یەکێک لە بەربڵاوترین شێرپەنجەکان لە جیهاندا شێرپەنجەی مەمکە، بۆیە دەزگا تەندروستییەکان لە تەواوی جیهاندا هەوڵ دەدەن ڕێوشوێنی پێویست بگیرێنەبەر بۆ زوو دەستنیشانکردنی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بەر لەوەی لە جەستەی کەسەکە تەشەنە بکات و چارەسەری ئاڵۆزبێت. یەکێک لەو ڕێگەیانە پشکنینە بە ئامێری مامۆگرام Mammogram . پزیشکان و دەزگا تەندروستییەکان دەڵێن باشترە خانمان لە دوای تەمەنی 40 ساڵییەوە بە لایەنی کەم ساڵانە جارێک ئەو پشکنینە بکات.
دەپرسین:
بۆچی گرنگە خانمان پشکنینی پێش وەختە ساڵانە ئەنجام بدرێت؟
هەتا چەند لە هەرێمی کوردستان بایەخ بەم پشکنینە دراوە؟
ئاستی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە هەرێمی کوردستان چەندە؟
ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و کەسایەتیە ناسراوەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەتی خانمانی چالاکوان لە هۆشیارکردنەوەی خانمان لە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک چییە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ، تاووتوێی پرسی گرنگی ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانە و پێش وەختە بۆ شێرپەنجەی مەمک دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- دکتۆر سۆزان هۆشيار قادر، بەڕێوەبەری سەنتەری مەمک لە شاری هەولێر.
2- دکتۆر موعەزەز غازی، پزیشکی پسپۆڕی تیشک و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی مەمک.
3- چنار سنجاوی، لێپرسراوی بەشی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
4- ڕێزان شێخ دلێر، چالاکوانی ژنان.
Your browser doesn’t support HTML5
د. چنار سنجاوی:
"ئێمە هەموو جارێک وتومانە لە شێرپەنجە مەترسە لە درەنگ دەستنیشانکردنی بترسە. دەستنیشانکردنی پێش وەختەی نەخۆشی شێرپەنجە وەها دەکات کە لە کوشندەیی نەخۆشییەکە کەمبکرێتەوە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە کە بتوانرێت سیستمی(سکرینینگ-پشکنینی پێش وەختە) بۆ شێرپەنجەی مەمک لە عێراق و کوردستان بکرێت، بەداخەوە زۆر هەوڵمانداوە، بەڵام من چۆن دەتوانم بیکەمە ئیجباری هاوشێوەی وڵاتان کە خانمان دوایی بێن بۆ پشکنین، بەڵام ئامێری مەمۆگرافی لە نەخۆشخانەکاندا نەبێت، بەهۆی باری داراییەوە، ئێمە با بنەمایەک دابنێین کە ئامێری مەمۆگرافی بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکەین، ئەو کات دەتوانین بیکەینە ئیجباری، ئەو ئامێرانەشی هەن بۆ نەخۆشییەکە کەمن چ جای ئەوەی خانمان بێن بۆ پشکنینی پێش وەختە."
"بەهۆی ئەوەی ئامێری مەمۆگرافیمان نییە لە نەخۆشخانەی حکومی یان لەکارکەوتون، کاتێک هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی خانمان بۆ خۆپاراستن و پشکنینی پێش وەختە بۆ (مەمک) دەکەین بە خەجاڵەتییەوە ئەو هەڵمەتە دەکەم چونکە ئەنجامی نییە."
د.چنار سنجاوی بە پێکەنینەوە باسی ڕووداوێکی ڕاستەقینەی کرد وتی،" دوو ساڵ لەمەوبەر ژنێک هات بۆ لام پێی وتم لەسەر هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەکەی تۆ هاتووم بۆ پشکنین، منیش دڵم بەوە خۆش بوو کە کاریگەری هەبووە، بەڵام کە پێم وت پێویستت بە مەمۆگرافییە لەم نەخۆشخانەیەی حکومەت نییە دەبێت بچیت لە دەرەوە بیکەیت، ئەو ژنە پێی وتم کە لە خەستەخانەی حکومەت ناتوانین پشکنین بکەن و دەمانێرن بۆ دەرەوە ئەی بۆ لە تەلەفزیۆن ڕیکلامی بۆ دەکەن؟!ئیتر زۆرم پێ ناخۆش بوو بەڕاستی! هیوادارم قسەکانم کەسی نیگەران نەکردبێت چی بکەین ئەوە ڕاستییە دەبێت بیڵێین."
"هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار یارمەتیمان بدەن، چونکە ئامێری مەمۆگرافی ئەوەندە گران نییە حکومەت نەتوانێت بۆ نەخۆشخانەی دابین بکات. جا ئێمە ئەو ئامێرەمان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە نییە چ جای بۆ (سکرینینگ، پشکنینی پێش وەختە)، ئەوە ساڵێکە ئامێری مەمۆگرافییەکەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر کە نەخۆشخانەیەکی گەورە و گشتییە تەنانەت سۆنەرەکەشمان شکاوە ناتوانین بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک بەکاریبهێنین، هەرچەندە هاواردەکەین هەمووی بەڵێنمان پێدەدەن بەڵام کەس نایەت بەدەممانەوە و هەر بەڵێنە، ئەمەش زیانی گەورەی لە توشبووانی شێرپەنجەی مەمک داوە کە درەنگ دەستنیشان بکرێت یان ئێمە نەتوانین قۆناغەکەی بزانین و چۆن چارەسەری بکەین، چونکە نەخۆشی وەها هەیە ناتوانێت لە دەرەوە بیکات، نە ڕێکخراو نە وەزارەت هاوکارمان نییە، بیانووەکە بوونی قەیرانی داراییە، خۆ قەیرانیش نەبوو هیچ نەکرا، پێشتر دەیانوت قەیرانی سیاسی هەیە یان قەیرانی داعش، هەر جارە و قەیرانێک باس دەکەن، هەر بەو هیوایەوە دەژین بەشکم ئینشائەڵلا جێبەجێ بکرێت."
"لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان لە 23%ی توشبوانی شێرپەنجە، شێرپەنجەی مەمکە، کە ئەمە بەڕاستی ڕێژەیەکی بەرزە لە ناو ئەو هەموو ئەو جۆرە شێرپەنجەیە زۆرە چارەکێکی شێرپەنجەی مەمک بێت."
د. موعەزەز غازی:
"بە خۆشحاڵییەوە خانمان زۆر دێن بۆ پشکنینی پێش وەختەی مەمک، بێ ئەوەی نیشانە و ئازاریان هەبێت. ئێستا خانمان هۆشیاری زۆر باشیان هەیە، نرخی پشکنینەکەکە لەچاو وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و دەرەوە لەکوردستان گران نییە و زۆر باشە."
"نرخی پشکنینەکان نیواونیو داشکاندنی بۆ کراوە هەتا خانمان بێن پشکنین و سکرینینگ بکەن، و سۆنەریشی بۆ کراوە هەتا ئەو نەخۆشییە بە زوویی دەستنیشان بکرێت چونکە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک زۆر بەربڵاوە. من بۆخۆم لە نەخۆشخانەی نانەکەلیش دەوام دەکەم دەبینم چەند بەربڵاوە و ترسناکە، ئەگەر لە قۆناغەکانی سەرەتا دیاری نەکرێت، موستەحیلە ژنێک بێت بۆ پشکنینی مەمک ئەگەر پارەشی پێ نەبوبێت نەمانهێشتووە بڕوات هەتا پشکنینەکەمان بۆ کردووە بە خۆڕایی، چونکە ئەوە زۆر گرنگە لە سەرەتادا دیاری بکرێت."
د. سوزان هوشيار قادر:
"ئاستی نەخۆشی شێرپەنجە، بە تایبەت شێرپەنجەی مەمک لە ئاستی جیهان و کوردستانیش بەرزە، هۆکاری پیسبوونی ژینگە و خۆراکی نادروست و هۆکاری نادیار یان خێزانی ئەوانە هۆکارن. پشکنینی پێش وەختەش بۆ ئێمە وەک پزیشک زۆر گرنگە، چونکە دەتوانین لە قۆناغی یەک و دوو دیار بکرێت ئەو کات چارەسەری زۆر ئاسانە. ئاسانترین پشکنینیش پشکنینی مانگانەیە کە خانمان خۆیان دەتوانن ئەنجامی بدەن لە ماڵەوە."
"ڕاستە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک زیاتر خانمان تووشی دەبن بە ڕێژەی 99% بەڵام لە 1%یش پیاوان تووشی دەبن. پیاوان سوڕی مانگانەیان نییە بۆیە ئەوان دەتوانن هەر ڕۆژێک لە هەموو مانگەکان دیاری بکەن و پشکنینی خودی بکەن بۆ مەمکەکانیان، پیاو زووتر هەستی پێدەکات، چونکە بە سرووشتی پیاو مەمکی نییە و فلاتە، ڕەنگە لەکاتی جل گۆڕینیش هەستی پێبکات."
"ئەمساڵ کە ئێستا مانگی یانزەیە، پێنج حاڵەتی شێرپەنجەی مەمکی پیاوان لە سەنتەری مەمکی شاری هەولێر دەستنیشانکراوە، هۆکاری توشبوونی پیاوان بە شێرپەنجەی مەمک وەک باس دەکرێت، زیاتر هۆکاری هۆڕمۆنییە، بۆماوەییە، یان ئەو هۆڕمۆنەی بۆ لەشجوانی بەکاردەهێنن کە تووشی شڵەژانی هۆڕمۆنییان دەکات، هەرچەندە تا ئێستا بە وردی هۆکاری توشببونی پیاوانیش بە شێرپەنجە دیار نییە، ئێمە هەموو کات وتومانە شێرپەنجەی مەمک تەنها ئافرەتان تووشییان نابێت، بەڵکو پیاوانیش تووشییان دەبێت."
"ئەوەی گرنگە دابینکردنی ئامێری پشکنینە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی مەمک، بۆ ئێمە ناخۆشە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بکەین و نەخۆش بێتە لامان و پێی بڵێین بڕۆ لە سەنتەرێکی دەرەوە بیکە، نەخۆشەکە بە هەناسە ساردییەوە بنێرینە سەنتەرێکی ئەهلی."
"ئێمە لە سەنتەری منداڵبوون مەمۆگرافیمان هەبوو هێنامان بۆ سەنتەری مەمک، بەڵام نزیکەی هەشت مانگە لەکارکەوتووە چونکە ڤێرژنەکەی زۆر زۆر کۆنە لە 2004وەیە. خێرخوازێک ئامێرێکی هێناوە، بەڵام چونکە شارەزایی نەبووە هەموو بەشەکانی نەهێناوە."
لەکارکەوتن و نەبوونی ئامێری مەمۆگرافی زیانی زۆری داوە لە تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک، چونکە ڕۆژانە نزیکەی 50 نەخۆش پێویستی بە مەمۆگرافییە، بەڵام نیمانە بیکەین بۆی، ناچار دەیانێرینە دەرەوە بیکەن."
پشکنینی مانگانە چۆن دەکرێت؟
د. سوزان هوشيار قادر دەڵێت، پشکنینەکە تەنها سێ خولەک دەخایەنێت، لە هەفتەی دووەمی دوای سوڕی مانگانە ئافرەتان دەتوانن ڕۆژێک دیاری بکەن، بەڵام بۆ ئەو ئافرەتانەی بە تەمەنن یان سک پڕن لە مانگەکەدا ڕۆژێک خۆی مانگانە دیاری بکات، پشکنینەکە بەم جۆرە دەکرێت(ئافرەتەکە لە بەردەم ئاوێنەکە ڕادەوەستێت و سەیری گۆی مەمکەکانی دەکات، دواتر هەردوو دەستی بەرز دەکاتەوە چەند خاڵێکی گرنگ هەیە دەبێت دیقەتی بدات، هەبوونی گرێ لە یەکێک لە مەمکەکان، چرچ بوون یان چاڵبوون یان چونەژوورەوەی گۆی مەمکەکان یان ئەوەی ڕەنگی مەمکەکانی گۆڕاوە، یاخود جاری واش هەیە گرێ لە بنباڵی هەست پێدەکات، بەس بوونی ئەو نیشانانە واتای شێرپەنجە نییە ئەوە تەنها پشکنینی سەرەتاییە، دواتر بەدەستی ڕاستی بەشێوەی بازنەیی پشکنین بۆ مەمکی چەپی دەکات کە لەگۆی مەمکیەوە دەستپێدەکات، وە بۆ مەمکی ڕاستیشی بەدەستی چەپ دوای تەواوبوونی، زۆر بە نەرمی گۆی مەمکی دەگوشێت تا بزانێت چ شلەمەنییەک لە گۆی مەمکی دێتەدەرەوە. ئەوە زۆر بەکورتییە، ئێمە بەردەوام هەڵمەتی هۆشیاری بۆ خانمان ئەنجامدەدەین جگە لە هۆشیارکردنەوەیان بۆ پشکنینی پێش وەختە پێشیان دەڵێین لە شێرپەنجە نەترسن و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن هەتا پێش وەختە لە قۆناغی سەرەتادا دەستنیشان بکرێت."
ڕێزان شێخ دلێر:
"بەداخەوە ئێمە فێر نەکراوین کە پشکنینی پێش وەختە بکەین، بە تایبەت نەخۆشییەکی گرنگی وەک شێرپەنجەی مەمک، مادام ئێستا ئێمە دەبینین کە ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکی ژنان زیادیکردووە ئەمە بۆخۆی زەنگێکی مەترسیدارە، ئێمە هەمیشە باس لە ڕووبەڕوونەوەی توندو تیژی و نایەکسانی دژ بە خانمان دەکەین، بەڵام با ئیتر بێینە سەر بارە تەندروستییەکە کە سەرەڕای ئەو هەموو ئازارە، ئازاری شێرپەنجەی مەمکیشی بێتەسەر، ئەو پزیشکە بەڕێزانە ئاگادارن بەشێک لەو ژنانە کە لە نەخۆشخانەکاندا دەکەون هێشتا چارەسەرییان وەرنەگرتووە وەرەقەی تەڵاقنامەکەیان بۆ دەنێرن یان دەردەکرێن و مناڵییان لێوەردەگیرێتەوە."
"لە هەر کوێیەک ئەم پزیشکە بەڕێزانە بۆ هۆشیارکردنەوە پێویستمان بە ئێمە بوو وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بوو من ئامادەم. لە دوای ئەم بەرنامەیەوە وە بە ناوی هەموو ژنانی چالاکوانەوە بەڵێن دەدەم هاوکاری ئێوە دەکەم، وە هاوشێوەی ئەم بەرنامەیەی بەشی کوردی کە گرنگی داوە بە باسکردنی بابەتی تەندروستی خانمان من بەرزی دەکەمەوە بۆ ئەنجومەنی باڵای خانمان و ڕێکخراوەکانی ژنان کە ئەمساڵ لەم چەند ڕۆژەی پێش 25ی نۆڤەمبەر و دواتریشی بایەخ بە باسکردنی هۆشیارکردنەوەی تەندروستی مەمکی خانمان بدرێت و بکرێتە یەکێک لە بابەتەکانی باسکردن."
"بەداخەوە سندوقی هاوکاری شێرپەنجە هەیە کە ڕێکخراو و کەسایەتی خێرخواز هاوکاری دەکات من کاتێک پەرلەمانتار بووم زۆر ئەم گرفتەم ڕووبەڕوو دەبووەوە کە حکومەتی هەرێم وەک پێویست پارەی ئەم سندوقە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بەکارناهێنێت."
"دوای ئەوە ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەندین، شیرینی گرێبەستی نەوت هەیە با بیخەنە بواری خزمەتی ژنان بۆ ڕێگریکردن لە تووشبون بە شێرپەنجەی مەمک، ئەم هەموو کۆنگرە و سیمینار و شتەی حزبەکان و حکومەت دەکرێن بەلانی کەم هەر یەکەی پارەی چوار ئامێری مەمۆگرافی تێدەچێت، بۆیە بەڕاستی دۆخی ئابوری هێندە خراپ نییە ئەگەر خراپ ببوایە لە پێشدا کاریگەری لەسەر ئەو شتانە دەکرد نەک ئامێرێکی گرنگی وەک مەمۆگرافی، بەڵام ئەوە ئیتر گوێنەدانە بە هاووڵاتی و ژنان."