داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر نزیکەی 20 کەسی دیاری نێو تیک تۆک و سناپ چات تۆماردەکات

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر 20 کەسی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو سناپچات و تیک تۆک تۆمارکردووە، بە تۆمەتی ئەوەی دوور لە بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن و "بوونەتە مایەی تێکدانی شیرازەی خێزانەکان."

بە پێی بەڵگەنامەیەک کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، دکتۆر محەمەد ڕێکانی ئەندام لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە 22-11-2023 سکاڵایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکار گشتی کردووە و تێیدا داوا دەکات کە ڕێکاری یاسای بگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی "کە دوور لە هەموو ڕەوشت و بەهای کۆمەڵایەتی و ئەتەکێتی گفتوگۆ و ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی کلتوری بێ ڕەوشتی و بێ ڕێزی و بەزاندنی هەموو سنورەکانی کۆمەڵایەتی."

ئەندامەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی وتویەتی کە ئەم جۆڕە ڕەفتارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەهەرێمی کوردستان.

لە سکاڵاکەدا ناوی نزیکەی 20 کەس بەلیستێک هاوپێچکراوە تا ڕێکاری یاسایان لەبەرامبەر بگیرێتە بەر بەپێی مادەی 1ی بڕگەکانی 6 و 7 لە یاسای داواکاری گشتی ژمارە 159ی ساڵی 1979 و مادەی 403 لە یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 و مادەی 29ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005.

پارێزەرێکی ڕاوێژکاریش دەڵێت ئەگەر ئەو تۆمەتانە لەسەر ئەو کەسانە پشتراستبکرێتەوە، ئەگەری هەیە چەندین مانگ زیندانی بکرێن و سزای مادیش بدرێن.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بەدکتۆر محەمەد ڕێکانیەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات و تەنها سکاڵاکەی پشتڕاستکردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ڕاگەیاند، "ئەو کەسانەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە بۆ پارە پەیداکردن سۆشیال میدیا، بەتایبەت تیک تۆک، بەکاردەهێنن و لەکاتی گفتوگۆکانیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ، کە سەدان کەس تەماشایان دەکات، چەندین ووشەی نەشیاو بەکاردەهێنن و منداڵانیش تەماشایان دەکەن و لێیانەوە فێر دەبن. لەهەمانکاتدا هەڵسوکەوتەکانیان هی ئەوە نین، کە کۆمەڵگا تەماشایان بکات، بۆیە زۆرینەیان دەستگیردەکرێن و سزا دەدرێن."

ئەرمەن نەقەبی کە پارێزەرێکی ڕاوێژکارە لە هەولێر سەبارەت بە سزای ئەو کەسانە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە یاساکەدا هاتووە هەموو پەیوەندییە مۆبایلی و ئینتەرنێتی و پۆستەری و ئەلیکترۆنییەکان نابێت بەخراپ بەکاربهێنرێن. بەڵام ئێستا گەر تێبینی بکەین کۆمەڵێک لە سۆشیال میدیاوە پەیدابوونە بە بەرنامەی جیاواز وەک تیک تۆک و سناپ چات و فەیسبوک لەو بەرنامانە پەخشی ڕاستەوخۆ دەکەنەوە و قسەی نابەجێ دەکەن و دوور لە ئادابی گشتی هەڵسوکەوت دەکەن. ئەوەش دەستەڵاتی داواکاری گشتییە سکاڵایان لەسەر بکات."

ئەو پارێزەرە وتیشی، "سزاکەیان دوو جۆرە: زیندانکردنەکەیان دەکرێت لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێک زیاتر نەبێت و سزای پێ بژاردنیش دەکرێت لە 750 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 3 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. ئەوکات دەکرێت دادگا بەیەکێک لەم سزایانە سزایان بدات."

لە مانگی 9ی ئەمساڵ، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بەپێی مادەی 401 لە یاسای سزادانی عێراقی، دوو کەسی دیاری ناوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە لاس و ڕۆی ناسراون و کاری مەیکەپیان دەکرد دەستگیرکرد و دوای ماوەیەک بەکەفالەت ئازادکران و کەیسەکانیان هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە نەدراوە.

مانگی ڕابردووش لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی سلێمانی، هانا مەلیک، کە کچە هەرزەکارێکی دیاری نێو تیک تۆکە، بەهۆی "خراپ بەکارهێنان" و دەرکەوتنەکانی لەگەڵ دایکی دەستگیرکران و ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە. هانا و دایکی دواتر ئازادکران بەڵام تائێستا دوابڕیار لەبارەی کەیسەکەیانەوە نەدراوە.

هێمن قادر

هێمن قادر توێژەری کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەی ئاراراتی بنەڕەتی کوڕان لە سلێمانی، لەسەر کاریگەری سۆشیال میدیا بەتایبەت تیک تۆک بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بێگومان تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، وە بەتایبەتی تر تیک تۆک، بەهەموویانەوە لەئێستادا بە ئاقارێکی زۆر خراپدا گوزەر دەکەن، ئەوەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر منداڵ و هەرزەکار دروستکردووە."

ئەو توێژەرە وتیشی، "ئەو کەسانە کۆمەڵگەیان بەئاراستەیەکی زۆر خراپ بردووە، ئەوەش وردە وردە تەشەنە دەسێنێت و گەورە دەبێت و وادەکات کە نەوەی داهاتوو لەڕووی ڕەوشت و ڕەفتار و هەڵسوکەوتەوە بکەوێتە ژێر پرسیارەوە."

هێمن قادر دەڵێت، " کاتێک ساڵی پار پرسیارم ئاراستەی خوێندکارەکانم کرد بەوەی چەند کەس مۆبایلی هەیە، تەواوی خوێندکارەکان دەستیان هەڵبڕی...بەڕاستی کارەسات ئەوەیە کە منداڵی هەرزەکار هەموویان مۆبایلیان هەبێت، بۆیە جێگای دەستخۆشیە داواکاری گشتی و هەرلایەنێک بێت کاربکات بۆ سنوردارکردنی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت تیک تۆک. ئەمە کارێکی باشە."

لە عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانێکە کەسانێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکی تیک تۆک و سناپچات دەرکەون و بە هەزاران تەماشاکەریان هەیە. لەناو پەخشە ڕاستەوخۆکانیان زۆرجار دەبێت بەشەڕ و ئاژاوە و جێوێندان و سوکایەتیکردن بەیەکتر، ئەوەش زۆرێک لە هاوڵاتیانی نیگەرانکردووە.

جگە لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆری ئەو بەکارهێنەرانە لە دەرەوەی وڵاتن، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا، کە بەبڕوای بەشێک لە چاودێران دەبێتە هۆی سنوردارکردنیی ڕێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەریان.

بۆتان حامد کاکەیی پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوانەی ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان هەیە و لەکارخستنی ڕەگەزنامەی عێراقیان کردووە، ئەوە ناتوانرێت هیچ ڕێوشوێنێکیان بەرامبەر بگیرێتە بەر، بەڵکو لەو وڵاتەی کە لێی دەژین ئەو وڵاتە لێیان بەرپرسیار دەبن وە ئەگەر سکاڵاشیان لەسەر تۆمارکرا لەکوردستان، ئەوە دەتوانرێت لەڕیگای کونسوڵخانەکانەوە ئاگاداربکرێنەوە یان بەشێوەی ئامادە نەبوو سزا بدرێن."

ڕاپۆرتی دیار جەمال