یەکێتی مامۆستایان: لایەنێکی سیاسی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی  مامۆستایان بووە

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت دەستێوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی هەیە و بانگەشەی ئەوە دەکات دەشێت "خەڵکی تر" پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا لە ئەستۆگرتبێت.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دابینکردنی پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆکردن و چوونی هەندێک مامۆستا بۆ بەغدا بە فڕۆکە، ئەمە لە توانای مامۆستا نییە و توانای دارایی خەڵکی ترە دەخرێتە بەردەست...لە سەرەتاوە هەستمان دەکرد لە پرسی داخستنی قوتابخانەکان لەلایەن بەڕێوەبەرەکانەوە، بابەتێک هەیە لەوە گەورەترە کە داخوازی مامۆستا بێت. ئەمانە بەڵگەن کە خۆپیشاندانەکان بە لاڕێدا دەبرێن."

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە چەند ماڵپەڕێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەنگێک بڵاوکرایەوە، کە داوا لە ئەندامانی حزبەکەی دەکات بچنە ناو خۆپیشاندانی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هاوشانی مامۆستایان بەشدار بن لە نارەزایەتیەکان. چەند ماڵپەڕێکی هەواڵی بڵاویانکردەوە کە ئەو دەنگە هی تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیە.

وەک ئاماژەیەک بە هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت، "لەم ماوەیە نامەیەکی دەنگی هاوسەرۆکی حزبێک لە شاری سلێمانی بڵاو کرایەوە کە چۆن هانی خەڵک دەدات بۆ بەشدار بوون لە خۆپیشاندانەکان. نەک من هەموان دەزانن ئەوە هاوسەرۆکی حزبێکی دیاری کراوە."

ئەحمەد گەرمیانی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەمە و چەندین شتی تر بەڵگەیە کە دەستێوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانەکاندا هەیە. مامۆستا حەقی خۆیەتی، بەڵام خەڵکانێک هەن سوار شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بوون و بۆ مەرامی سیاسی بەکاریان دەهێنن."

بەڵام تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

تارا حسێن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرچەندە ئەو دەنگەی بڵاو کراوەتەوە دەنگی شەخسی من نییە، بەڵام ئێمە هەردوو هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کاتێک بەشدار دەبین لە خۆپیشاندانەکان، کەواتە ئێمە بە ئاشکرا و بە شانازیەوە بەشدار دەبین."

دەشڵێت، "مامۆستایانیش پێشوازی لە بەشداریەکەمان دەکەن چونکە دەزانن ئێمە هیچ بەرژەوەندیەکی شەخسی و بنەماڵەییمان نییە لەو بەشداریانەدا و بەکاریشی ناهێنین...ئەگەر دەیانەوێت هیچ لایەن و هیچ کەسێک دەستێوەردان لە خۆپیشاندانەکاندا نەکات دەبێت وەڵامی داخوازیەکانی مامۆستایان بدەنەوە و هەرچی زووە مافەکانیان بدەن."

بە هۆی دواکەوتنی مووچەی هەریەک لە مانگەکانی 9، 10، و 11 لە هەردوو پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، ماوەی نزیکەی 80 ڕۆژە مامۆستایان دەوامی قوتابخانە حکومیەکانیان ڕاگرتووە و دەڵێن تا ـمووچەکانیان پێنەدرێت ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی چەندین جار سەردانی بەغدادیان کردووە بۆ پرسی موچەکانیان و لە ڕۆژی 26ی مانگی 11ش، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی شارو شارۆچکە جیاوازەکان، هەوڵیاندا خۆپیشاندانەکان ببەنە ساحەی تەحریر لە بەغداد و لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندیەوە داواکاریەکانیان بگەیەنن، بەڵام لە یەکەم خاڵی پشکنینی حکومەتی عێراقی ڕێگریان لێکرا.

بەڵام نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی ڕەتی دەکەنەوە خۆپیشاندانەکانیان خۆڕسکانە نەبێت.

مامۆستا عوسمان گوڵپی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەسەڵات هەوڵیدا کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنێت، بەڵام نەیتوانی خۆپیشاندانەکان هەر فراوانتر بوون، بۆیە کاتێک دەسەڵات ئەمە دەبینێت هەوڵ دەدات چەواشەکاری بکات. دەیانەوێت بڵێن ناڕەزایەتیەکان خۆڕسک نین."

عوسمان گوڵپی دەڵێت خۆپیشاندانەکان بۆ داوای مافەکانی خۆیانە و "ئاسانە دەسەڵات بڵێت خۆپیشاندانەکان دەستی سیاسیان تێدایە، لە کاتێکدایە دۆخی دارایی خراپە."

وتیشی،" هەموو تۆ مەتەکانی مامۆستا ئەحمەد ڕەت دەکەینەوە سەبارەت بە چوونی مامۆستایان بۆ بەغداد لەسەر حسابی هیچ لایەنێک و هیچ کەسێک."