مەلالە یوسفزایی داوا دەکات جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر لە ئاستی نیودەوڵەتیدا بکرێتە تاوان

مەلالە یوسفزایی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، داوا دەکات " ئاپارتایدی جێندەری" (جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر) بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێتە تاوان.

لە میانەی ڕێوڕەسمێکدا لە ئافریکای باشوور، یوسفزایی داوای لە جیهان کرد گرنگی بەو شتانە بدەن کە بەسەر کچان و ژنانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا دێت.

ئەو چالاکوانە پاکستانییەی کە لە تەمەنی 15 ساڵیدا لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە تەقە لە سەری کرا تەنها بەهۆی ئەوەی کچانی هاندەدا بەردەوامبن لە خوێندن، ڕۆژی سێشەممە وتارێکی لە ڕێوڕەسمی ساڵانەی دامەزراوەی نێڵسن ماندێلا لە ئافریکای باشوور پێشکەشکرد، لە کاتێکدا دە ساڵ بەسەر مردنەکەیدا تێپەڕدەبێت. ماندێلا یەکەم سەرۆکی ئافریکای باشوور بوو کە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردرا.

مەلالە یوسفزایی لە دەمی پێشکەشکردنی وتارێکی لە 21هەمین ڕێوڕەسمی ساڵانەی دامەزراوەی نێڵسن ماندێلا لە جۆهانسبێرگ، ئافریکای باشوور، 5ی مانگی 12ی 2023

مەلالەی تەمەن بیست و شەش ساڵ، خەباتی درێژخایەنی ماندێلا لە دژی دەسەڵاتی کەمینە سپی پێستەکان و جیاکاری ڕەگەزی لە ژێر ڕژێمی ئاپارتاید لە ئافریکای باشووری بەراورد کرد بەو دۆخەی کە ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە لە ئەفغانستان لە دوو ساڵی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی میراتی ماندێلا، لە خۆمم پرسی: جیهان چاوپۆشی لە چ نادادپەروەرییەک دەکات؟ لە کوێ چ شوێنێک ڕێگە دراوە نامرۆڤایەتی بگاتە دۆخی ئێستا؟ وەڵامەکە بۆ من زۆر ڕوون بوو، و پەیوەندی زۆری بە خۆمەوە هەبوو: ستەمکردن لە کچان و ژنان لە ئەفغانستان."

یوسفزایی، کە لە تەمەنی 17 ساڵیدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا، ئەو ڕاستییەی شەرمەزار کرد کە قەیرانەکانی دیکە سەرنجی جیهانیان لە دۆخی ئەفغانستان دوور خستووەتەوە، لە کاتێکدا لەوێ کچان ڕێگەیان پێنادرێت بچنە قۆناغی ناوەندی و ژنانیش ڕێگەیان پێنادرێت بەردەوامبن لەکارەکانیان و تەنانەت قەدەغە بە تەنها لە ماڵەکانی خۆیان بچنە دەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵکی ئافریکای باشوور خەباتیان کرد بۆ ئەوەی ئاپارتایدی نژادی (جیاکاری نژادی) لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت و ڕەتبکرێتەوە، بەڵام هێشتا ئاپارتایدی جێندەری بە ڕوونی ڕەتنەکراوەتەوە. هەر بۆیە داوا لە هەموو حکومەتێک دەکەم، لە هەموو وڵاتێکدا، ئاپارتایدی جێندەری بکەنە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی."

لە هەمان ڕێوڕەسمدا گراکا ماچێڵ هاوسەری ماندێلا و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، وتارێکی پێشکەش کرد.

گراکا ماچێل، هاوسەری نێڵسن ماندێلا

ماچێڵ وتی "با زۆر وردبین، ئەم شتەی پیاوان وا بیردەکەنەوە کە مافیان بەسەر ژیانی ژناندا هەیە، ئەم شتەی ئەوان باوەڕیان وایە کە مافیان بەسەر جەستەی ژندا هەیە، ئیتر دەبێت بوەستێت!"

مەلالە یوسفزایی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیماننامەیەکی نوێی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیدا زمانی ئاپارتایدی جێندەری بەکاربهێنێت.