ڤلادمێر پوتن لە سەردانێکی دەگمەندا دەگاتە ئیماڕات

ڤلادمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە لە سەردانێکی دەگمەنی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا، گەیشتە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیماڕات). ئەم سەردانەش لە کاتێکدایە ڕووسیا هەوڵدەدات کاریگەرییەکانی لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستبهێنێتەوە.

ڤلادمێر پوتن بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە لەلایەن ڕۆژئاواوە گۆشەگیرکراوە، ئێستا پوتن خۆی لە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نزیکدەکاتەوە و لەوێ تاوتوێی بابەتەکانی نەوت و بازرگانی و هەروەها ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات.

پوتن لە کاتی گەیشتنیدا بە سەرۆکی ئیماڕات، شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیانی گوت "ئەمڕۆ بەهۆی هەڵوێستەکانی ئێوەوە پەیوەندییەکانمان گەیشتووەتە ئاستە بێ پێشینە شێوازەکان" و هەروەها پوتن ستایشی بازرگانی ئاست بەرزی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

چاوەڕوان دەکرێت ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، پوتن سەردانی عەرەبستانی سعودیە بکات و لەوێ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی فەرمانڕەوای دیفاکتۆی شانشینی عەرەبستانی سعودیەدا کۆببێتەوە.

ئەمە تەنها سێهەم گەشتی سەرۆکی ڕووسیایە بۆ دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لەوەتای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی 2 ی ساڵی 2022 وە دەستیپێکرد. ئەم سەردانەی پوتن بۆ ئیماڕات دوای سەردانەکانیەتی بۆ ئێران و چین.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز