جەبار یاوەر: لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا تا ئێستا داعش کاری تیرۆرستی خۆی ئەنجام دەدات

لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، شارەزایانی بواری سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا داعش مەترسیەکی جدیە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان. چونکە کردەی تیرۆر و کوشتتن لە عێراق و وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات، بۆیە راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا تەنها وەک "وەهم و خۆڵکردنە چاوی خەڵک" ناو دەبەن.

مانگی 12ی 2017، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، دوای سێ ساڵ لە شەڕی دژ بەداعش، سەرکەوتنی بەسەر ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەدا لە عێراق ڕاگەیاند.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"داعش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی جیهانی مەترسی گەورەی هەیە لەسەر جیهان نەک تەنها هەرێمی کوردستان و عێراق، تا ئێستا لە ناو نەبراوە و کاری تیرۆرستی خۆی ئەنجام دەدات."

وتیشی،"لە ڕووی کاری تیرۆرستی و پاڵپشتی ماددی و مرۆییەوە کەمتوانایە لە ئێستادا، بەڵام بەتەواوی لەناو نەبراوە."

دوای تێپەڕ بوونی 9 ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و تێپەڕبوونی 5 ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنیدا، بەڵام هێرشە تیرۆرستیەکانی بەردەوامە. لە 11ی مانگی 6ی 2023شدا لە ڕۆژ ئاوای کەرکوک داعش هێرشێکی ئەنجامداو و بە هۆیەوە 2 سەربازی عێراقی گیانیان لەدەستدا.

حەمدی گلی شارەزای بواری ئاسایشی نیشتیمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەو ڕۆژەوە کە دەوترێت سەیتەرە کراوە بەسەر داعشدا تا ئەمڕۆ، چەندین کەس کوژراوە بە دەستی داعش، ئەمە وەهمیە نا حەقیقەتە و خۆڵکردنە بە چاوی خەڵكدا."

وتیشی،"لە دوای ڕاگەیاندنت سەرکەوتن، کۆمەڵێک حەشد دروست بوون بێ دایک و باوک بەرەڵایی گەورە دروستبووەکە بۆتەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک تاوان و دەستدرێژی بکەنە سەر خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بە ناوی سەیتەرە کردن بەسەر دەعشدا."

هەرچەندە لە مانگی 8ی 2014 هاوپەیمانێتی نێو دەوڵەتی دژی داعش لەڕووی چەکداریەوە دامەزرا و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بوون بە بەشێک لەو هاوپەیمانێتیە، بەڵام بوونی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش لە کەمپەکان و زیندانەکانی سوریادا وەک مەترسی سەرەکی لێکدەدرێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کەمپی هۆل لە سوریا کە نزیکەی 56 هەزار کەسی تێدایە، بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن.

بە پێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی 30 هەزار گەنجی تەمەن 14 بۆ 17 ساڵان لە ناو ئەو کەمپەدا دەژین کە سەر فکری داعش پەروەردە کراون. لە نێو زیندانەکانی سوریاشدا نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش ماون.

جەبار یاوەر دەڵێت،"لە ڕووی کاری سەربازیەوە نا، بەڵام هێشتا فکری داعش وەک فکرێکی تیرۆرستی هیچ کارێکی لەگەڵ نەکراوە لە جیهاندا تا ئێستا هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی پتەو نییە بۆ شەڕی فکری تیرۆرستی داعش لە جیهاندا. بۆیە بەردەوام لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە فکری داعش بڵاو دەکەنەوە. حەقیقەت مەترسی ماوە سەبارەت بەو کەسانەی هەڵگری فکری داعشن."

وتیشی،"بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە داعش و خێزان و ئەندامەکانیان لە زیندانەکانی سوریا، لە هەر ئەگەرێکدا مەترسین لەسەر ناوچەکان."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنور کەریم