سکرتێری گشتی ناتۆ داوا لە تورکیا دەکات ئەندامێتی سوید " بە زووترین کات" پەسەند بکات

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، پێویستە تورکیا "بە زووترین کات" هەوڵەکانی سوید بۆ ئەندامێتی ناتۆ پەسەند بکات.

ستۆڵتنبێرگ گوتیشی " سوید بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە تورکیا پڕۆسەی پەیوەستبوونەکە یەکلایی بکاتەوە."

تورکیا و هەنگاریا تەنها وڵاتانی ئەندامی ناتۆن کە هێشتا ئەندامێتی سویدیان لەو هاوپەیمانییە لەشکرییەدا پەسەند نەکردووە لە کاتێکدا 18 مانگ زیاترە ئەو وڵاتە خواستەکانی بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆوە ڕاگەیاندووە .

پەرلەمانی تورکیا لەم مانگەوە دەستیکرد بە مشتومڕکردن لەسەر هەوڵەکانی سوید بۆ بوون بە ئەندام، دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پاش ڕێککەوتنێک لە لوتکەی ناتۆ لە مانگی حەوتدا، پرۆسەکەی دەستپێکرد.

29 ئەندامەکەی دیکەی ناتۆ هیواخوازبوون بتوانن لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە بروکسڵ بە فەرمی پێشوازی لە سوید بکەن بۆ ناو هاوپەیمانییەکە.

بەڵام هێشتا پرۆسەکە لەسەر ئاستی لیژنەکانە لە پەرلەمانی تورکیا.

ستۆڵتنبێرگ دەڵێت "پێم خۆش بوو خێرایی زیاتر لە پرۆسەی پەسەندکردنەکەدا ببینم، ئەوە نهێنی نییە".

سەرچاوە: فرانس پرێس