مانەوەی ئاوارەکانی ئاکامی شەڕی داعش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان

وا زیاتر لە چوار ساڵە کۆتایی بە خەلافەتەکەی داعش لە عێراق و سوریا هێنراوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی خەڵکی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای عێراق و تەنانەت ئاوارەی خەڵکی سوریاش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.

دەپرسین:

بۆچی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە هێشتا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین؟

چی ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە؟

گوزەران و دۆخی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە چۆنە؟

ئایا هەرێم و عێراق چ هەماهەنگییەک لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بە پرسی ئاوارە و پەنابەران؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی پرسی مانەوەی ئاوارە و پەنابەرانی ئاکامی شەڕی داعش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری:

عەلی جیهانگیر، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق.

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

مانەوەی ئاوارەکانی ئاکامی شەڕی داعش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان

عەلی جیهانگیر:

"لە ساڵی 2014 ئەوکاتەی 5 ملیۆن ئاوارەبوون لە عێراق لە 80%یان ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان، ئێمە دەزانین دۆخییان باش نییە، بە تایبەت ئەوانەی شەنگال بەهۆی دۆخی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لە ناوچەکانیان تا ئێشتا نەگەڕاونەتەوە، ئەوانەی سوریا لای حکومەتی عێراقی وەک ئاوارە دانراون، بەڵام لای حکومەتی هەرێم و هەندێک لە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پەنابەر دانراون، تا ئێستا ئەوانەی سوریا هەر حکومەتی هەرێم خۆی هاوکاری دەکات، بەهۆی ئەو پێناسەیەی کە ئێمە بە ئاوارەیان دادەنێین و حکومەتی هەرێم بە پەنابەر، حکومەتی عێراق دەستی بەستراوە و ناتوانێت هاوکاریان بکات."

"لە دەستوری عێراقی پەنابەری سیاسیمان نییە، بۆیە لەکاتی ڕێککەوتندا وەهامان دانا کە ئەمە ئاوارەی سنوورن، ئەمەش لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێچەوانە بوون، چونکە لای ئەوان پەنابەربوون، لە ئەنجومەنی وەزیران لە سەرو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمرمان بۆ هات کە لەگەڵUNHCR کە ئەوانەی مەخمور وەک پەنابەر بناسێنین بەس ئەوانەی سوریا وەک ئاوارەی سنوور، ئێمە تا 2011 و 2013ش وەک حکومەتی عێراق هاوکاری ئەوانەمان دەکرد کە کەمپەکانی کوردستان، بەڵام لە دوای ئەوەوە بە ڕاستگۆیی بڵێم نەخێر هاوکاریمان نەکردوون، چونکە بەبێ هیچ داتا و فایل و بەڵگەیەک ناتوانین هاوکاریان بکەین، چونکە ئەو کات لیژنەی دەستپاکی دێن لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەکەن لەسەر ئەوەی لەسەر چ بنەمایەک هاوکاری ئەو کەمپانەمان کردووە بە بێ فایل و دۆکیۆمێنت و داتایەک؟"

عەلی سەعید:

"لە سەرەتادا ئێمە 2 ملیۆن کەس لە ناو کەمپەکان بوون، 58 کەمپ هەبوون، بەڵام ئێستا 35 کەمپ ماوە، کە 25 کەمپ بۆ ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراقە، 10 کەمپیش بۆ ئاوارەی سوری و دەرەوەی عێراقە، ژمارەی پەنابەرە سورییەکان 251 هەزار پەنابەرە، وە پەنابەری تورکیمان هەیە کە نزیکەی 8 هەزار کەسن و پەنابەری ئێرانیشمان هەیە کە 8361کەسن، هەروەها پەنابەری فەلەستینیشمان هەیە کە 619 کەسن، وە نزیکەی 965 کەس لە هەڵگری وڵاتنامەی وڵاتانی تر لەکوردستان هەیە کە هەموو ئەوانە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی تۆمارکردنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون، ئێستا لە 669ی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە لە دەرەوەی کەمپەکان لە ناو کۆمەڵگای خانەخوێ دەژین و سوودمەندن لە سەرجەم سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان کە حکومەتی هەرێم پێشکەشی هاووڵاتیانی خۆی دەکات."

"ئەوەی هەیە کەمبونەوەی هاوکاری ڕێکخراوەکانی هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەهۆی ئەوەی ئێستا لە شوێنی تری جیهان لە ئۆکرانیا و سودان و چەندین وڵاتی تر ئاوارە و پەنابەر هەن، بۆیە هاوکارییەکانیان وەک کاری پێشینەیان دەبەنە ئەوێ، بەڵام عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێمان وایە دەتوانێت ئەو کەموکوڕییانە پڕبکاتەوە، ئەوەی گرفتە پەیوەندی هەیە بەوەی بۆچی حکومەتی عێراقی پەنابەرە سورییەکان وەک ئاوارەی ناوخۆی عێراق تا ئێستاش دەناسێنێت و ئامادە نییە وەک پەنابەر بیانناسێنێت."

"هەموو داتاکان بە وردەکاری و زانیاری تەواوەوە بڵاومان کردووەتەوە لە وێبسایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داویشمانە بە خۆیان وەک حکومەتی عێراق، وە نوسینگەیان هەیە وەک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە شارەکانی هەرێم هەمیشە داتاکان کە بڵاودەکەینەوە بۆ ئەو نووسینگانەشمان ناردووە، ئامار و زانیاری و داتاکانی ئێمە ورد و تەواو و دروستن، بەڵام هەندێک کات کێشەکە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش نییە تەنانەت."