لە ماوەی یەک هەفتەدا 3 کۆڵبەر دەکوژرێن و کۆڵبەرێکیش بە سەختی برینداردەبێت

هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامن لە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کۆڵبەران و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە ناوچەی سنووریی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان و ناوچەی سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە، 3 کۆڵبەر کوژراون و کۆڵبەرێکی دیکەش بە قورسی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، شەوی یەکشەممە، 26ی ئەم مانگە، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرەکان لە ناوچەی سنووریی نەوسوود لە نزیکەوە و بە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لێکراوە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی یاوەر وەیسی گیانی لەدستداوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی حەبیب ڕەزایی بە قورسی بریندار کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، یاوەر وەیسی تەمەن 28 ساڵ، باوکی 2 منداڵە و خەڵکی گوندی قوڵقوڵە لە شاری سەلاسی باوەجانی بووە.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها سەبارت بە دۆخی حەبیب ڕەزایی، کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ کە ڕۆژی یەکشەممە بە قورسی بریندار کراوە، بڵاویکردوەتەوە کە ئەو کۆڵبەرە تەمەن 52 ساڵە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی کرماشان لە ژێر چاودێری چڕدایە و بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکێک لە بڕبڕەی پشتی، باری تەندروستی ناجێگیرە.

هاوکات لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵ لە شاری بانە، ڕۆژی یەکشەممە، نەوجەوانێکی تەمەن 17 ساڵانی خەڵکی ڕەبەتی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانانی سنوور کوژراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە کە ناوی ئەو نەوجەوانە فارۆق عەلیزادە بووە و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیوێتی لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت، فیشەک بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

شایانی باسە هەر لەم ماوەیەدا و لە 23ی ئەم مانگەدا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ئەسعەد حەسەنپوور، تەمەن 25 ساڵان و خەڵکی سەقز لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵ لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە قورسی بریندار کرا و بە هۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەر نیوز کە تایبەتە بە ڕۆماڵکردنی هەواڵی کۆڵبەران، لە ماوەی دوو مانگدا، واتە لە 22ی مانگی 9 تا 22ی مانگی 11 بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و مین و کەوتنەخوارەوە، 9 کۆڵبەر کوژراون و 145 کۆڵبەریش بە قورسی برینداربوون.

کۆڵبەر نیوز نووسیوێتی لە کۆی گشتی ئەو 154 کۆڵبەرەی لەو ماوەیەدا یان کوژراون یان و بریندار بوون، 141 حاڵەت کە دەکاتە 92%ی ئەو ژمارەیە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە بووە.

کۆڵبەران بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانن لە ئێران کە بۆ دەستبەبەرکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان، ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن کە یەکێک لە قورسترین و مەترسیدارترین ڕێگاکانە بۆ پەیداکردنی نان.

چاودێران گرنگترین هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری بۆ زاڵبوونی ڕوانگەی ئەمنی و ئاسایشی حکومەت بەرامبەر بە شارەکانی کوردستان دەگێرنەوە کە ئەمەش هەژاری ڕەها و هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی و گرنگی نەدانی حکومەت بۆ وەبەرهێنانی لەو ناوچانەدا لێکەوتووەتەوە.