بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند یەکێک لە هەرە پێشکەوتووترین کەشتی جەنگی دەریاییەکانی خۆی ڕەوانەی کەنداو دەکات بۆ ئەوەی بوونی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.
لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، کەشتی جەنگی تێکشکێنەری HMS Diamond لە جۆری 45، دەست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکات لە پێناو مسۆگەرکردنی ئازادی کەشتیوانی و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی گەشتی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
گرانت شاپس وەزیری بەرگری بەریتانیا گوتی زۆر گرنگە بەریتانیا بوونی لە هەرێمەکەدا بەهێز بکات، بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان و بەرژەوەندییەکانمان لە جیهانێکی پڕ لە پشێوی و بەرەنگاربوونەوەدا سەلامەت بێت.
ڕەوانەکردنی ئەو کەشتیە جەنگیەی بەریتانیا بۆ ناوچەی کەنداو دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دێت هەروەها دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری پەیوەست بە ئیسرائیلدا گرت.
حوسییەکانی یەمەن زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، لەو کاتەوەی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی دە هێرشێکی کوشندەیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و هەزار و دوو سەد کەسیان کوشت و نزیکەی 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت.
سەرچاوە: فرانس پرێس