دوو سەرچاوەی عەرەبی سوننە بۆ VOA: ئێران و هێزە شیعەکان دەیانەوێت کەسێکی نزیک لە خۆیان بکەنە سەرۆکی پەرلەمان

دوو سەرچاوەی باڵای عەرەبی سون بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، ئێران و لایەنە شیعیەکان دەیانەوێت کەسایەتیەکی سوننەی نزیک لە خۆیان کاندید بکەن بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام لایەنە کوردیەکان یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بۆ لایەنە سوننەکان بەجێهێشتووە.

ڕێککەوتی 14ی مانگی 11 ی 2023، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، بە تۆمەتی ساختەکردنی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی.

مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سوننە و ڕاوێژکاری پێشووی سەلیم جبوری سەرۆکی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لایەنە سوننەکان سەرقاڵی گفتووگۆن بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەوەی حەلبوسی. دەیانەوێت ڕەزامەندی پێکهاتەکانی تر و بەتایبەتی شیعەکان وەربگرن تا دەنگی بۆ بدرێت، بەڵام کورد بابەتەکەیان بۆ سوننە خۆی بەجێهێشتووە."

هەروەها وتیشی، "بێگومان لایەنی شیعی زۆرینەی پەرلەمانن ڕای جیاوازیش هەیە لەسەر هەڵبژاردنی کەسێک بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پێم وایە ئەم بابەتە کاتی زۆری دەوێت، چونکە مەسەلەکە ڕێکەوتنی سیاسی دەوێت."

مەحمود زەیدان ڕایگەیاند کە ئێران مەبەستییەتی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کەسێکی نزیک بێت لە سیاسەتەکانی تاران.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی لە پاڵ باکگراوندە یاساییەکەیدا، باکگراوندی سیاسیشی هەبوو، چونکە ئێران و هێزە شیعەکان نیگەران بوون لە مامەڵە و گوتاری سیاسی حەلبووسی. بۆیە ئەوان نایانەوێت سەرکردەیەکی تری عەرەبی سوننە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێبدرێتەوە کە دژایەتی هەژموونی ئێران و لایەنە شیعیەکانی ناو عێراق بکات.

ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سوننە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا ڕێکەوتن لەسەر کەسێک نەکراوە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ناو لایەنە سوننەکاندا."

وتیشی،"ئێران و لایەنە شیعیەکان دەیانەوێت کەسێک ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە خۆیانەوە نزیک بێت."

سەرەرای هەوڵەکانی لایەنە شیعەکان بۆ دانانی کاندیدێکی سوننەی نزیک لە خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە سوننەکانیش کە لە چەند هاوپەیمانێتیەک پێکهاتوون هاوڕانین لەسەر کاندیدێکی دیاری کراو بۆ جێگرەوەی حەلبوسی و هەر لایەنە دەیەوێت،کاندیدێکی خۆی بۆ پۆستەکە کاندید بکات.

مەحموود مەشهەدانی کە بە کەسایەتیەکی سوننەی نزیک لە ئێران و هێزە شیعیەکان دادەنرێت بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزە سوننیەکان کۆکبن لەسەر کاندید کردنی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی هێزە سوننیەکان بانگەشەکەی مەشهەدانیان پشتڕاست نەکردۆتەوە.

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عیراق و کەسایەتی عەرەبی سوننە، بە ماڵپەڕی نیو عەرەبی ڕاگەیاندووە، "من تاکە کاندیدی بەهێزی سوننەکانم بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق."

Your browser doesn’t support HTML5

سنور کەریم