سەرۆکەکانی ئەمەریکا و چین بەشداری کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر گەرمبوونی کەش و هەوا ناکەن

کاتێک سەرکردەکانی جیهان ڕۆژی پێنجشەممە لە دوبەی بۆ 28هەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کۆدەبنەوە ، ئامادەنەبوونی سەرۆکی دوو گەورەترین ئابووری جیهان زۆر دیاردەبێت.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ سەرۆکی چین هیچ پلانێکیان نییە بۆ بەشداریکردن لەم چالاکییە دوو هەفتەییەدا کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی حکومەتەکانی جیهانە بۆ ڕێککەوتنێک لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (UNFCCC) و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاریسی ساڵی 2015 بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان بۆ 1.5 پلەی سەدی لە سەروو ئاستەکانی پێش سەردەمی پیشەسازییەوە.

هەردوو وڵات نوێنەرانی ئاست بەرز دەنێرن. جۆن کێری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، نێردەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی بایدن بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەشداری دەکات. هەروەها چاوەڕوانیش دەکرێت"شی ژێنهوا، نێردەی کاروباری کەشوهەوای چین نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە بکات.

لەنێو ئەو پرسە سەرەکیانەی کە لە کۆنفرانسەکەدا باس دەکرێن پێکهاتەی سندوقێکی " زیانەکان" دەبێت بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی کەم داهاتە کە بە شێوەیەکی نایەکسان بەدەست گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنن وێڕای ئەوەی کە بەشدارییەکی کەمیان لە هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا کردووە.

تەوەرێکی گرنگی دیکەی بابەتەکان بریتی دەبێت لە پەسەندکردنی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی قۆناغ بە قۆناغ کە گەورەترین هۆکارە لە دەرهاوێژەی کاربۆن.

ڕەنگە گفتۆکردن لەسەر سووتەمەنی بەردین، ئاڵۆزتر بێت بەهۆکاری ئەوەی کە وڵاتی میواندار(میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی) یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز لە جیهاندا.

لە کاتێکدا هەندێک لە چالاکوانان هێشتا کێشەیان هەیە بەهۆی بڕیاری ڕێگەدان بە ئیمارات بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسەکە، هاوکات هەندێکی دیکە دەڵێن ئاشکراکردنەکان سەبارەت بە دانوستانەکانی پەرەپێدانی نەوت و گاز لە ڕاستیدا دەتوانێت دەرفەتەکانی پەسەندکردنی قۆناغ بە قۆناغی کۆتاییهێنان بە سووتەمەنی بەردینی زیاددەکات.

کۆنفرانسی ئەمساڵ تەواوبوونی نوێترین کۆکردنەوەی کۆگاکانی جیهانی دەبێت، کە پرۆسەیەکی دوو ساڵییە و هەر پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکان بەرەو کەمکردنەوەی دەرهاوێژەکانی گازی ژەهراوی و ئامانجەکانی دیکەی پەیوەست بە هەوڵەکانی وەستاندنی گەرمبوونی جیهان.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە دروستکردن و دانانی سەرچاوەکانی پەرەپێدانی وزەی خاوێن لەسەر ئاستی جیهان لە زیادبووندایە و تێچوونەکان بە خێرایی بۆ زۆرێک لە توخمە سەرەکییەکان دادەبەزن، لەوانەش پانێڵە فۆتۆڤۆڵتییەکان کە بۆ گلدانەوەی وزەی خۆر بەکاردەهێنرێن.

مایکل مێلینگ، جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی وزە و سیاسەتی ژینگەیی لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچیوستس، بە دەنگی ئەمەریکای گوت " سەروسەوداکردنەکانی نێوان وڵاتان و زیاتر گواستنەوە بەرەو وزەی خاوێن و ئەوانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پرۆسەکەدان ، هەتادێت ئاڵۆزتر دەبن، بە تایبەتی سەبارەت بە بازرگانی.