕابردوو ڕووسیا بە سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، بەمەش ملیۆنان کەس لە ساردترین مانگەکانی ساڵدا بێ کارەبا و گەرمکەرەوە و ئاو بوون، پێش ئەوەی لە هاویندا هێرشەکان هێواش بکاتەوە.

دوای وەستانی 52 ڕۆژ، مۆسکۆ لەم مانگەدا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کیێڤ دەستپێکردەوە. ڕۆژی شەممە بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند زۆربەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بەرەو کیێڤ ئاڕاستە کرابوون خراونە خوارەوە، بەڵام هەندێکیان بەر دامەزراوە ژێرخانەکانی شوێنەکانی دیکەی ئۆکرانیا کەوتوون.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و بەرپرسانی دیکە هۆشدارییان داوە کە ڕووسیا لە مانگەکانی زستاندا دەست بە بۆردومانی بەرفراوانی ژێرخانی مەدەنی ئۆکرانیا دەکاتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز