دیار جەمال
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئامانجییەتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەنەوە بۆ ئاستێک کە هەرێمی کوردستان ببێتە "سەبەتەی خۆراک" بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، " ئێستا ئێمە کار لە سەر ئابووری سەوز دەکەین... ئێمە لەسەر ئەو هێڵە کاردەکەین کەوا کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .گەر هەموو سوود لە زەوی و ئاو و کەش و هەوا وەرگیرا، ئەوا دەرفەتی باش دەبێت و ئەمە هێڵێکی گەرمە کە وەزارەتی کشتوکاڵ کاری لەسەر دەکات."
هەرێمی کوردستان خاوەن ڕووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵییە. بەپێ ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕووبەری زەوی شیاو بۆ چاندن بریتیە لە شەش ملیۆن و 619 هەزار و 19 دۆنم زەوی.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بەتایبەت دوای ڕاگرتنی هەناردەنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی سێ لە لایەن تورکیاوە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، لە نێوانیان سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی، بەردەوام باسی هەناردەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دەکەن و دەڵێن دەیانەوێت ئابووری هەرێم لە پشتبەستن بە ووزەوە بگۆڕن بۆ ئابوورییەکی هەمەچەشن.
لە 20-11 -2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سندوقێک هەنار و هەنگوینی پێشکەش بە بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کرد کە بۆ کۆڕبەندێک لە دهۆک بوو. سەرۆکی حکومەت لە چەندین بۆنە باسی لە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کردووە.
بە گوێرەی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بڕی 8 هەزار تەن پەتاتە هەناردەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی وەک ئیمارات و قەتەر کراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی دەیان تەن لە بەرهەمی هەنار بۆ ئیمارات و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە نێوانیان بەریتانیا و هەناردەی سێو و برنجی ئاکرێ و تەحین.
هەروەها لە ڕۆژی چوارشەممە، 29-11-2023 بەڕێگای ئاسمانی دوو تۆن هەنگوینی کوردستان گەیشتە وڵاتی قەتەر، کەبەرهەمی زیاد لە 200 هەنگەوان بوون.
هیوا عەلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە لە ئێستادا هەناردەی ئەم بەرهەمانە بۆ بازارەکانی جیهان بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری جیهانییە، "بۆ ئەوەی وڵاتانی بیانی بزانن کە هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەو بەرهەمانە دەکات بەکوالێتیەکی پێشکەوتوو و هانیان دەدەین بێنە کوردستان و سەرمایەگوزاری لە پرۆژەکاندا بکەن، ئێمەش ئاسانکاریان بۆ دەکەین و زەویان بۆ دابین دەکەین."
خەمڵاندنەکان نادیارن
سەرباری جەختکردنەوەی بەرپرسان لە زیادکردنی هەناردەی بەرهەمە ناوخۆییەکان، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ خەڵماندنێکی بۆ ئاستی هەناردەکردن لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا بڵاونەکردۆتەوە، بۆیە کاریگەی ئاستی هەناردەکان لەسەر ئابووری هەرێم ناڕوونە.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "خەڵماندن نەکراوە و نازانین چەندە چونکە بەرهەمەکان کەرتی تایبەت هەناردەیان دەکات و حکومەت پاڵپشتیان دەکات. هەروەها بەرهەمەکان لە کاتی پێگەشتنیان بەزیادەوە خواستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە بۆ نموونە پەتاتە. بابەتەکە ئەوەنیە بەرهەمەکان خواستی ناوخۆ پڕبکەنەوە و ئەوکات هەناردە بکرێن، بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە وڵاتانی دونیا سەرنجیان ڕابکێشین و بێن سەرمایەگوزاری بکەن...دەبێت سود لە کەرتی تایبەت و ئەو دەرفەتانە وەربگرین کە لەوڵاتانی تردا هەن."
لەگەڵ نەبوونی داتا بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەڵام بەرپرسانی هەرێم بەردەوام بە شانازییەوە باسی هەناردەی بەرهەمەکان دەکەن.
ڕۆژی شەممە، 10-12-2023، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند، "پرۆسەی هەناردەکردنی بەرووبوومە جیاوازە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و وڵاتانی کەنداو خواستیان لەسەر بەرهەمی کوردستانە و دەرگای بازاڕەکانیان بۆمان خستووەتە سەر پشت."
لە بڵاوکراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هاتووە کە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانی برنج، سماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، گوێز، پەتاتەی هەناردە کردووە و مەبەستییەتی چەندین بەرهەمی دیکەش بخاتە بازاڕەکانی وڵاتانەوە.
هەروەها پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەڕۆژی 6-12-2023 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، " ئێستا بەرهەمی خۆماڵی هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی باشتر و دڵخۆشکەر تر. ئەگەر جاران ئێمە بەدوای بازار بگەڕایەین ئێستا بازار بەدوای بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێت."
هەفتەی ڕابردووش، 7-8-2023، بە ئامادەبوونی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم، گرێبەستێک بۆ هەناردەکردنی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات لەنێوان دوو کۆمپانیای خۆماڵی و کۆمپانیایەکی ئیماراتی واژوو کرا و بڕی 120 تەن پەتاتە لەڕۆژانی دواتر ڕەوانەی ئیمارات کران.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بڕی 650 هەزار تەن پەتاتەیان بەرهەمهێناوە لەکاتێکدا تەنها 100 هەزار تەن خواستی ناوخۆییە.
کشتوکاڵ وەک جێگرەوەی نەوت
بەڵام هەندێک لە چاودێران دەڵێن بەهۆی کەمی ئەزموون و ژێرخانی کشتوکاڵی، ئەستەمە هەرێمی کوردستان لە کورت مەودا بتوانێت لە ئابوورییەکی پشتبەستوو بە وزەوە خۆی دەربازبکات بۆ ئابوورییەکی فرەچەشن.
پرۆفیسۆر دکتۆر خالید حەیدەر لە بەشی ئابووری زانکۆی سلێمانی ڕەتکردەوە کشتوکاڵ ببێتە جێگرەوەی نەوت و بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆ پەیداکردنی داهات تەسەور ناکەم لەماوەیەکی زۆر کورتدا گونجاو نیە کشتوکاڵ ببێتە جێگرەوە، بەڵام زۆر ئاساییە کە ئێمە بتوانین لە ماوەی ساڵیک بۆ سێ ساڵ وابکەین ئاستی بەرهەمهێنان بەتایبەت بۆ ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خواردەمەنی و لە دەرەوە هاوردە دەکرێن دەکرێت کشتوکاڵی ناوخۆیی و بەرهەمی ناوخۆیی ببێتە جێگرەوەیان."
ئەو پرۆفیسۆرە وتیشی،" ئێستا پارە بۆ کڕینی زۆر بابەت خەرج دەکرێن کە لەدەرەوە هەناردە دەکرێن و پارەکە بۆ ئەو وڵاتانە دەچێت، بەڵام گەر توانیمان گرنگی بەبەرهەمی ناوخۆ بدەین ئەوە پارەکە لەناوخۆ خەرج دەکرێت، ئەوکات دەتوانرێت کشتوکاڵ هاوکاری ئەو بڕە پارەیە بێت کە لەنەوت بەدەست دێت و حکومەتی هەرێم چاوەڕوانی بەغداد نابێت."
بەبڕوای دکتۆر محەمەد ئیبراهیم، ڕاگری کۆلێژی زاستە ئەندازیارییەکانی کشتوکاڵ لە زانکۆی گەرمیان، "هەرێمی کوردستان هەموو هەلو مەرجێکی تێدایە بۆ کشتوکاڵکردن و دەتوانین بڵێن لەماوەی کەمتر لە پێنج ساڵ گەر هەموو پاڵپشتیەکی کەرتی کشتوکاڵی و بەبازارکردن هەبێت ئەوە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی نەوت."
ئەو شارەزایە دەڵێت "ئەو زەویەی لە کوردستاندا هەیە لە هیچ شوێنێکی دیکەدا نیە،" و پێویستە حکومەتی هەرێم زیاتر پەرە بدات بە کۆلێژەکانی کشتوکاڵ لە زانکۆکان و هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت بۆ دەرچوانی ئەم کۆلێژانە.
لەبارەی کەمبوونەوەی خواستی خوێندکاران لە خوێندنیان لە کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محەمەد ئیبراهیم وتیشی، "هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێژ ناڕەخسێت یاخود هەلی کاریان لەبازاردا کەمە. دەبێت سەندیکاکانی کشتوکاڵی ڕۆڵی خۆیان بگێرین و بێن دەستیان بگرن و دایان بمەزرێنن. هەروەها یەکێک لەو شتانەی دەبێت حکومەت ئاوڕی لێ بداتەوە ئەوەیە چەندین کارگەی کشتوکاڵی دابمەزرێنێت لەوانە کارگەی دروستکردنی ئاوەتماتە و چپس و کەچەپ و هتد، ئەمانە پێویستە دەرچووی کشتوکاڵی لەسەر بن و بەڕێوەببەن و کاریان تێدا بکەن."