هەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکانی یۆنامی لە عێراق

تیمێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 6 ی مانگی یانزەوە لە عێراقە و بڕیارە هەتا 27 ی هەمان مانگ لە وڵاتەکە بمێنێتەوە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنێکی ورد و چڕ بۆ ڕۆڵ و چالاکی و کارکانی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی). تیمەکە کە ناودێرکراوە بە "تیمی سەربەخۆ بۆ پیاداچوونەوەی ستراتیجی بە ئەرکەکانی یۆنامی، بەپێی بڕیاری ژمارە 2682 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 بەم ئەرکە هەڵدەستێت. بەپێی بڕیارەکە دەبێت هەتا 31 ی مانگی سێی 2024 ڕاپۆرتی خۆی لەو بارەیەوە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش.

فالکا پێاتس، سەرۆکایەتی تیمەکە دەکات و هەتا لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها ڕۆژنامەوانان و ڕێکخراوە سیڤیلییەکان بۆ ئەو مەبەستە کۆبووەتەوە.

دەپرسین:
ئەرکەکانی یۆنامی چین و کام لەو ئەرکانەیان بە ئەنجام گەیاندووە؟
لایەنە ئەرێنی و نەرێنی یۆنامی چین؟
کارەکانی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟
ئەگەربێت و کۆتایی بە ئەرکەکانی یۆنامی بهێنرێت، نیگەرانییەکان چی دەبن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ هەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکانی یۆنامی لە عێراق دەکەین بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:
دڵشاد نامیق فەرەج، مامۆستای زانکۆ - ماستەر لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
هۆشیار عومەر عەلی، بەرپرسی ژووری دیپلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان.

Your browser doesn’t support HTML5

هەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکانی یۆنامی لە عێراق

سەعدی ئەحمەد پیرە:
"دەمێکە هەست بەوە دەکەین لە ناو عێراق لایەنە جیاوازەکانی عێراق بە فیتی وڵاتانی دەرەوە هەوڵدەدەن ڕۆڵی وڵاتانی هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەرەو کەمبونەوە و نەمان بەرن، کە ئەمە مەترسی زۆر لەسەر دروست دەکات، ئەزمونی هاوشێوەمان هەیە لە ساڵی 2010-2012 داوای چوونە دەرەوەی سوپای ئەمەریکا لە عێراق کرا، هێشتا ئەمەریکا نەکشابووەوە و هێزەکانی نەگەیشتبوونە کوەیت، کێشەی گەورە لە نێوان شیعە و سوننە بەرانبەرایەتی مالیکی و هاشمی دەستیپێکرد، بووە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی گەورە، ئەم جارە ترسە گەورەکە ئەوەیە کە هێشتا داعش و شانە نستووەکانی ماون، ڕۆژانە سنوورەکانمان بە پاساوی بوونی پەکەکە و ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆردومان دەکرێن، وە ئەو کێشەیەی نێوان سوننە و شیعە کە ئێستا هەیە، سەرەڕای ئەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، هەموو ئەو کێشانە پێویستی بە ئیدارەدانێکی بێ لایەن هەیە کە دامەزراوەیەکی وەک یۆنامی دەتوانێت بیکات ئەو ئیدارەیە، ئێستاش یۆنامی زۆر چالاکە، دەبینین خاتوو پلاسخارت ساڵانە لەسەر دۆخی عێراق و هەرێم لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان وتاری هەیە لەسەر دۆخی عێراق و هەرێم، کە ئێمە هەندێک جار ئەوەی دەیڵێت لەسەر هەرێم بەو جۆرە نییە، بەڵام ئەوە دەبینین وردە وردە خەریکە قسەکانی دێنەدی."

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

"هەموو پێشێلکارییەک لەسەر سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان یۆنامی لە عێراق شاهیدە، جاری وا هەیە خودی پلاسخارت سەبارەت بەکێشەی ئەو سنوورانە و پێشێلکارییەکان سەردانی تورکیا و ئێرانی کردووە، وە هەموو هەوڵێکیش بۆ بچوکردنەوەی هەرێمی کوردستان هەر شاهیدن، بۆیە ئەو سێ لایەنەی کە خۆشحاڵ نین بە مانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کوردستان، چونکە یۆنامی لە ڕاپۆرتەکانیدا تەنها نەک ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەردەخات، بەڵکو مەترسییەکانی سەر هەرێمیش دەردەخات، جگە لەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کە هەردوولامان شتێک خەتامان هەیە، بەڵام خۆ ناکرێت نزیکەی ملیۆنێک موچەخۆر بکرێنە بارمتە و موچەیان بۆ نەنێرێت، بۆیە یۆنامی ئەو بابەتەی زۆر بە جدی وەرگرتووە و کاری لەسەر دەکات بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغذاد و هەرێم یان لانی کەم موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان."

هۆشیار سیوەیلی:
"ڕاستە حکومەتی عێراقی داوای کردووە یۆنامی پێداچونەوە بە ئەرکەکانیدا بکات لە عێراق، بەڵام هەر وەک کاک سەعدی پیرە باسی کرد، کورد بە گشتی، وە من باسی بۆچونی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکەم کە بوونی یۆنامی و مانەوەیان بەم شێوەیە گرنگە ڕاستە ڕەنگە نەیتوانیبێت لە 20 ساڵی ڕابردوو هەموو ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێت، بەڵام کاری باشی کردووە، ئەگەر یۆنامی نەبووایە پرۆسەی سیاسی و ئاشتی لە عێراق بەو شێوەیە نەدەبوو، ڕەنگە لە دۆخێکی خراپتریش بووایە، وە لە ساڵی 2021یش، حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەو ئەرکە بۆ یۆنامی زیاد بکات کە هاوکاری کۆمسیۆن بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان

"هێشتا دۆخی سیاسی عێراق بەو جۆرە نییە کە ئێمە پێویستمان بە هاوکاری دەرەکی نەبێت، ئێمە لە ساڵی 2011ش داوامانکرد کە هێزەکانی ئەمەریکا عێراق جێنەهێڵێت، چونکە دەمانزانی عێراق پێویستی بە هاوکاری زیاتر هەیە."

"بۆچی هەندێک لایەنی عێراقی نایانەوێت یۆنامی لە عێراق و هەرێم بمێننەوە، چونکە دەبینین هەر سێ مانگ جارێک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر دۆخی عێراق و هەرێم ڕاپۆرتی هەیە لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەرێمی کوردستانیش دەکات هەرچەندە هەندێک جار ناوەڕۆکەکەی پۆزەتیڤ نییە بۆ ئێمە، بەڵام گرنگە لە ناوەندێکی وا گەورە باسی هەرێمی کوردستان بکرێت و باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بکرێت لە هەمان کاتدا."

"بۆ هەرێمی کوردستان هەروەها سەقامگیری ئاسایشی عێراق، مانەوەی یۆنامی بەو فۆڕمەی ئێستای ئەگەر کەم نەکرێتەوە ئەگەر زیاد بکرێت هێشتا باشتر و گرنگە، خۆشبەختانە لایەنە کوردییەکان هەمان بۆچونی هاوبەشمان لە بارەوەی مانەوەی ڕۆڵی یۆنامی لە عێراق هەیە."

هۆشیار عومەر عەلی:
"بابەتەکە لەوە هەستیارترە کە باس کرا، چونکە یۆنامی کە لێرەیە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لێرەیە، کە ئەرکێکی ئەنجومەنەکە بریتیە لە پاراستنی ئاسایشی جیهان، عێراقیش دۆخی باش نییە لە ڕووی ئاسایشەوە، ئەم داوایەی کراوە بۆ ئەوەی یۆنامی بە ئەرکەکانیدا کردووە زیاتر بۆ دابڕانی عێراقە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵبژاردن بە ڕاستی پێویستمان بە یۆنامییە، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەرکەکانی یۆنامی ل ەهەرێم فراوانتر بکرێن، یۆنامی ڕۆڵی باشی بینیووە لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی نێوان هەرێم، چەندین جار پلاسخارت نوێنەری لایەنەکانی کۆکردووەتەوە، تەنانەت لە ئۆفیسەکەی خۆیان لایەنە ناکۆکەکانی لەسەر یەک مێز کۆکردووەتەوە، من خۆم بۆچونم وایە یۆنامی لە عێراق دەمێنێتەوە، لە خراپترین حاڵەتدا ئەرکەکانی سنووردار دەکرێت، بەڵام گرنگە هەرێمی کوردستان بۆ یۆنامی ئێستا هەوڵی دروستکردنی لۆبی بدات لێرەوە لە ڕێگای نوێنەرایەتی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کە کونسوڵیان لە هەرێم هەیە بۆ مانەوەی یۆنامی لە عێراق و هەرێم، هەرچەندە ڕاستە حکومەتی عێراق داوای کردووە، بەڵام دواجار ئەنجومەنی ئاسایش بڕیار دەدات."

د.هۆشیار عومەر ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوکات کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان

"ئەرکی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق کە کوردن، دەبێت بە حکومەتی عێراق بڵێن ئەوە بە تەنها بۆچونی ئێوەیە نەک هی ئێمەی کورد کە پێویستمان بە یۆنامی نەماوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە نەمانی ڕۆڵی یۆنامی لە عێراق مەترسی دروست دەکات، بەداخەوە کورد هەموو جار شتە مەترسیدارەکان کاری بۆ ناکات تا دەگاتە دواسات، دەبوو لە پێش ئەم ماوەیە کاری لەسەر بکردایە نەک دوایبخات، چونکە بە نەمان یان سنووردارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان بە ڕاستی کورد زیاتر تەنها تر دەبێت."

مامۆستا دڵشاد نامیق فەرەج:

دڵشاد نامیق فەرەج

"دوای ئەو خۆپیشاندانانەی لە عێراق ڕوویان دا و چەندین خۆپیشاندەر کوژران، وە لەسەر بەڕێوەەچوونی هەڵبژاردنەکان نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی خۆی لەو بارانەوە هەبوو، ئەمە وەهایکرد لە هەندێک لایەنی عێراقی کرد کە تێڕوانین بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان بگۆڕێت و داوای سنووردارکردنی ڕۆڵەکەی بکەن، یۆنامی دامەزراوەیەکی گرنگە، دەرگای دەرەوەیە بۆ عێراق، داخستنی ئەم دەرگایەش داخستنی دەرگای عێراقە بۆ دەرەوە، چونکە لە 2003 و دوای ڕووخانی بەعس کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان هات بۆ کارکردن لە عێراق، ئیمتیازێکی گەورە بوو بۆ عێراق، بۆیە کەمکردنەوەی ڕۆڵی یۆنامی لە عێراق نەک تەنها داخستنی دەرگاکەی دەرەوەیە، بەڵکو کەمکردنەوەی متمانەی حکومەتی عێراقە لە دەرەوە."

"ترسی کورد سەبارەت بە داواکاری پێداچونەوە بە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق لە جێی خۆیەتی، ئەمە ئاڵنگارییەکە لە بەردەمماندایە، وەک کورد ئەوەیە ئەم گوتارە هاوبەشەی ئێستا لەم بەرنامەیەدا هەیە و دڵنیام لایەنەکانی تری کوردیش هەمان بۆچونیان هەیە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە نییە، گرنە ئەم گوتارە هاوبەشە لایەنەکان کاری لەسەر بکەن و کۆببنەوە لەسەری ، چونکە هەر وجودی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان وەک کیانێک دەرهاویشتەی بڕیارێکی نەتەوەی ەکگرتووەکانە."