بەخشینی هەناری هەڵەبجە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە چوارچێوەی کارەکانی چوارەمین کۆڕیەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، خۆشحاڵی ئیدارەی هەڵەبجەی لێدەکەوێتەوە و بە پشتیوانیەکی بەهێز باس دەکرێت بۆ زیاتر دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی هەناری شارەکەیان.
نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو هەنارانەی کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە بەخشراون بە بۆریس جۆنسن هەناری هەڵەبجە بوون. ئەو لە پانێڵەکەیدا باسی لە هەناری هەڵەبجەی کرد. دەستخۆشی لەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەو دیاریەی پێ بەخشی. پێویستە حکومەتی هەرێم پلانی بەرفراوانتر بۆ هەموو هەناری کوردستان دابنێت."
قائیمقانی هەڵەبجە وتیشی، "سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گرنگی باشیان پێدراوە. هەڵەبجەش بەهۆی جوگرافیاکەیەوە ناوچەیەکی گرنگە بۆ ئەم پلانەی حکومەت، کە پێویستی بە پشتیوانی فراوانترە تا هەناری هەڵەبجە بکرێتە بڕاند و بۆ وڵاتانی دەرەوەش هەناردە بکرێت."
ڕۆژی دووشەمە لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی پانێڵەکانی چوارەمین کۆڕیەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سندوقێک هەنار و هەنگوینی کوردی بەخشی بە بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا.
مەسرور بارزانی لەسەر سەکۆی کۆڕبەندەکە بە بۆریس جۆنسن دەڵێت، "سندوقێک لە هەناری کوردستان و هەنگوینی خۆمانت بە دیاری پێدەدەم. ئەمانە باشترین دیارین کە پێتی دەبەخشین بەخێربێیت."
لە وەڵامدا سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا دەڵێت، "هەنارەکانم بۆ بهێنن. گوێم لێ بووە هەنگونێکی زۆرباشتان هەیە. سوپاستان دەکەم."
بەهۆی بوونی کواڵیتی بەرزی هەناری هەڵەبجە و ئەو خواستەی لە ناوخۆی هەرێم و عێراق لەسەریەتی، چەند کۆمپانیایەکی ئەوروپی دوای پشکنین بۆ هەنارەکان ئەمساڵ دەستیان بە کڕینی کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا، ئەمساڵ نزیکەی 160 تەن لە هەناری هەڵەبجە بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و سوید هەناردەکراون.