وا زیاتر لە چوار ساڵە کابینەی نۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات، بەڵام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە بووەتەوە یەک لەوانە وەک دەڵێن ناکۆکی و گرژی لە نێوان تەنانەت بەرپرسە باڵاکانی کابینەکە، تەنانەت هەندێک پێیان وایە ساردیش لە نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتدا هەیە، سەرەڕای پرسی گوزەران و خزمەتگوزاری، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کەم نین ئەوانەی کە پێیان وایە ئەم کابینەیە جیاواز بووە و کابینەی خزمەتگوزاری و چاکسازی بووە و کاری باشی کردووە.
دەپرسین:
ئەو کارە باش و گرنگانەی کابینەی نۆ ئەنجامی داون چین؟
ئەی کەموکوڕییەکانی کابینەکە چین؟
هەتا چەند پەیوەندییەکانی کابینەی نۆ و حکومەتی ناوەندی سەرکەوتووە بووە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی هەڵسەنگاندنێک بۆ کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری :
سلێمان عەبدوڵا یونس، سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی خەندان.
کاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی.
عەبدولڕەزاق شەریف ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس.
Your browser doesn’t support HTML5
سلێمان عەبدوڵا یونس:
"کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردەمێکدا بووە کە هەرێمی کوردستان ڕوو لە لێژی بووە، ئەم کابینەیەش زیاتر ڕوو لە لێژی ڕۆیشتووە، هیوادارم هەموو خاڵەکانی ئەم کابینەیە ئیجابی بووایە، نازانم هەرچی بیر دەکەمەوە نازانم باسی چ پێشکەوتنێکی حکومەتی هەرێم بکەم! قەت بەقەد ئێستا ناکۆکی لە نێوان دوو دامەزراوەی وەک (سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت) بە ئاشکرا دیارنەبووە، ئەمە سەرەڕای بوونی ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتی."
کاوە ئەحمەد:
"کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم توانیوێتی دەست بۆ شتێک ببات کە پێشتر کەمتر دەچوین بەلایدا، ئەویش ئیرادەی چاکسازی بوو، ڕەوڕەوەی چاکسازی بە شەو و ڕۆژێک بەدەست نایەت، بەڵام بە پلانە، لەم کابینەیەدا تیمێکی زۆر جوان و کارا هاتنە کایەوە، یەکێک لە جوانەکانی ئەم کابینەیە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو کە تیمێکی کارا بوو بۆ سەردانی بەغداد، ئەم کابینەیە هەنگاوی باشی هاویشت، بەڵام بەداخەوە لە ناوخۆی حزبی کوردی کێشە هەبوو هەریەکەی بە پشکی خۆی."
"ئەم کابینەی حکومەتە هەستی بە نەزیفی داهات کرد، شاردنەوەی داهات لە هەندێک لە خاڵە سنوورییەکان لە خەزێنەی حکومەت، بۆیە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم بە جورئەتەوە دانی بە کەموکوڕییەکان برد، بۆیە پێم وایە ئەم حکومەتە دەبێت لە ڕەوڕەوەی دیموکراسی لانەدات، دەبێت گوێ لە ڕەخنەگران بگرێت و پلانی کورت مەودای هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئەزمانەی ئێستا هەیە."
عەبدولڕەزاق شەریف:
"منیش وەک کاک کاوە و کاک سلێمان و هەموو کەس ناتوانم دەسکەوتێکی ئەم کابینەیە باس بکەین، چونکە نەک هەر دەسکەوتی نەبووە، بەڵکو لە هەموو کابینەکانی پێش خۆی خراپتر بووە، خۆشحاڵ نین بەوەی وا دەڵێم، با باسی خزمەتگوزاری بکەین کە حکومەتی پێ هەڵدەسەنگێنرێت، کارەبا لە هەموو عێراقدا، وە لە هیچ کابینەیەک بەوەی 1992وە نەبووە وەبەرهێنان بگاتە سفر، کەچی بینیمان لەم ڕۆژانەدا وەبەرهێنانەکەی گەیشتە سفر، پرۆسەی چاکسازی کە لەم کابینەیە خستیانە جێبەجێکردن، هەموو موچە پێشتر 895ملیار دینار بووە بە زمانی خۆیان، کەچی ئێستا کە چاکسازییان کردووە بووەتە 945ملیار دینار، ئەمە چ چاکسازییەکە لەکاتێکدا باج و هەموو شتێک لەسەر هاوڵاتیان زیادییان کردووە."
"لە ڕووی ئازادی ڕادەربڕینەوە بزانە چەند ڕۆژنامەنووس خراونەتە زیندان و چەند کەس لێی دراوە، لەسەر ئازادی بیروڕا، ئەڵێن قەیس خەزعەلی و حەشدی شەعبی بۆردومانمان دەکەن کەچی سبەی هەر ئەوان دەبینی دەستیان لە ناو دەستی یەکدایە و کۆدەبنەوە و پێدەکەنن، لەکاتێکدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چونە بەغداد و سازشییان بۆ کرد نەک هەر کۆببنەوە لەگەڵی، ئیتر من چۆن بڕوا بەمانە بکەم."
ئەوە باسی حاڵی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگەش ناکەم کە چۆنن، کە هەر بەپێی دەستوری عێڕاق و عورفیش عەیبە وەزارەتێکی سەربازی بێت پارە لە هێزێکی ئەجنەبی وەربگرێت بۆ خۆڕێکخستن و موچە! ئەمە لەکوێی دنیادا هەبووە؟!"