لە ماوەی یەک ڕۆژدا پێنج کورد لە ئێران لە سێدارە دەدرێن

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن 5 زیندانی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "مادەی هۆشبەر" و "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕۆژی سێشەممە، 28ی ئەم مانگە لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج و زیندانی ئیلام لە سێدارەدراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە سێ کەس بەناوەکانی ئیقبال فەتحوڵاهی، موحسین ئەمرایی و شەهرام محەمەدبەیگی لەسێدراەدراون.

ئەو ڕێکخراوەیە نووسیوێتی "ئیقبال فەتحوڵاهی، خەڵکی ئیلام بووە و موحسین ئەمرایی خەڵکی شاری کۆهدەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستان بووە و هەردوو ئەو لەسێدارەدراوانە نزیکەی 5 ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "مادە هۆشبەرەکان" دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو."

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت هاوکاتی لەسێدارەدانی ئەو دوو کەسە، شەهرام محەمەدبەیگی، وەرزشکاری خەڵکی ئیلام کە بە تاوانی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام لەسێدارەدراوە.

هەروەها لە هەواڵێکی هاوشێوەدا ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە دوو کوردی دیکە لە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی عەلی ئاغامحەمەدی و ناسر مەقسوودی کە پێشتر بە تاوانی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕۆژی سێشەممە، 28ی مانگی 11 لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام لەسێدارەدراون.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە ماوەیەک پیش ئیستا بڵاویکردەوە، ژمارەی لەسێدارەدانەکانی ئەمساڵی ئێران بە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 کە تێیدا 91 کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە درابوون، بە ڕێژەی 126% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 206 حاڵەتی لەسێدارەدان.

هەر لەم چوارچیوەیەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دواییانەدا زیادبوون و بەرزبوونەوەی ڕێژە لەسێدارەدانەکانی لە ئێران بە پرسێکی جێگای "نیگەرانی" ناوبرد و ڕایگەیاند لە ساڵی 2022دا لانیکەم 582 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە زیاتر لە 256 حاڵەتی لە پەیوەند بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە و ئەمەش بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.