بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکا لە عێراق هەشت چەکداری سەر بە ئێران دەکوژرێن و بەغداش ناڕەزایی دەردەبڕێت

سەرچاوە ئەمەریکایی و عێراقییەکان ڕایانگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا دوو ئامانجیان لە عێراق پێکاوە و هەشت چەکداری لایەنگری ئێرانیان کوشتووە، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

دوو هێرشەکە دوای بۆردومانی هاوشێوەی هێزەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژی سێشەممەدا هاتە ئاراوە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە شەرمەزار کرا و گوتی، سەبارەت بەو چالاکییە سەربازییەی لەسەر خاکی وڵاتەکەی ئەنجامدراوە، ڕاوێژیان پێنەکراوە.

ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (CENTCOM) لە کەناڵی ئێکس کە پێشتر لە تویتەر بوو، ڕایگەیاندووە، سوپای ئەمەریکا "هێرشی جیاو وردی دژی دوو دامەزراوە لە عێراق ئەنجامداوە".

لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتیشی " هێرشەکان وەڵامێکی ڕاستەوخۆبوون بۆ ئەو هێرشانەی دژ بە ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراوە."

یەکەکانی حزبوڵای کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکاندا هەشت چەکداری ئەو وڵاتە کوژراون.

پنتاگۆن ڕایگەیاند، چەند کاتژمێرێک پێشتر فڕۆکەیەکی جەنگی لە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی سەر بە ئێرانی داوە دوای ئەوەی مووشەکێکی بالیستیکی کورت مەودایان ئاراستەی کارمەندانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان کردووە.

ئەمە یەکەمجار بوو ئەمەریکا هێرشی بۆ سەر هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق ڕابگەیەنێت، لەو کاتەوەی کە هێرشیان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە وەڵامی پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی لەناوبردنی حەماسدا.

هاوکات واشنتن گروپەکانی سەر بە ئێرانی لە سوریای دراوسێ کردووەتە ئامانج و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە سێ کاتدا هێرشی ئەنجام داوە.

بەرپرسانی پەنتاگۆن دەڵێن لەو کاتەوەی شەڕی غەززە بە هێرشێکی کوشندەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی مانگی دە دەستیپێکرد، لانیکەم 66 جار هێرشیان کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق و سوریا جێگیرکراون، دوایینیان شەوی دووشەممە بوو.

ژەنەڕاڵ پات ڕایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "دەتوانین هێرشێکی شەوی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە بەکارهێنانی مووشەکێکی بالیستیکی نزیک لە بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەد دژی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان پشتڕاست بکەینەوە، کە لە ئەنجامدا هەشت کەس برینداربوون و هەندێک زیانی کەمیش بەر ژێرخانی بنکەکە کەوتووە".

بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای بەغدا و شوێنی هێزەکانی هاوپەیمانە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە شەڕی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەن لە عێراق.

رایدەر ئاماژەی بەوەشکرد، "راستەوخۆ دوای هێرشەکە، فڕۆکەیەکی سەربازی ئەی سی-130ی ئەمەریکایی لە ناوچەکە هێرشێکی بەرگریی لەخۆی ئەنجامدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ژمارەیەک لە ئەندامانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە بەشداربوون لەم هێرشەدا. "

باسم ئەلعەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە "بەبێ ئاگاداری دەزگاکانی حکومەتی عێراق" ئەنجامدراون و پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوی سەروەری عێراقە."

بەڵام ڕەخنەی لەو گرووپانەش گرت کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە عێراقییەکان کە هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش بەکاریان دەهێنن.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەر کردەوەیەکی چەکداری یان چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازی ئیدانە دەکرێت و بە هەوڵێکی نایاسایی دادەنرێت کە بەرژەوەندی نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە.

سەبرینا سینگ جێگری گوتەبێژی پنتاگۆن لە واشنتۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، هێزەکانی ئەمەریکا "لە دوای 17ی تشرینی یەکەمەوە نزیکەی 66 جار هێرشیان کراوەتە سەر -- 32 جار لە عێراق و 34 جار لە سوریا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی نزیکەی 62 کارمەندی ئەمەریکایی، بەڵام ئەو ژمارەیە ئەو هەشت کەسەی تێدا نییە کە ڕایدەر ئاماژەی پێکردووە.

سەرچاوە: فرانس پریس