بلینکن: زۆربەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ بەکارهێنراون لە ئێران دروستکراون

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە برۆکسل ڕایگەیاند زۆربەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی هەفتەی ڕابردوو لە گەورەترین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بەکارهێنراون، لە ئێران دروستکراون.

پایتەختی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە، 25ی مانگی یازدە بووە ئامانجی گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا لەوەتای دەستپێکردنی هێرشی مۆسکۆ بۆ سەر ئەو وڵاتە لە مانگی دووی ساڵی ڕابردووەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ فاکس نیوز گوتی "ئێمە چەندین پەیاممان بۆ ئێران ناردووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا نەدەن و مۆڵەتی دروستکردن و هەروەها دروستکردنی کارگەیەکی نوێیان بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێنەدەن."

هاوکات کاربەدەستانی ئەمەریکا هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی مووشەکی پێشکەوتووی کورت مەودا بۆ ڕووسیا.

بە پێی ڕاپۆرتێکی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر چەکی دیکەی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆمب و مووشەکی داوەتە مۆسکۆ بۆ یارمەتیدانی ڕووسیا لە داگیرکردنی ئۆکرانیا.

ئێران پێدانی چەک بە ڕووسیا ڕەتدەکاتەوە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکیتر جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هیچ چەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەداوە بە ڕووسیا تا لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت.

ئەنجومەنی ناتۆ و ئۆکرانیا بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام کۆبوونەوە و دیمیترۆ کولێبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاش بەشداری لە دانیشتنەکاندا کرد.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕۆژی چوارشەممە، 29 ی مانگی یازدە لە کاتێکدا کۆتاییان بە کۆبوونەوە دوو ڕۆژەیەکەیان لە برۆکسل هێنا کە جارێکیتر جەختیان لە پشتیوانیکردنی خۆیان بۆ ئۆکرانیا کردەوە و هەروەها تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان بۆ لوتکەی واشنتن و پرسە ئەمنی و ئاسایشییەکان کرد.