ئایندەی ڕاگەیاندنی چاپکراو بەرەو کوێ؟

لەگەڵ بەرەو پێشچوونەکانی تەکنۆلۆژییا، لە سەرتاسەری دینا وەک دەڵێن جێ بە ڕۆژنامە و گۆڤار و تەنانەت کتێبیش لێژبووە. بەشێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان داخران و ئێستا بڵاوکراوەکانیان لە ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیاکان بڵاودەکەنەوە، بەشێکیش لە نووسەران کتێبەکانیان دەکرێنە ئەلیکترۆنی و لەسەر ئنتەرنێت دەفرۆشرێن. هەرێمی کوردستانیش هەرچەندە لە کاریگەری ئەم گۆڕانکارییە بەدەرنەبووە، بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر هەن کە پێییان وایە خوێندنەوەی نووسین و بینینی وێنەی سەر پەڕەکان چێژ و بۆن و تامی خۆی هەیە، وە پێشکەوتنەکانی سەر ئنتەرنێت چەندە زۆربن جێی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب ناگرنەوە.

دەپرسین :
دۆخی ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپکراوەکان لە کوردستان چۆنە؟
ئایا ڕۆژێک دێت بەهۆی تەکنۆلۆژیاوە بە تەواوی کۆتایی بە گۆڤار و ڕۆژنامە بێت؟
ئایا سوود و زیانەکانی ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەلیکترۆنییەکان چین؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی ئایندەی ڕاگەیاندنی چاپکراو دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- سەلام عەبدوڵا، سەرنوسەری ڕۆژنامەی خەبات.
2- تاریق فاتیح، خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری ڕۆژنامەی هاووڵاتی.
3- دکتۆر ڕێبەر فەتاح، بەڕێوەبەری ئاژانسی خانی لە دهۆک.
4- دکتۆر مەعد عاسی،مامۆستا لە کۆلێژی ئاداب لە بەشی ڕاگەیاندنی کەرکوک.
5- دکتۆر بەرهەم خالید، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی.

Your browser doesn’t support HTML5

ئایندەی ڕاگەیاندنی چاپکراو بەرەو کوێ؟

سەلام عەبدوڵا:
"مێژژوی ڕۆژنامەی خەبات هی 64 ساڵە، ڕاستە بڵاوبونەوەی ئیتەرنێت و تەکنۆلۆژیا و ئاسان دەست گەیشتن بە هەواڵ زیادیکردووە و کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی خوێنەری چاپکراویان هەبێت، بەڵام نەبووەتە هۆی ئەوەی کە نەمێنن، بەڵکو تا ئێستاش بەردەوامە و خەڵکانێک هەن کە چێژ لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و کاغەز دەبینن تا وەک ئەوەی لەسەر وێب سایت و فەیسبوک سەیری بکات، هەر لەبەر ئەوەشە وایکردووە ئێمە بەردەوامی بدەین بە دەرکردنی ڕۆژنامەکەمان، ڕاستە لەڕووی ژمارەوە لەچاو پێشتر کەمێک کەمی کردووە، جاران 5-6 هەزارمان دەرکرد ڕۆژانە، ئێستا نزیکەی 4 هەزارە، واتا جیاوازییەکە زۆر نییە و نەشمان بیستووە خەڵک بڵێ ڕۆژنامەکە ناکڕم چونکە لە وێب سایت دەیخوێنمەوە."

تاریق فاتیح:
"ئێمەش وەک ڕۆژنامەی(هاوڵاتی) تا ئێستا خوێنەری خۆممانمان هەیە کە دەیەوێت لەسەر کاغەز بیخوێنێتەوە، جگە لەوەی کۆمەڵێک نووسەر و لێکۆڵەر هەن بە هەمان شێوە دەیانەوێت بابەتەکانیان لە ڕۆژنامەی کاغەز بڵاوبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژنامەی کاغەز لە ڕووی پاراستن و ئەرشیفکردنەوە سەلامەتترە، چونکە هەندێک جار تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پەیجەکان و وێب سایتەکان بابەتەکان دەفەوتێن و نامێنن، ئێستا هاوڵاتی هەفتەی یەکجار لە ڕۆژانی چوارشەممان دەردەچێت و تیراژەکەی 500دانەیە، نایشارمەوە دوای ئەوەی بیست ساڵ تێپەڕی بەسەر دەرکردنی ڕۆژنامەکەمان ڕاپرسییەکمان لەناو خوێنەران و دۆستاندا کرد، فشارێکی زۆرمان لەسەربوو کە ڕۆژنامەکە بە کاغەزی چاپکراو بهێڵینەوە، چونکە تا ئێستاش داواکاری لەسەرە."

دکتۆر ڕێبەر فەتاح:
"من پێش ساڵێک سەرنووسەری ڕۆژنامەی(ئەڤڕۆ)بووم، بەڵام هەموومان دەزانین گۆڕانکاری گەورە بەهۆی سۆشیاڵ میدیا و ئینتەرنێتەوە بەسەر کۆمەڵگا و وەرگردا هاتووە، تەنانەت ئێستا بەهۆی فەیسبوک و ئینستگرام و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش کاریگەری لەسەر تەلەفزیۆن کردووە، خەڵک لە مۆبایلەکەی دەستییەوە دەتوانێت شتەکان هەمووی ئەوەی دەیەوێت لە زوترین کاتدا وەربگرێت، هەتا پێش کۆرۆنا ئەو کات ڕۆژنامەی ئەڤڕۆ 4000-4500 بوو، بەڵام ئەمڕۆ فرۆشی ڕۆژنامەی ئەڤڕۆ 250 زیاتر نییە لە بازاڕدا، ئەویش فەرمانگە فەرمییەکان یان کەسێک ئاگاداری و بانگەوازی بڵاوکردۆتەوە، خوێنەری ڕۆژنامە(کاغەز) بە کتێب و گۆڤاریشەوە دەتوانم بڵێم ساڵ بەساڵ کەمتر دەبنەوە بەهۆی ئەوەی ئەوانەی ئێستا حەزیان لەو جۆرە خوێندنەوەیەیە یان دەمرن یان بەساڵدا دەچن ، کە بەبڕوای من ڕێژەکەی ناگاتە لە 5%ی خوێنەر، بەڵام خوێنەری ئینتەرنێت و شاشە دەتوانم بڵێم لە 90% زیاتر."

دکتۆر مەعد عاسی:
"بێگومان کاریگەری ڕۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی زۆرە لەسەر ڕۆژنامەگەری چاپ، بەڵام بەو مانایە نییە کە بڵێین نامێنێت، چونکە لە دروستبوونی تەلەفزیۆنیش هەروابوو دەیانوت ڕادیۆ نامێنێت، بەڵام ئەوەتا تا ئێستاش ماوە، ئەوەی هەیە ڕۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی خێراییەکەیەتی لە گەیاندن، بۆ نمونە وەرگری ئەمڕۆ لە ڕێگای مۆبایل و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان یەکسەر ڕووداوکانی پێدەگات، چاوەڕێ ناکات تا سبەی ڕۆژنامە و گۆڤار دەربچێت، هەواڵەکەی پێبڵێت، ئێمە لە زانکۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و نووسینیشمان کردووە لەسەر کاریگەری ڕۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی بەسەر ڕۆژنامەگەری چاپدا دەرکەوتووە لە 70% ڕۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی کاریگەری هەبووە بەسەر چاپەمەنییەکانەوە، جاران خەڵک هاوبەشی دەکرد لە کڕینی ڕۆژانە، ئێستا ئەوەی دەیکڕێت بۆ ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی دادگا و ئاگادارییەکان دەیکڕن و هوبەشی ڕۆژانە نەماوە تەنانەت فەرمانگەکانیش هەر بۆ ئەو مەبەستە دەیکڕن."

دکتۆر بەرهەم خالید:
"کاریگەری ڕۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی بەسەر چاپکراوەکاندا لە کوردستان و لە جیهاندا زۆرە بەسەر نەک بە تەنها ڕۆژنامەگری چاپکراودا، بەڵکو کاریگەری کردۆتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانیش دروستکردووە، بەڵام بەدڵنیایی تا ئێستاش کۆمەڵە کەسانێک هەن چێژ لە خوێندنەوەی لاپەڕەکان دەبینن، ئەگەر سەیری بکەین لە ئەوروپا لە ناو میترۆ و گواستنەوە و شوێنە گشتییەکاندا خەڵک ڕۆژنامەی بەدەستەوە ماوە دەیخوێنێتەوە، بۆیە بوونی ئەو ڕۆژنامانە و خوێنەرەکانیان ماوەتەوە سەر ئەو ناوەڕۆکانەی کە بڵاوی دەکەنەوە، چونکە ئەوەی حەوسەڵەی خوێندنەوەی هەبێت بێگومان لەسەر شاشەکان حەوسەڵەی خوێندنەوەی نییە، بە مەرجێک ئەو بابەتانەی کە هەن زیاتر بن لەو هەواڵە کورتانەی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەبنەوە و خەڵک نایەوێت لە چەند دەڕێک زیاتر لەوێ بخوێنێتەوە."