لەوەدەچێت چارەنووسی 3 مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بکەوێتە ساڵی داهاتوو

بەگوێرەی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکی کوردی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگی ئەمەریکا، چارەنووسی مووچەی کۆتا سێ مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم لە ئێستادا ناڕوونە و ئەگەرەکان بەرەوە ئاراستەی ئەوە دەڕۆن کە کێشەکە درێژە بکێشێت بۆ ساڵی داهاتوو.

فەرمانبەر ومووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان زیاتر لە ملۆنێک و 255 هەزار کەس زیاترە، تا ئێستا مووچەی مانگی 9 و 10 و 11 یان وەرنەگرتووە سەرەڕای ناڕوونی چارەنووسی مانگی 12. بەو هۆیەوە مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە چەندین خۆپیشاندانیان کردووە و نزیکی سێ مانگە بایکۆتی دەوامیان کردووە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ ئەگەری ئەوەی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێم بتوانێت مووچەیەک دابەشبکات دوای ئەوەی "لەم چەند ڕۆژەدا 700 ملیار دەگات."

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چارەنوسی سێ مانگی کۆتایی ئەم ساڵی مووچە دەگەڕێنێتەوە بۆ دوای پاکتاوی دارایی شەش مانگی دووەمی ساڵ و دەڵێت ئەوکات دەزانرێت کە ئایا حکومەتی هەرێم دوای پاکتاوکردنی قەرزەکانی چەند پارەی بۆ دەمێنێتەوە تا ئەوەی بزانرێت کە دەتوانێ چەند مووچە دابەشبکات.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "پاکتاوی دارایی ساڵ واتە شەش مانگی دووەم کە لە چەند هەفتەی داهاتوو دەکرێت، ئەوە یەکلای دەکاتەوە ئەو بڕەپارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە چەندێکە، ئەوکات دەزانرێت دەتوانرێت چی لە مووچەی ئەو سێ مانگە بکرێت."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، "ئێمە لەبەغداین هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە هەمواری یاسای بودجە بەجۆرێکبێت کەتەواوی گرفتەکانی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەربکات ، بەجۆرێک ئەو بڕەپارەیەی بۆمووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان دابین دەکرێت، بەدەربێت لە هەموو هاوکێشە داراییەکان و پابەندیەکانی هەرێم لە یاسای بودجە. ئومێد دەکەین لەسەر ئەم پرسە ڕێکبەوین.؟

موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بە "خۆدزینەوە" لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمەتباردەکات و پێیوایە ئەم پرسە درێژەدەکێشێت بۆ ساڵی 2024.

موسەنا ئەمین بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەو سێ مانگە مافی مووچەخۆرانە و کاریان کردووە نابێت بفەوتێت. تا ئێستا هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم دەیخەنە ئەستۆی یەکتر، لەکاتێکدا ئەوان هەردووکیان بەرپرسن، بەتایبەت لەدوای مانگی 3 وە کە نەوتی هەرێمی کوردستان لەلای بەغدایە. بەڕێژەی 80% مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندە، بیانووهێناوەنەوە بە یاسای بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خۆدزینەوەیە ، دەنا با لە هەمواری 2024ی یاسای بودجە ئەم گرفتە چارەسەر بکەن لەکاتێکدا من لەو بڕوایەدام ئەم کێشە دەکەوێتە ساڵی ئایندەوە."

لەماوەی ڕابردوو و لەدوای کێشە داراییەکانی هەرێم و بەغدا، چەندین وەفدی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا سەردانی بەغدا دەکەن و دواتر لە ڕاگەیەنراوەکاندا هەندێکجار حکومەتی ناوەندی بە پێشێلکردنی مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان تۆمەتباردەکەن و هەندێک جاری دیکەش باس لەبەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بوجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێن هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە دەگەڕێتەوە بۆ "کێشەی تەکنیکی."

ڕۆژی چوارشەممە 6ی مانگی 12ی 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا نیگەرانی خۆی لە ئەنجامی دانوستانەکانی لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێن پێویستە حکومەتی عێراق کۆتایی بە "نادادیەکان" بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بهێنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، "لە دانوستانەکانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات ، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە

سەباری ئەوەی حکومەتی هەرێم دەڵێت لەگەڵ بەغدا "لێکتێگەیشتنێکی باش" درووستبووە لەسەر جیاکردنەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پرسە سیاسییەکان، بەڵام بەشەێک لە چاودێرانی بوجە دەڵێن حکومەتی هەرێم ڕاستیەکان لە مووچە خۆران دەشارێتەوە.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دوێنێ سێشەممە سەبارەت بە چارەنوسی سێ مووچەی کۆتایی ساڵ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وتی، "بەرپرسانی باڵای هەرێم ڕاستیەکان دەشارنەوە لە هاوڵاتیان. عێراق سێ حەوسەد ملیاری دیکەی مانگەکانی کۆتایی ساڵ نانێرێت."

هەر ئەمڕۆ، بە ماوەیەکی کەم دوای ڕاگەیێندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پەیوەندیەکی باش لە نێوان سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی ناوەندا هەیە. چاوەڕێی ئەوە دەکەین لەڕۆژانی داهاتوودا ڕێکەوتنێک بکرێت. داوای قەرزمان بۆ سێ مانگی دیکە کردووە بۆ مووچەی مووچە خۆران و لەم چەند ڕۆژەشدا 700 ملیار دەگات و لەگەڵ گەشتی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین."

Your browser doesn’t support HTML5

فەرحان