سەرۆکی بۆردی مادەی 140: عێراق 900 هەزار دۆنم زەوی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەگێڕێنێتەوە بۆ کورد و تورکمان

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی مادەی 140 لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی بۆردی مادەی 140 لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕاسپاردەیان ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە بۆ گێڕانەوەی 900 هەزار دۆنم زەوی بۆ کورد و تورکمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە ئەو زەوییانە لە چوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەبکردندا دراون بە "عەرەبی هاوردە"، حکومەتی عێراقیش ڕەزامەندی دەربڕیووە و لیژنەی بۆ پێکهێناوە.

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی مادەی 140 لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق پرۆژە یاسایەکی ناردووە بۆ پەرلەمان، تا بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعس هەڵبوەشێنێتەوە. داواشمان لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە گرێبەستی زەوی کشتوکاڵی بۆ عەرەبە هاوردەکان نوێ نەکەنەوە."

ئەو وتیشی، "200 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە. ئەم بڕە پارەیە پرۆسەی قەرەبووکردنەوە بە 20 ساڵی تر تەواو ناکات، بۆیە پێشنیارمانکردووە پارچە زەوییەک بدرێت بەو کوردانەی لە سەردەمی بەعس ڕاگوێزراون و بەغداش نەرمی نواندووە."

سەرەڕای ئەم پێشهاتە، دژوار فایەق پێیوایە هەنگاوەکان بە لەسەرخۆیی بەڕێوە دەچن و داوای لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد چاودێری جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مادەی 140 بکەن.

لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا و لە سەرەتای ساڵانی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکور و ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعس، بە هەزاران دۆنم زەوی لە کورد و تورکمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان سەندران و دران بە عەرەب.

لە دوای ساڵی 2005، بە هەزاران خێزانی "عەرەبی هاوردە" لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەی 140 دا، بڕی 20 ملیۆن دیناری عێراقییان وەکو قەرەبوو وەرگرت، بەڵام نەگەڕانەوە بۆ ناوچەکانی پێشووتریان و تا ئێستا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ماونەتەوە، ناو بەناو لەگەڵ کوردەکاندا لە سەر خاوەندارێتیکردنی زەوی کێشە لە نێوانیان ڕوو دەدات.

لەوبارەیەوە دژوار فایەق وتی، "عەرەبی هاوردە کە قەرەبووکراونەتەوە بۆیان نییە بگەڕێنەوە، لەمەودوا ئەم بابەتە لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر دەکەین."

هەروەها وتیشی، "ئەو خێزانانەی لەمەودوا قەرەبووی مادەی 140 وەردەگرن، دەبێت واژو بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی پێشووتریان بکەن، گەر نەگەڕێنەوە توشی کێشەی یاسایی دەبن."

مادەی 140ی دەستوری عێراق لە سێ قۆناغ پێکهاتووە، قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و ڕاپرسی. بەڵام دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر ڕووخانی رژێمی بەعس دا، هێشتا قۆناغی ئاساییکردنەوە جێبەجێ نەکراوە.

"عەرەبی هاوردە" بەو خێزانە عەرەبانە دەوترێت کە لەدوای ساڵی 1970 حکومەتی بەعس لەناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە هێنانی و لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و لەسەر زەوی و زاری کوردەکان جێگیری کردن.

دژوار فایەق ڕوونیکردەوە، ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنها دیموگرافیایان لە ڕێگەی "عەرەبی هاوردە"وە نەگۆڕدراوە، بەڵکو دەستکاری سنوری ئیداری کەرکوکیش کراوە، قەزاکانی کەلار، خورماتوو، کفری و چەمچەماڵ لەکەرکوک دابڕێنراون.

ناوبراو وتی، "بابەتی دەستکاریکردنی سنوری کەرکوکیشمان لەگەڵ عێراق وروژاندووە، ئەوان وتیان مەسەلەکە لای سەرۆک کۆمارە و کوردە. ئەوەی من بینیم بابەتی قەرەبوو ئاسانترە و بەهێواشی دەڕوات بەڕێوە، بەڵام بابەتی دەستکاریکردنی سنوری ئیداری و ڕاستکردنەوەی قورسە."

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی پێشووی کۆماری عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، لەبارەی هۆکاری هەوڵنەدانیان بۆ گێڕانەوەی قەزاکانی کەلار، چەمچەماڵ، خورماتوو و کفری بۆ سەر کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر کاتێک مام جەلال سەرۆک کۆمار بوو ئەم مەسەلەی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، بەڵام گێڕانەوەی ئەو قەزایانە بۆ سەر کەرکوک لەڕووی واقعییەوە قورسە."

سەرچاوەکە وتیشی، "پێشتر چەندین پارێزگا بوونیان نەبووە و سەر بە پارێزگای تر بوون، وروژاندنی مەسەلەی سنوری ئیداری ڕابردوو، لە چەندین پارێزگای تر گرفت دروست دەکات، بۆیە سەرناگرێت."

لای خۆشیەوە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەمە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "گفتووگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق پەیوەستن بە دۆسیەی نەوت و بودجەو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، گفتووگۆکان باش بەڕێوەدەچن."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر