محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت دەبێت حکومەتی هەرێم وەک گوشارێک ڕێگری بکات لەوەی عێراق نەوت بۆ تورکیا هەناردە بکات تا بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچەی هەرێم لەگەڵ هەولێر بگاتە ڕێککەوتن.
محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی خەڵکی بداتەوە، ڕاستە لە بەغدا بودجەی هەرێم بڕاوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەرپرسە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئێستا گوێمان لێیە کە نەوت لە عێراقەوە بچێتە دەرەوە بۆ تورکیا. ئەگەر عێراق نەیەت چارەسەری کێشەی بودجە و مووچەی هەرێم بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان چون دەبێت ڕازی بێت نەوت بچێتە دەرەوە؟ دەبێت حکومەتی هەرێم ڕێگە نەدات ئەو نەوتە بچێتە دەرەوە، تا جارێکی دیکە ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێتەوە."
دوای ئەوەی لە مانگی 3ی ساڵی 2023 دا عێراق سکاڵایەکی لە ژووری پاریسی دادگای نێوبژیوانی لە تورکیا بردەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی نێوانیان، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا و قەیرانی دارای لە هەرێمی کوردستان قووڵتر بووەوە.
لەوکاتەوە حکومەتی هەرێم دەیان شاندی ناردووە بۆ بەغدا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک لەگەڵ حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێم بەغدا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە یاری بە کات دەکات و بابەتی مووچەی هاوڵاتیانی کوردستانی تێکەڵ بە ململانێی سیاسی کردووە و دەیەوێت هاوڵاتیانی هەرێم "سزا" بدات.
بەهۆی دواکەوتنی بەردەوامی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە، زۆربەی قوتابخانە حکومیەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە دوو مانگە داخراون و مامۆستایان بایکۆتی دەستپێکردنەوەی دەوامیان کردووە.
لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان، كەمال محەممەد وەزیری وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت دوێنێ، 2023-11-21، بە تەلەفزیۆنی کوردستان 24ی وت، "پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوت هناردەبکرێتەوە."
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێیوایە "عێراق بە عێراقیمان نازانێت چونکە نە خزمەتگوزاریمان بۆدەکات نە بەدەممانەوەیە و ئەوە سێ مانگە و مووچە و بودجەی بڕوین لەکاتێکدا هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق مافەکانی خۆیان وەردەگرن."
ئەو بەتایبەت ڕەخنەی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق هەیە کە بەرزترین دەزگای دادوەرییە لە عێراق و ئەرکی بریتییە لە شیکردنەوەی بڕگەکانی دەستور و بڕیاردان لەسەر دەستووری بوونی یاسا و ڕێساکان، وە هەروەها بڕیارەکانی پابەندکەرن و ناتواندرێت تانەیان لێبدرێت.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دادگاکە چەندین بڕیاری هەژێنەری بەرامبەر بە کورد و سوننە دەرکردووە کە دیارترینیان بریتین لەمانە: لە ڕۆژی 15-2-2022 داگاکە بڕیاریدا بەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم و هەناردەی نەوتی هەرێم نادەستورییە؛ لە ڕۆژی 30-5-2023 بڕیاریدا بەوەی کە درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە؛ وە لە 24-9-2023 بە هەمانشێوە بڕیاری نادەستوری بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی دا.
لە دوایین بڕیاریشیدا دادگاکە لە ڕۆژی 14-11-2023، بە زۆرینەی دەنگی دادوەرەکانی محەمەد حەلبوسی لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە.
محمدی حاجی مەحمود سەبارەت بە دادگای فیدڕاڵی دەڵێت، "ئەو دادگایە کاتی خۆی پۆل بریمەر دایناوە، ئێستا هەر بڕیارێک دەردەکات لە عێراق جێ بەجێ دەکرێت. من گلەیم لە کورد خۆی هەیە بەرامبەر بە بڕیارەکان ڕەنگە لاوازبێت، یان بێدەنگ بێت. ئێستا عێراق کورد بە عێراقی نازانێ، بەڵام هەموو کورد شین بۆ عێراق دەکات، هەموو ئەگرین و دەڵێن عێراقین و بە شان و باڵای عێراق هەڵدەدەن."
لادانی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە، بەڕای ممدی حاجی مەحمود، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حەلبوسی لە ڕوکەشدا لەگەڵ هەموان بووە و بەڵام لەواقدا تەنها لەگەڵ خۆی بووە.
ئەو دەڵێت، "حەلبوسی لەناو حیزبەکەی خۆشی کێشەی هەبووە. ئەو لە هیچ بڕیارێکدا لەگەڵ کوردا نەبووە، لەوهەموو بڕیارەکان لەگەڵ هەمواندا بووە، دواتر لەگەڵ کەسیاندا نەبووە لەگەڵ خۆی بووە بەتەنها. بەهەموو وڵاتانی ئەوروپا وئەمەریکای ووتووە لەگەڵتانم بەڵام لەگەڵیان نەبووە، لە بڕیارەکانی دژی کوردیش درێغی نەکردووە."
سەبارەت بە جێگرەوەی حەلبوسی محمدی حاجی مەحمود دەڵێت، "جێگرەوەی هەر لە سوننە دەبێت. ئەوانیش 6 کاندیدیان هەیە، ئەو کەسەی دادەنرێت سوننەبێت یان شیعە، کە ئەگەیتە کورد و عەرەب ئەوان هەموویان عەرەبن."
لێدوانەکانی محەمەدی حاجی مەحمود لە کاتێکدایە کە ئەم هەفتەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەکانیان لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک کۆکبوون لەسەر ئەوەی سیستەمی فیدڕاڵییەت لە عێراق جێبەجێ نەکراوە و "عەقڵییەتێک" لە بەغدا باوەڕی بە چڕکردنەوەی دەستەڵاتەکان هەیە لە ژێر چنگی حکومەتی ناوەند.
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کە چەندین مانگە درێژەیان کێشاوە، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی وتی، "بێگومان ئەنجامەکانی گفتوگۆ تا ئێستا، تا ئێستا، لە ئاستی خواست و چاوەڕوانییەکانی هەرێمی کوردستاندا نین."
بەڵام سەرەڕای ئەمە نێچیرڤان بارزانی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی بە "کارێکی زۆر گرنگ" و "تاکە ڕێگەی ڕاست" دانا بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا و داوایکرد پەلەبکرێت لە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سێ بەرپرسە باڵاکانی هەرێم سەرەڕای بێزارییان لە ئاست ئەنجامەکانی گفتوگۆ لە بەغدا، بەڵام هەڵوێستەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان بە ئەرێنی وەسفکرد.
بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود گومانی خۆی لەسەر توانای محەمەد شیاع سودانی دەربڕی و وتی، "سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاستە ناوی محەمەد سودانیە بەڵام بڕیار لای ئەو نیە و پێم وایە هیچ دەسەڵاتێکی نیە. بڕیار یان لای ئیدارەی دەوڵەتە یان چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوان بڕیار دەدەن. ڕاستە وەک عێراق دەچێتە ووڵاتان دەنا لەناو عێراق هیچ بڕیارێکی پێ نادرێت."
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێیوایە لە ئێستادا دەبێت پارتی و یەکێتی کار لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکیە بنەڕەتییەکانیان بکەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت "یەکێتی و پارتی هەردەبێت ڕێکبکەون، چونکە هەردوولایان زەرەرمەندی یەکەم دەبن لەو دۆخەی کە هەیە."
Your browser doesn’t support HTML5