سیناتی ئەمەریکا دەنگی بە پڕۆژەیاسای هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل نەدا

پڕۆژەیاسای بەرێوبەرایەتی جۆو بایدن بۆ دابینکردنی ملیارەها دۆلار لە هاوکاری نوێی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە لایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە ڕەتکرایەوە و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا.

کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا داوا دەکەن لەو پڕۆژەیاسایەدا، ڕێوشوێنی توندتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کۆچبەرانی نایاسایی کە لە سنووری مەکسیکەوە بۆ ناو ئەمەریکا دەپەڕنەوە، زیاد بکرێت.

پڕۆژەیاساکە بە 51 دەنگی نەخێر بەرامبەر بە 49 دەنگی بەڵێ، نەیتوانی دەنگی پێویست لە سینات بەدەست بهێنێت.

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا 100 ئەندامی هەیە و پڕۆژەیاساکە پێویستی بە دەنگی ئەرینی 60 ئەندامی ئەو ئەنجومەنە هەبووە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت.

بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە ببێتە یاسا، جیا لە پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە، پێویستبوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەند بکرێت کە بەو پێیەی زۆرینەی ئەنجومەنەکە لەژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندایە، پێنەدەچوو لەوێش پەسەند بکرێت.

چاک شومەر سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات دەنگی ئەرینی بە پڕۆژە یاساکە نەدا بۆ ئەوەی بتوانێت پێشنیاری پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنەکەدا بکات. بەڵام دوای دەنگدانەکە بە ئاماژەدان بە "مەترسییەکانی سەر دیموکراسی ڕۆژئاوا" هۆشداریدا لەوەی کە ئەوە "ساتێکی جددییە کە لێکەوتەی بەردەوامی بۆ سەدەی 21 دەبێت."

میچ مەککانێل، سەرۆکی کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات ڕۆژی چوارشەممە گوتی، "دەنگدانی ئەمڕۆ هەمان ئەو شتەیە کە سەرکردایەتی دیموکراتەکان پێویستە لێی تێبگات... بۆیە با دواجار ئەولەویەتەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەستبەر بکەین."

کۆمارییەکان دەڵێن پشتگیری لە سیاسەتە توندەکانی کۆچبەری و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی باشووری وڵاتەکە، پێویستییەکی باڵاترە بۆ ئەمەریکا.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دوای ڕەتکردنەوەی پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی سینات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پۆستێکدا بڕیارەکەی ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی بە "هەڕەشەیەک بۆ وەرگرتنی دەستکەوتی سیاسی" ناودێر کرد.

بایدن هەروەها چەند کاتژمێرێک پێش پەسەندنەکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە، داوای لە کۆمارییەکانی کۆنگرێس کردبوو کە "سیاسەت" وەلا بنێن و پاکێجی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا دەستبەجێ پەسەند بکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دابوو لەوەی پەسەندنەکردنی ئەو پاکێجەی یارمەتییەکان، هەوڵەکانی ڕووسیا لە شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا پیش دەخات.

بایدن هەروەها ڕایگەیاندبوو بۆ ڕازیکردنی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات کە دژی هاوکارییەکانی ئۆکرانیان، ئامادەیە بە شێوەیەکی جددی لەسەر پرسەکانی سنوورەکان و سنووردارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی سازش بکات.

هەرلەم چوارچیوەیەدا، جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی سینات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بودجەیەی سەرۆکی ئەمەریکا داوای کردووە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا زۆر گرنگە، لەوانەش بۆ ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئیسرائیل و ئۆکرانیا، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە سەرانسەری جیهان، هەروەها بۆ پتەوکردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئەمەریکا و بەرەنگاربوونەوەی هاتنی ماددەی هۆشبەر بۆ ئەو وڵاتە.

کۆماریخوازان و دیموکراتەکان لە کۆنگرێس ماوەی چەند هەفتەیەکە مشتومڕ لەسەر پەسەندکردنی داواکاریی بودجەی بەڕێوبەرایەتی بایدن بە بڕی 106 ملیار دۆلار دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا، ئیسرائیل، پاراستنی ئاسایشی سنووری ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز