ڕۆیتەرز دەڵێت ڕۆژنامەوانێکی بە بۆمبی تانکەکانی ئیسرائیل کوژراوە

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، تیمێکی تانکەکانی ئیسرائیل لە 13ی مانگی دە لە لوبنان بەهۆی ئاڕاستەکردنی دوو بۆمبی یەک لە دوای یەکەوە ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسەکەیان کوشتووە و شەش پەیامنێریشیان بریندارکردووە، لەکاتێکدا ڕۆژنامەنووسەکان خەریکی وێنەگرتنی تۆپبارانی سنوور بەزاندنەکان بوون.

ڕۆیتەرز دەڵێت لە ئەو دوو گولە تانکە بوونە هۆی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی ڕۆیتەرز عیسام عەبدوڵڵای تەمەن 37 ساڵ و بە خەستی برینداربوونی کریستینا عاسی تەمەن 28 ساڵ کە فۆتۆگرافەری ئاژانسی فرانس پرێسە.

ڕۆیتەرز قسەی لەگەڵ زیاتر لە 30 بەرپرسی حکومی و ئەمنی، پسپۆڕانی سەربازی، لێکۆڵەرەوانی پزیشکی دادوەری و پارێزەر و پزیشک و شایەتحاڵ کردووە بۆ ئەوەی بە وردی شڕۆڤەی ڕووداوەکە بکەن. ئاژانسه هەواڵییەکە پێداچوونەوەی بە چەندین کاتژمێری گرتە ڤیدیۆیی هەشت دەزگای ڕاگەیاندنی ئەو ناوچەیەدا کردووە کە لەو کاتەدا وێنەیان گرتووە و سەدان وێنەی پێش و دوای هێرشەکە، لەنێویاندا وێنەی مانگی دەستکردی ئاست بەرزی وردبین.

هەروەها لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیدا، ڕۆیتەرز دەڵێت بەڵگەی لە شوێنی ڕووداوەکە کۆکردۆتەوە لەوانە پاشماوەی تەقینەوەی بۆمبەکان لەناو ئۆتۆمبیلەکەی ڕۆیتەرزدا.

ڕێکخراوێکی هۆڵەندی بۆ توێژینەوەی زانستی (TNO) کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەی سەربەخۆیە و تاقیکردنەوە و شیکاری لەسەر تەقەمەنی و چەک دەکات بۆ وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا، لە تاقیگەکانی لە لاهای پشکنینی خۆی کردووە بۆ کەیسەی ڕۆیتەرز.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەنجامەکانی خۆی خستۆتە بەردەم هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل کە گولەی تانکەکان لە ناوخۆی ئیسرائیلەوە تەقێنراون و ڕووبەڕووی ئەوەی کردونەتەوە کە ئایا سەربازانی ئیسرائیل دەزانن کە تەقە لە ڕۆژنامەنووسان دەکەن.

لیوا کۆلۆنێل ڕیچارد هێخت، وتەبێژی نێودەوڵەتی هێزەکانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێمە ڕۆژنامەنووسان ناکەینە ئامانج." ناوبراو هیچ لێدوانێکی زیاتری لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.

ئەو گروپەی کە بوونەتە ئامانجی بۆمبەکان لە حەوت پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس، جەزیرە و ڕۆیتەرز پێکهاتبوون، هەموویان چاکەت و کڵاوی شینیان لەبەردا بووە، زۆربەیان بە پیتی سپی لەسەر چاکەتەکانیان نوسراوە "پرێس". ئەو ڕۆژە ڕۆژنامەنووسانی لانیکەم حەوت دەزگای ڕاگەیاندنی دیکە لە ناو گوندی عەلما ئەلچاب و دەوروبەریدا بوون کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە.

ئەلیساندرا گالۆنی، سەرنووسەری ڕۆیتەرز دەڵێت "ئەو بەڵگانەی ئێستا لەبەردەستماندان و ئەمڕۆش بڵاومانکردوونەتەوە، دەریدەخەن کە تیمێکی تانکی ئیسرائیلی عیسام عەبدوڵڵای هاوکاری ئێمەیان کوشتووە."

هەروەها دەشڵێت "ئێمە کوشتنی عیسام ئیدانە دەکەین و داوا لە ئیسرائیل دەکەین ڕوونی بکاتەوە کە چۆن ئەمە ڕوویداوە و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە کوشتنی عیسام و برینداربوونی کریستینا عاسی لە ئاژانسی فرانس پرێس و هاوکارەکانمان تایەر ئەلسودانی و ماهر نازە و سێ ڕۆژنامەنووسەکەی دیکە."

هەروەها دەشڵێت، "عیسام ڕۆژنامەنووسێکی درەوشاوە و زۆر ئیشکەر بووە، لە ڕۆیتەرزدا زۆر خۆشەویست بووە."

ئاژانسی فرانس پرێس داوای ڕوونکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات.

فیل چێتویند بەڕێوەبەری هەواڵی جیهانی ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، "بەتەواوەتی زۆر گرنگە ئیسرائیل ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بڵاوبکاتەوە سەبارەت بەوەی چی ڕوویداوە. بە ئامانجگرتنی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس کە بە ڕوونی وەک میدیاکار ناسێندرابوون، جێی قبووڵ نیە و هیچ بەهانەیەک هەڵناگرێت."

هەروەها ئیحتیشام هەیبەتوڵڵا، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کەناڵی جەزیرە، دەڵێت، "لێکۆڵینەوەکانی ڕۆیتەرز سەبارەت بە هێرشەکەی 13ی ئۆکتۆبەر جەخت لەسەر شێوازە ترسناکەکەی ئیسرائیل دەکاتەوە کە بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنی پەیامی ڕۆژنامەوانان."

یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی ڕێگری دەکات لە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان بەو پێیەی ئەوانەی لە میدیای هەواڵەکاندا کاردەکەن تەواوی پارێزبەندیان هەیە وەک خەڵکی مەدەنی و ناتوانرێت بە ئامانجی سەربازی هەژمار بکرێن.

لە ڕۆژانی دوای هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە پێداچوونەوە دەکەن، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکیان لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

کارۆلین ئێدگەرتۆن، شارەزای یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کە کاری لەسەر دۆسیەکانی تاوانەکانی جەنگ لە باڵکان کردووە، وتی وێنەگرتنی پێگەی تانکەکانی ئیسرائیل لە سنوورەکان ڕەنگە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر سوپای ئیسرائیل هەژمار کرابێت، ئەگەر ئەو زانیاریانە بە "بەهای ئامانجکردن بۆ هێزەکان سەیر بکرێت لە لوبنان."

لە وەڵامێکی نووسراودا بۆ پرسیارەکانی ڕۆیتەرز دەڵێت، "پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و ڕەنگە ببێتە تاوانی جەنگی هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی".

بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ لە ساڵی 1949 کە لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراون، بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی مەدەنی یان ئامانجی مەدەنی بەپێی یاساکانی شەڕی چەکداری بە توندی قەدەغەیە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز