دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی قەزای سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانی کە تێیدا دوو خۆپیشاندەر بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێک بەوهۆکارە دەستگیرنەکراوە و مەترسی داخستنی کەیسەکەشیان لە دادگا هەیە.
ئێوارەی 8-12-2020 ژمارەیەکی فراوان لە گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکانی سەیدسادق لەبەرامبەر کەمی خزمەتگوزاری و نیگەرانیان لە پەراوێزخستنی شارەکەیان، خۆپیشاندانێکی فراوانیان ئەنجامدا و ژمارەیەک هێزی ئەمنی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە ، دوای سوتاندنی سەرجەم بارەگا حیزبیەکان و چەند دامەزراوەیەکی حکومی دوو مێردمنداڵ بە ناوەکانی هەرێم عەلی و ئاکار جەبار بە گولە ی هێزە ئەمنیەکان گیانیان لەدەستدا .
هێمن عەلی میراوا لە 4- 6- 2005 لە سەیدسادق لە دایک بووە ومنداڵی بچووکی خێزانەکەی بووە، لە قۆناعی حەوتەمی بنەڕەتی بووە و لە قوتابخانەی مەشخەڵان، لە ئێوارەی 8-12-2020 لە خۆپیشاندانەکاندا و لەسەر شەقامێکی سەرەکی گولەیەکی بەر سەری کەوتووە و گیانی لە دەستداوە .
هەرێم عەلی، برای ئەو خۆپیشاندەرە کوژراوە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"تا ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، ئێمە سکاڵامان لەسەر کەس وەک تاک تۆمارنەکردووە، بەڵام سکاڵامان لەسەر ئەو هێزەیە کە هێنرابوو بۆ ئەم شارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان ، ئەگەر ئەم کەیسە داخرێت هەڵوێستی توندمان دەبێت".
ئاکار جەبار مەحمود لە 26-5-2004 لە سەیدساق لە دایک بووە، لە 8-12-2020 لە خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق برینداربووە و لە 2020-12-17 گیانی لەدەستداوە.
شاخەوان عەبدوڵا مامی ئاکار جەبار لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هێزێکی زۆر بوون، هاتبوون و ئاکار لە8-2020-12 بریندار بوو ، لە 17-12-2020 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، چەند چەکدارێکی دەمامکداربوون کە تەقەیان لێکردبوو، ئێستا بە بیانووی نەبوونی شاهید بۆ دەستنیشانکردنی تۆمەتبارەکان دەیانەوێت کەیسەکە دابخەن".
تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش ماوەی سێ ساڵە کەیسەکەیان لە ئەستۆی خۆیان گرتووە و ئاماژە بەوە دەکەن لە دادگا کەیسەکە داخراوە، بەڵام لە دادگای پێداچوونەوە تانەمان لەم بڕیارە داوە و ئەوانیش پشتیوانیان لە بڕیارەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی سەید سادق کردووەکە دابخرێت بەشێوەیەکی کاتی. دەڵێن ئەوانەی خۆپیشاندەر بوون ئێستاش بانگ دەکرێن و دادگایی دەکرێن، بەڵام مایەی تێڕامانە بۆ ئەم کەیسە تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێک دەستگیر نەکراوە .
فەرمان حەسەن ئەحمەد پارێزەر خۆبەخشی کەیسەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" دوای ماوەیەکی زۆر لە پێشکەش کردنی زانیاری و داواکاری بە داخەوە، دادگا پێی وایە ناتوانرێت تۆمەتبارەکان بدۆورێنەوە و کەیسەکە بەرەو ئاڕاستەی داخران ئەڕوات،بەو هۆکارەی کە شایەتحاڵ لەسەر تۆمەتبارەکان نیە، لەکاتێکدا ئێمە پێمان وایە کە دەتوانرێت تۆمەتبارەکان بدۆزرێنەوە، چونەکە تەقەکەرەکان لە کاتی دەوامی ڕەسمیدا بوون".
پارێزەرە خۆبەخشەکەی کەیسەکە وتیشی" چەندین کەسی خۆپیشاندەر بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە دەزگاکان دۆزرانەوە و دادگایی کران ، ئەی بۆ تەقەکەرەکان نادۆزرێنەوە ، بەشی ئەوە بەرچاو ڕوونی لەبەردەم دادگا هەیە کە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامی پێ بدات، بەڵام تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێک دەستگیرنەکراوە" .
ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ، لە دوای خۆپیشاندانەکە چەندین گەنج و چالاکوان لەترسی گرتنیان ڕوویان لە دەرەوەی ووڵاتکردووە و ئێستا بوونەتە پەناهەندە، هەر هەوڵێک بۆ داخستنی ئەم کەیسە، بەخۆپیشاندانی بەرفراوان وەڵامدەدەنەوە.
ئەیوب سلێمان یەکێک لە چالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەو دوو خۆپیشاندەرەی کە کوژران تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەبوو ، ئەمە بەپێی هەموو پرنسیپەکانی مافی مروڤ تاوانە، هەر هەوڵێک بۆ داخستنی ئەم کەیسە بە خۆپیشاندان وەڵام دەدەینەوە، چوونکە ئەوانەی تەقەیانکردووە ئێستا ژیانیان لەو گەنجانە خۆشترە کە بەهۆی ترسی دەستگیر کردنیان، ڕوویان لە ووڵاتانی دەرەوە کردووە و بونەتە پەناهەندە ".
دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی کرد بە ژمارەیەک لە ئەندامانی داواکاری گشتیەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێگەپێدانیان بۆ لێدوانی ڕۆژنامەوانی نەیانتوانی لێدوان لەسەر کەیسەکە بدەن .
پارێزەرێکی ڕاوێژکار لەسەر بڕیارەکەی دادگای لیکۆڵینەوەی سەیدسادق دەڵێت "دەسەڵاتی دادوەر دیاری کراوە، ئەگەر دادگا گەیشتە ئەو باوڕەی کە بەڵگەی تەواوەتی لەسەر ڕووداوێک نییە، ئەوا بەپێ مادەی 2 لە یاسای دادگەرە سزاییەکان بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی ساڵێک دادەخرێت.
وریا عەلی پارێزەری ڕاوێژگار لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند"بە پێی مادەی (302) لە یاسای دادگەرە سزاییەکان ئەگەر دۆسیەکە لە لێکۆڵینەوەدا بێت تا ساڵێک دادگا، لەسەر دۆسیەکە دەوەستێت، دوای ساڵێک داخستنەکە دەبێتە داخستنی کۆتایی.
لە سێهەمین ساڵیادی قوربانیەکاندا کەس و کاری قوربانیەکان، دوایانکرد لێکۆڵینەوەکان بەردەوامیان پێ بدرێن و داخستنی ئەم کەیسەشیان ڕەتکردووە و ئاماژەشیان بەوەکرد قەزای سەیدسادق بە پەراوێز خراوی ماوەتەوە وبێدەنگ نابن لە هەر هەوڵێک بۆ داخستن و کۆتایی پێهێنانی ئەم کەیسە.
Your browser doesn’t support HTML5