لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای کۆچی دوایی تاهیر خەلیلی هونەرمەند و چالاکوانی سیاسی خەڵکی بوکان، کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد لە سەردەشت لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەو هۆنەرمەندە، گۆرانی بەناوبانگی ناوبراو "لە قەندیلی سەربەرزەوە"یان پێکەوە وتووە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی گورانی گوتنەوەی ئەو کۆمەڵە هۆنەرمەند و چالاکوانانە، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کورد ڕایانگەیاند ئامادەبووانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکەی هونەرمەند تاهیر خەلیلی لە لایەن دەزگا و دامەزراوە ئاسایشییەکانی شاری شنۆ و سەردەشت خراونەتە ژێر گوشار و بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کراون.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی بانگهێشتکردنی ئەو هونەرمەندانە لە لایەن دەزگاکانی ئاسایشی ئێرانەوە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە شاری سەردەشت بڵاویکردوە "ئەو هونەرمەندانە هەروەها براونەتە هۆڵێک لە باڵەخانەی پارێزگاری شاری سەردەشت و ناچارکراون بەیاننامەیەک لەدژی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بخوێننەوە و هەروەها بە هەڕەشە و لێدان سروودی نیشتمانی "ئەی ئێران"نیان پێ وتراوەتەوە."
سەرچاوەکە بەو ڕێکخراوەیەی ڕاگەیاندووە "دوای تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆی گوتنەوەی سرودی نیشتمانی ئێران لەلایەن بریکارە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە، هونەرمەندەکان بەڵێننامەیەکیان واژو کردووە بۆ دووپاتنەکردنەوەی چالاکی لەو شێوەیە و دواتر ئازادکراون."
بڵاوبوونەوەی هەواڵی گوتنەوەی سرودی ئەی ئێران لە ژێر هەڕەشەی هێزەکانی ئاسایشی ئێراندا، کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە نێو کوردەکان لێکەوتەوە و کۆمەڵێک چالاکوان و رێکخراوی مافی مرۆڤ ئەو کارەی کۆماری ئێسلامی ئێران وەک ئەشکەنجەدانی دەروونی بۆ سەر ئەو هۆنەرمەندانە ناو دەبەن و سەرکۆنەی دەکەن.
کامران مەتین، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئیکس بە ئاماژەدان بە هەواڵی گوشارخستە سەر ئەو هونەرمەندانە بۆ گوتنەوەی سرودی نیشتمانی ئێران، نووسیوێتی "تەنها ئەو حکومەتەی کە لە قووڵایی نەستی خۆیدا دەزانێت کە دەسەڵاتێکی داگیرکەرە، هونەرمەندانی خاکێکی داگیرکراو ناچار دەکات بە زۆر و لە ژێر ئەشکەنجەدا سروودی نیشتمانی بڵێنەوە."
دکتور کامران مەتین لە گفتوگۆیەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " کۆماری ئیسلامی ئێران بە گشتی بەرامبەر بە هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی مەدەنی هەموو نەتەوەکانی ئێران، هەلسوکەوتی لەو شێوەیەی لە ڕابردوودا و لە ئێستاشدا هەبووە، بەڵام بەرامبەر بە کوردەکان سزای لەو شێوەیە زۆرتر دەبینرێن."
ئەو مامۆستای زانکۆیە لە وەڵامی پرسیاڕیکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هۆکاری زۆرتربوونی ئەو سزانە بۆ سەر کوردەکان دەڵێت "بەهیزبوون و پێشبینینەکراوبوونی داینامیزمی بزوتنەوە کوردییەکان لە کاتی سەرهەڵدانیاندا، وایکردووە کۆماری ئیسلامی ئێران ترسی لە سەرهەڵدانی ئەو بزوتنەوانە هەبێت و بۆیە دەست دەداتە ڕەفتاری لەو شێوەیە، ئەمەش بە مەبەستی بڵاوە پێکردنی ترس و توقاندن چ لە نێو کوردەکاندا و چ لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا."
دکتور مەتین هۆکارەکانی بڵاوپێکردنی ترس و توقاندن لە نێو کوردەکاندا لە لایەن حکومەتەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆکار، یەکەم ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی غەززە لە ناوچەکە و تێوەگلانی ئێرانیش لە شەرەکەدا و دووهەم ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی دوبارەی بەنزین و سووتەمەنی لە ئێران.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێران بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی هەر جۆرە بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەک لە نێو کوردەکان و نەتەوەکانی دیکە لە ئەگەری تێوەگلانی ڕاستەوخۆی لە شەڕی غەززە و هەروەها لە ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، دەستی داوەتە بڵاوەپێکردنی ترس و توقاندن لە ڕیگای سەپاندنی سزا توند و نایاساییەکانییەوە بەسەر چالاکوانانی کوردا."
هەواڵی ناچارکردنی هونەرمەندان بۆ گوتنەوەی سرودی نیشتمانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، جیا لە ڕەخنەکان بۆ سەر حکومەت، ڕەخنەی بۆ سەر ئەو هونەرمەندانەش لێکەوتەوە و کۆمەڵێک کوردی دانیشتوی وڵاتانی دەرەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لۆمەی ئەو هونەرمەندانەیان کرد و گوتیان ئەگەر دەزانن بەرگەی ئەشکەنجە و زیندانیکردن ناگرن، نابێت چالاکی بکەن بۆ ئەوەی دواجار ناچار نەبن بەو شێوەیە دژی چالاکییەکەی خۆیان بوەستنەوە.
دکتور مەتین دەڵێت "ڕەخنە گرتن لەو هونەرمەند و چالاکوانانە کارێکی دروست نییە و ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین هەموو کەسێک وەک یەک بەرگەی ئازار و ئەشکەنجە بگرێت."
دەشڵێت "لۆمەکردنی ئەو هونەرمەندانە و هەر چالاکوانێکی دیکە لە حاڵەتی هاوشێوەدا، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئەخلاقییەوە کارێکی هەڵەیە، چوونکە دواجار دەبێتە هۆی دووبەرەکیش لە نێو چالاکوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە ئەمەش دواجار لە بەرژوەندی دەسەڵاتدا دەشکێتەوە."