هەنگاوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کورستان و ڕێژیەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان لەو هەرێمەدا

ژنانی کورد ئەمساڵ هاوشانی ژنانی جیهان، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنانیان لە ڕێگەی چالاکی و بەڵێنی ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جیاوازیی ڕەگەزی، بەرز ڕاگرت.

جاڕنامەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٩٣ پەسەندکرا و بە پێی ئەو جاڕنامەیە هەر جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان لەسەر بنەمای ڕەگەزی کە ببێتە هۆی زیانگەیاندنی جەستەیی، دەروونی یان هەر جۆرە ئازارێک بۆ سەر ژنان لە ئەنجامی رەفتاری تۆند و زۆرەملێدا دەخرێتە ناو ئەو چوارچێوەیە.

ڕۆژی جیهانی ٢٥ی مانگی ١١، واتە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، دەستپێکی چالاکییەکی ١٦ ڕۆژەیە بۆ ئاگادارکردنەوەی ژنان لە مافەکانی خۆیان و ڕاگرتنی توندوتیژییەکان. ١٠ی مانگی ١٢ وەک کۆتا ڕۆژی چالاکییەکان دەستنیشانکراوە.

ئەم بۆنە جیهانییە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی داوا لە حکومەتەکان بکرێت یاسای باشتر و زۆرتر بە مەبەستی سزادان و ڕێگریکردن لەو کەسانەی کە رەفتاری خراب وتوندوتیژ یان تاوان بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن، پەسەند بکات و خزمەتگوزاری زیاتریش بۆ پاراستنی ڕزگاربووانی توندوتیژییەکان پێشکەش بکات.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، توندوتیژی دژی ژنان و کچان یەکێکە لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا و مەزەندەکرێت ٧٣٦ ملیۆن ژن کە نزیکەی یەک لە سەر سێی ژنانی جیهان دەکات، لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان وەک هەموو ساڵێک، دەسەڵاتدارانی لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی مانگی یازدە بەشداری چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیان کرد و بەڵێنیان دا کە ڕێگری لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بکەن و دادپەروەری بۆ قوربانیان دەستبەر بکەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لەم ڕۆژەدا جەخت لەسەر پابەندبوونمان دەکەینەوە بە ئیرادەیەکی بەهێز و جددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو توندوتیژیەک و پێشێلکارییەکانی دژی ژنان و مافەکانیان."

چەند توێژەرێکی بواری مافەکانی ژنان دەڵێن گۆتاری ڕق و کینە وهەندێک بیروباوەڕی دواکەوتووانەی هەندێک لایەن لە نێو کۆمەڵگەکدا بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرف و نامووسدا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەلگەی کرد بۆ نەهێشتنی توندوتیژییەکان دژی ژنان و گوتی "خەمی بنبڕکردنی بیری توندڕەوی دەبێت خەمی هەموومان بێت، پێویستە هەموومان بە یەک دەنگ بڵێین شەرەف لە کوشتنی ژناندا نییە."

لە لێکۆڵینەوەیەکدا بەناونیشانی "کاردانەوەی دژ بە مافەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق" کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣دا بڵاوکرایەوە، چۆمان هەردی بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی و گەشەپێدان لە زانکۆی ئەمەریکایی لە سلێمانی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "بەربەستی گەورە لەبەردەم بەدەستهێنانی دادپەروەریی بۆ ژنان، پەرەسەندنی گوتاری کولتووری دواکەتووانە و بیری توندڕەوی ئایینییە."

لە ساڵی ٢٠١١ یاسای ژمارە ٨ بە ناوی "یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان" لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند کرا، بەڵام ئێستا دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، داوای هەموارکردنی ئەو یاسایە دەکەن بۆ ئەوەی باشتر بتوانن ڕێگری لە توندوتیژییەکان بکەن و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان دەڵێن پێویستە کاربەدەستانی هەرێم پێکەوە کار لەسەر ئەم پرسە جیهانییە بکەن و خێراتر یاساکە هەموار بکەن و میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە گوتاری توندڕەوی ئایینی و کۆمەڵایەتی رەچاوبکەن.

هەنگاوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ڕێژەی پێشێلکارییەکان

فێنک شەفیق حەمە ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان وخێزان لە وزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گۆتی "لە ساڵی ٢٠٢٣ تا مانگی تشرینی یەکەم، نزیکەی ١٣ هەزار حاڵەتی توندوتیژی لای ئێمە تۆمار کراون. بەڵام ئەمانە ژمارەی ڕاستەقینە نین چونکە زۆر کەس سکاڵاکانیان دەبەنە لای پۆلیسی گشتی یان ڕێکخراوە مرۆییەکان."

لە هەرێمی کوردستان ژنان و کچان ڕووبەڕووی هەمان جۆری توندوتیژی دەبنەوە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، وەک کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف، دەستدرێژی سێکسی، شەر و لێدانی ناو ماڵ، هاوسەرگیری و بەشوودانی منداڵ، خەتەنەکردنی مێینە، بازرگانیکردن بە ژن و کچ، دەرکردن، هەڕەشەکردن، سووکایەتیکردن و خیانەتکردنی هاوسەرگیری.

ڕێکخراوە مرۆییەکان دان بەم هەموو ئەم جۆرە پێشێلکاریانەدا دەنێن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژمارە ڕاستەقینەکانیش زۆر زیاترن لەو ژمارەیە بڵاو دەبنەوە، کەواتە بەڵێنەکان و داواکارییەکانی بەرپرسان بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو توندووتیژیانە بەرامبەر بە ڕێژیە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان چەند دەتوانن کاریگەر بن؟

بەڕێوەبەر و وتەبێژی پۆلیسی گشتی لە هەولێر ڕازی نەبوون ئامار و ژمارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان کە ئەمساڵ لە بەرێوەبەرایەتیەکاندا تۆمارکراون بە دەنگی ئەمەریکان بدەن، بەڵام گوتیان "ڕێژەکە کەمترە لە ساڵی ڕابردوو و لە 15 ی مانگی 12 ئامارەکان ڕادەگەیەنین.

بێدەنگبوونی قوربانیان و سزانەدانی تۆمەتباران هۆی زیادبوونی پێشێلکارییەکانن

بە سزانەگەیاندنی تۆمەتباران، بێدەنگی ژنان و خێزانەکانیان وترس لە شەرمەزاری و ناوزڕاندن لە کۆمەڵگەدا هۆکاری سەرەکین بۆ شاردنەوەی زۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی. دیاردەی کوشتن بە ناوی شەرەف و سووتاندن و خۆسووتاندن دیارترین نموونەی تاوانە شاراوەکانن و "هەر دوو هەفتە ژنێک یان کچێک دەکوژرێت بۆ پاراستنی شەرەفی پیاوێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان، ژمارەی ڕاستەقینەی کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف زیاترە لە ژمارە ڕاگەیەندراوەکان،" ئەمەش بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستانی عێراق کە لەلایەن ڕوەیدا مستەفا، چالاکوانێکی کورد- بەریتانیایی ئەنجامدراوە.

به ڕێوه به ری گشتی پۆلیسی هه رێمی کوردستان ده ڵێت له ساڵی ٢٠٢٢دا ٤٩ حاڵەتی کوشتنی ژنان لە بەرێوەبەرایەتیەکەدا تۆمار کراون و ئەمساڵ ژمارە کەمترە لە ساڵی ڕابردوو. بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئەفرەتان گوتی "ئەم جۆرە تاوانانە لەلایەن پۆلیسی گشتییەوە تۆمارکراون و بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نییە، بەڵام بێگومان هەمیشە ژمارە راستەقینەکان زۆرزیاترن لەو ژمارانەی ڕادەگەیەنرێن."

خاتوو فینیک داوا لە هەموو کەسێک دەکات کە کاتێک هەست بەوە بکات کە ژنێک یان کچێک لە ژێر مەترسی کوشتندایە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئەفرەتان ئاگادار بکاتەوە یان بیگوازێتەوە بۆ یەکێک لە ٩ نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و دەڵێت کاتێک ئەو مەترسی کوشتنی ژنێک لە ئارادابێت، ستافی تایبەت بە فەرمانی دادوەرێک دەیبەنە یەکێک لە شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنانی کە سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتییە.

زاکیە سەید ساڵح، جێگری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت "ئەرکی چوار شەڵتەرەکانی وەزارەتەکەیان پاراستن و دابینکردنی خزمەتگوزاری دەروونی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و پیشەیییە بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژین هەتا ئەو کاتەی کێشەکانیان چارەسەردەکرێن و دوای ئەوەی دادگا بڕیارئەدا و بەڵێن لە خێزانەکانیان وەردەگرێت کە توندوتیژییەکان دژیان دووبارە نەبنەوە، یانیش خۆیان بتوانن جێگای خۆیان لە کۆمەڵگادا بکەنەوە."

کۆمەڵگە تا چەند گرنگی بە کێشەی توندوتیژی دژی ژنان دەدات؟

هەڵمەتی جیهانی ١٦ ڕۆژەی ساڵی ٢٠٢٣ لە ژێر دروشمی "وەبەرهێنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان" داوا لە هاوڵاتیان دەکات نیشانی بدەن کە پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان بۆ ئەوان چەند گرنگە و داواش لە حکومەتەکانی سەرانسەری جیهان دەکات زانیاریەکان سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانن ڕێگری لەم جۆرە توندوتیژییانە بکەن، بڵاو بکەنەوە.

خاتوو فینیک شەفیق حەمە ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە خێزان وئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، چەند هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە جۆرەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی-جێندەری پێشنیار دەکات کە بریتین لە:

-هەموارکردنی یاسای ۸ی ساڵی ۲۰۱۱ بۆ بەهێزکردنی توانای دەزگاکان بۆ لێکۆلینەوە و راوێژکاری بە مەبەستی پاراستنی زیاتری ژنان کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
-هەماهەنگیی ناوەندە حکومییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان ودەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێم بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کچان لە یاسای تایبەت بە پاراستنیان.
-کردنەوەی نوسینگەی زیاتری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و شەڵتەری زیاتر بۆ پاراستنی قوربانیان.
-دابینکردنی توانای دارایی بۆ چالاکی و بەرنامەکانی تایبەت بە دروستکردنی متمانەی خەڵک سەبارەت بە نوسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و شەڵتەرەکانی پاراستنی قوربانیان.