لە دوای هەموو ڕووداو و کارەساتێک گرنگە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە وردی لە هۆکار و ئاکامەکەی بکۆڵنەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر تاوەکو هەر هیچ نەبێت ئەگەر ئەو جۆرە ڕووداوانە بنبڕ نەکرێت کەمبکرێنەوە. لە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی قەزای سۆران 14 کەس گیانیان لەدەست دا، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن سەرجەم قوربانییەکان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە و نەیانتوانیوە خۆیان ڕزگاربکەن و نەتوانراوە ڕزگاربکرێن.
دەپرسین:
هۆکاری کەوتنەوەی ئاگری باڵەخانەکەی سۆران چی بوو؟
بۆچی قوربانییەکان نەیانتوانیووە خۆیان دەرباز بکەن؟
بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوە چی بکرێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکرێت بە میوانداری:
1- هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران.
2- عەقید بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی فەرمی بەرگری شارستانی دهۆک.
3- عەباس ئەمیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی قەزای سۆران .
4- ئەندازیاری ڕاوێژکار عومەر حاجی عینایەت هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری پێشووی مۆڵەتی پرۆژەکان، هەروەها سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5
لە میانەی بەرنامەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.
1- پیاداچوونەوە بکرێت بە مەرجەکانی سەلامەتی لە پێدانی مۆڵەتی بیناسازی باڵەخانەکان و شوێنە گشتییەکاندا، بۆ نمونە ئەو کەرەستانەی لە باڵەخانەکاندا بەکاردەهێنرێن، وەکو سەقفی سانەوی و پەنجەرەی پلاستیک.
2- مسۆگەر بکرێت لە باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان زەنگی کەوتنەوەی ئاگریان تێدایە لەگەڵ گڵۆپ و لایەتی تایبەت بە باری نائاسایی. هەروەها لە باڵەخانە و ئەپارتمانە بەرزەکاندا پێویستە سیستمی ئاوپرژێنی ئۆتۆماتێکی هەبن لە حاڵەتی کەوتنەوەی ئاگردا.
3- بەو پێـیەی شۆرتی کارەبا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان، پێویستە لە کاتی پێدانی مۆڵەتی بیناسازی، تیمێکی تایبەت تۆڕەکانی کارەبای باڵەخانەکان هەڵبسەنگێنن و لە پاش تەواوبوونی دروستکردنی هەر باڵەخانەیەک پشکنین بۆ تەواوی تۆڕی کارەباکەی بکرێت. هەر گۆڕانکارییەک لە ئایندەدا لە تۆڕی کارەبای هەرچ باڵەخانەیەک بکرێت، پێویستە مۆڵەتی بۆ وەربگرێت.
4- توندکردنی یاسا و ڕێساکان بۆ پێدانی مۆڵەت بە پیشە و کارەکان لە شوێنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبووندا.
5- بەرگری شارستانی بەشێک بێت لە لایەنی پێدانی مۆڵەتەکان.
6- بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێویستە خەڵکی هوشیاربکرێنەوە لەوەی چۆن لە کاتی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە خۆیان لە نێو باڵەخانەکاندا ڕزگاربکەن.
7- هەر کەسێک نیشتەجێی ئەپارتمانەکان بێت دەبێت بزانێت ڕێوشوێنی خۆدەربازکردن لە کاتی کەوتنەوەی ئاگر لە باڵەخانەکەدا لە کوێیە.
8- پێویستە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن ئامێر و کەلوپەلی تەواویان بۆ دابینبکرێت، بە شێوەیەک بتوانن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ناو باڵەخانە زۆر بەرزەکاندا بکەن، تەنانەت بۆ حاڵەتی ڕوودانی کارەساتی ئاکامی بوومەلەرزەش.
9- بەهۆی گەورەبوونی شار و شارۆچکەکان پێویستە ژمارەی بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن زیادبکرێن.
هەڵگورد شێخ نەجیب:
"هەتا ئێستا ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە نەگەیشتونەتە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران، بەڵام زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی ڕوودەدەن زیاتر شۆرتی کارەبایە، ئەوەی کە باسی خەڵوزی نێرگەلە دەکرێت بە هیچ جۆرێک ڕاست نییە، چونکە لەو کاتەدا کەس لە قاتی خوارەوە نەبووە، ئەوەی گرنگە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە نییە، هێندەی گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێنەوە، ئەو هەموو کەسە بۆ بوونە قوربانی؟! بۆچی هەوڵی خۆ ڕزگارکردنیان نەدا؟ کەمتەرخەمیەکان کێن و لەکوێدا بوون؟! من دوێنێش لەگەڵ جەنابی وەزیری ناوخۆ قسەم کرد، وتم ئەگەر لیژنەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان ڕاگەیاند، بەڵام خەڵک موقنیع نەبوون ئامادەین جارێکی تر لیژنە پێکبهێنرێتەوە و دەستبکرێتەوە بە لێکۆڵینەوە، جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆش جەخت لە وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە شەفافیەت و سەراحەت دەکەنەوە."
"دوای ئەو کارەساتە و ئێستا لە کاتی لەم بەرنامەیەدا قسەدەکەم، قایمقامی سۆران پەیامی بۆ ناردم کە سیانزە بەنزینخانەیان داخستووە بەهۆی ئەوەی لە ناو ماڵەکان بوون، هەروەها هۆشداری دراوە بە هەموو خاوەن بیناکانی سۆران کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا لە ڕێگەی لیژنەی بەرگری شارستانییەوە پێداچونەوە بە مەرجەکانی سەڵامەتی بیناکانیان بکەن و کەموکورتییەکان چارەسەر بکەن."
"هەر لەم هەفتەیەدا لەگەڵ خاوەن بینا و شوێنەکان کۆدەبینەوە ئیتر دەبێت خاوەن بینا و شوێنەکان خۆیان بێن لە دەرگای ئیدارە بدەن بڵێن تکایە با بەرگری شارستانی بێن پێمان بڵێن کەموکورتی بیناکانمان چییە هەتا کارەساتی وەها ڕوونەدات."
"دیمەنی ئەو قوربانیانەی پێش گیانلەدەستدانیان لایتی مۆبایلەکانیان لە پەنجەرەکان داوە هەتا ڕزگار بکرێن بەڵام بەداخەوە خنکان، ئەوە یەکێکی تر لەو پرسیارانەیە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بە دوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێت، چونکە ئەوە دوای گەیشتنی تیمەکان بووە، جەنابی سەرۆکی حکومەتیش جەختی لە وەڵامی ئەو پرسیارە کردەوە لە لێکۆڵینەوەکان کە هۆکار چی بووە ئەو دیمەنە و ئەنجامە؟! سەرەڕای ئەوەی ئەو ژمارە قوربانییە زۆرە لە بینایەکی لەو جۆرە، بۆیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان گرنگە چونکە ئەگەر کەمتەرخەمەکە منیش بم پێم گرنگە، چونکە ئێمە چەندین بەشە ناوخۆییمان هەیە و وەڵام و ئەنجامی لیژنەکە سوود بەکاری ئێمە دەگەیەنێت بۆ سەلامەتییان."
عەباس ئەمیر ئەحمەد:
"هەر لە سەرەتای ئاگرکەوتنەوەکە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران پەیوەندی پێوەکردین و خۆمان گەیاندە ئەو شوێنە، بەڵام ئامێری گەورەی وەکو کرێن پێ نەبوو، خۆ ئەگەر هەشبووایە ڕەنگە هەر ئەو ئەنجامەی ئێستای هەبووایە، لەبەر چڕی دوکەڵەکە، وە جلی دژە ئاگر بۆ تیمەکان و ئۆکسجین لای تیمەکان نەبوون، هەرچەندە خەڵکی خۆشەویستی سۆران هەمووی وەک تیمی خۆبەخش هەوڵی دەدا."
"ئێمە وەک وڵاتانی پێشکەوتوو ئامێر و کەرەستەی پێشکەوتووی فریاکەوتنمان نییە، وە تیمەکانیشمان وەکو تیمی ئەوان ڕاهێنراو نین، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە پێویستمان بە ڕاهێنانی زیاترە هەتا قوربانییەکان لەو کارەسات و ڕووداوانەی دەکەونەوە بۆ کەمترین ئاست داببەزێت، بەڵام من بە ویژدانەوە بڵێم ئەگەر شارەزاترین تیمی بیانیش بهاتنایە لەو کارەساتەی سۆران هەمان ژمارەی قوربانی دەکەوتەوە، یانی ئێمە وەک تیمەکان هەرچی هەوڵی خۆمان دا هاووڵاتیان ڕزگار بکەین."
"زۆر گرنگە لە دوای ئەم کارەساتەی سۆران، ڕاگەیاندنەکان بە تایبەت تەلەفزیۆن و کەناڵەکان هۆشیاری سەلامەتی و فریاگوزاری سەرەتایی بڵاوبکەنەوە کە چۆن هاووڵاتییان خۆیان لە ڕووداو و کارەساتەکان بپارێزن، ئەمە لەو ڕیکلامە بازرگابنیانە گرنگترە کە سوودی ماددی کەسی تێدایە، بەڵام ئەوە سوودی گشتییە و هیوادارم حکومەت بیکاتە ئیجباری بەسەر کەناڵەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو هۆشیارییانە."
عەقید بێوار عەبدولعەزیز:
"لە حاڵەتی دوکەڵدا بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە بینایەکدان کە ئاگری گرتووە، ئێمە ئۆتۆمبێلی بەرز و پەیژە بەکاردەهێنین، بەداخەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەمان کەمە، کێشەی کەمیمان هەیە، تەکنیکی ڕزگارکردنی قوربانیانیش ئێمە چەند ئەندامێکی خۆمان لە تیمەکان بە ماسکی ئۆکسجین و جلی پارێزەری ئاگرکەوتنەوە دەنێرینە ناو بیناکە و ژوور بە ژوور دەگەڕێن و دەگاکان دەشکێنن بۆ ڕزگارکردنی قوربانییەکان، بەڵام وەک بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی خێرای قەزای سۆران باسی کرد، تیمەکانی ئەوان جلی پارێزەری ئاگر و ئۆکسجینیان پێ نەبوووە، بۆیە لەو حاڵەتەدا ناتوانرێت کەس بنێریتە ناو بیناکە، سەرەرای ئەوەش چەند ئەندامێکی تیمەکە دەچنە سەربان و سۆندە ئاوەکە شۆڕدەکەنەوە و دەیدەن بە ئەندامانی تیمەکە هەتا ئاگری ناو بیناکە بکوژێننەوە، کە ئەمەیان لە ڕێگای ئۆتۆمبێلی بەرزەوە دەکرێت."
ئەندازیاری ڕاوێژکار عومەر حاجی عینایەت:
"من بیناکەی سۆرانم لە تەلەفزیۆنەوە بینیووە، وردەکارییەکەی نازانم بەڵام زۆر زۆرم پێ سەیرە کە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکە بونەتە قوربانی و نەتوانراوە ڕزگار بکرێت، هەرچەندە کێشەی ئەم بینایانەی ئێستا ئەوەیە بیناکان بەیەکەوە نوساون و زۆر لێکنزیکن لەحاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەبینایەکدا بەهۆی نەبوونی نێوان ناتوانرێت ئۆتۆمبێل و ئامێری فریاکەوتن بهێنرێتە نزیک."
"بەڵام کێشەی سەرەکی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەمڕۆدا ئەوەیە کە شارەوانی و بە تایبەت دەستەی وەبەرهێنان ئەوەندەی لە خەمی ئەوەدایە کە باڵەخانە بەرز بکەنەوە، نیو هێندە خەمی خزمەتگوزاری کواڵیتی و خزمەتی دانیشتوانی ئەو باڵەخانەیان نییە، جگە لەوەی لە قسەی ئەو بەڕێزانە وەها تێگەیشتم کە ئەو بینایە و زۆریش لە بیناکانی تریش زەنگی ئاگادار کردنەوەی تێدا نییە، دوای ئەوە پێم سەیرە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە بەشێک لە بەرپرسەکان فڕۆکەی تایبەتی خۆیان هەیە، کەچی ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوەکانی هەروەک بەرپرسانی ئیدارەی سۆران باسی دەکەن پەیژەیان نییە بۆ ئەوەی بچنە قاتی دوو سێی بینایەکی لەو جۆرە!"
"هەموو ئەو بینایانەی دروست دەکرێن نە دەستەی وەبەرهێنان نە شارەوانی ناتوانێت موحاسەبەی خاوەن پرۆژەکان بکەن، جا خوا نەکردە بوومەلەرزەیەک ڕووبدات لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو باڵەخانە بەرزانەوە دەبینیت چ کارەساتێک دەکەوێتەوە.! حکومەتی هەرێم دەێت بە پلان شارەکان گەورە بکات، نەک وەک ئێستا کە فریای ئاگرکەوتنەوە و ئاو و خزمەتگوزاری ناکەوێت بەهۆی ئەو بێ پلانیەی لە فراوانبووندا دەبینرێت، بە کورتی و کوردی حکومەتی هەرێم ئێستا ئەوەندەی خەم و هەمی کۆکردنەوەی سەرمایەیە، ئەوەندە خەمی پاراستنی هاووڵاتیان و بەرژەوەندی هاووڵاتیانی نییە ئەمە کێشە و گرفتەکەیە."
"بەڵام پرسیاری سەرەکی لەسەر ئەو بینایەی سۆران چۆن دەکرێت بینایەکی نیشتەجێبوون قاتی خوارەوەی مۆبیلیات بێت کە مۆبیلیات زوو ئاگر دەگرێت."
"حەقە چۆن ئاسایش مۆڵەت دەدات بۆ نیشتەجێبوونی خەڵکانی بێگانە یان هەر کەسێک خانویەک بگرێت، حەقە لەمەودوا بەرگری شارستانییش چاودێر بێت بەسەر بیناکانەوە، مۆڵەتی بەکارهێنان نەدرێت هەتا مەرجەکانی سەلامەتی تێدانەبێت."