لە شەشهەمین ڕۆژی ئاگربەستی کاتیی ئیسرائیل و حەماسدا هەوڵێکی بەردەوام هەیە بۆ درێژکردنەوەی

ئاگربەستی کاتیی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕۆژی چوارشەممە، گەیشتە شەشەمین ڕۆژی خۆی و پێشبینی دەکرێت هەردوولا بارمتە و زیندانیی زیاتر ئازاد بکەن لە کاتێکدا دانوستانکاران پاڵپشتی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەیان دەکەن.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند "پێمان خۆشە ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە چونکە ئەوەی گرنگە تیایدا، پێش هەموو شتێک، ئازادکردنی بارمتەکان و گەڕانەوەیانە بۆ ماڵەوە و ناو خێزانەکانیان." گوتیشی "هەروەها توانیمان هاوکارییە مرۆییە زۆر پێویستەکان بۆ خەڵکی غەززە دابین بکەین."

بڕیارە بلینکن گەشت بۆ ناوچەکە بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل و پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە و کارکردن بۆ خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان.

سەرەتا بە پێی ڕێککەوتنە کاتییەکە بڕیار بوو ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار ڕۆژ هەڵمەتەکەی بۆ ناکاراکردنی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ڕابگرێت لەبەرامبەردا حەماسیش 50 بارمتەی ئازادکرد کە لەکاتی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوودا دەستگیری کردبوون و ئیسرائیلیش 150 زیندانی فەلەستینی ئازادکرد.

هەروەها ئاگربەستە کاتییەکە ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

ئاگربەستە کاتییەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ درێژکرایەوە و لەو ماوەیەشدا حەماس هەر ڕۆژەو 10 بارمتەی تری ئازاد کردووە و ئیسرائیلیش زیندانی زیاتری ئازادکردووە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، 12 بارمتە کە لە غەززە دەستبەسەر بوون 10 ئیسرائیلی و دوو هاووڵاتی بیانی لە شەوی سێشەممەدا لە دوایین خولی ئازادکردنەکاندا برانەوە بۆ ئیسرائیل. لە بەرامبەردا ئیسرائیل 30 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد 15 ژن و 15 گەنج.

چەکدارانی حەماس لە کاتی هێرشەکانیان بۆ باشووری ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە نزیکەی 240 کەسیان لە ئیسرائیل بە بارمتە گرت. لەو هێرشەدا نزیکەی 1200 کەس لەلایەن حەماسەوە کوژران.

وەک وەڵامدانەوەیەکی دەستبەجێ بۆ ئەو هێرشە ئیسرائیل هەڵمەتی لەشکری دژ بە حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و بە پێی وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسە، زیاتر لە 14 هەزار فەلەستینی لەو هێرشانەی ئیسرائیلدا کوژراون.

لەگەڵ بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات 1.8 ملیۆن کەس لە 2.3 ملیۆن دانیشتوانی غەززە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و بەشێکی زۆریان لە پەناگە قەرەباڵغەکاندا ماونەتەوە.

تۆڕی پەناگە، کە کۆمەڵەیەکی هاوکارییە بە سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژی هەینیدا ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 60%ی خانووبەرەی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان لەناوچوون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە هۆشداریی دا سەبارەت بە مەترسی زۆری " بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان" هاوکاتی قەرەباڵغی بارودۆخی غەززە و داڕمانی سیستمی تەندروستی و ئاو و ئاوەڕۆ لە غەززە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئەسۆشییەیتد پرێس، فرانس پرێس و ڕۆیتەرز وەرگریراوە.