کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ دوای 17 ڕۆژ لە برینداربوونی، گیان لەدەستدەدات

حەبیب ڕەزایی

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە حەبیب ڕەزایی، کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوای 17 ڕۆژ لە مانەوەی لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەیەکی کرماشان بەهۆی قورسی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.

رێکخراوی کوردپا ڕۆژی چوارشەممە، 13ی ئەم مانگە لە هەوالێکدا گیان لەدەستدانەکەی ئەو کۆڵبەرەی راگەیاندووە و نووسیوێتی حەبیب ڕەزایی تەمەن 52 ساڵ کە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار کرابوو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە هۆی قورسی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیەکی کرماشان گواستراوەتەوە بۆ جوانڕۆ.

پیشتر تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندبوو حەبیب ڕەزایی 26ی مانگی یازدە لە ناوچەی سنووری نەوسوود لە لایەن هیزەکانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکراوە و فیشەکێک بەر بڕبڕەی پشتی کەوتووە و بە قورسی بریندار بووە.

ماوەیەک پێش ئێستا کۆڵبەر نیوز کە تایبەتە بە ڕۆماڵکردنی هەواڵی کۆڵبەران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە ماوەی دوو مانگدا، واتە لە 22ی مانگی 9 تا 22ی مانگی 11 بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و مین و کەوتنەخوارەوە، 9 کۆڵبەر کوژراون و 145 کۆڵبەریش بە قورسی برینداربوون.

کۆڵبەر نیوز نووسیویبووی لە کۆی گشتی ئەو 154 کۆڵبەرەی لەو ماوەیەدا یان کوژراون یان بریندار بوون، 141 حاڵەت کە دەکاتە 92% ی ئەو ژمارەیە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە بووە.

کۆڵبەران بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانن لە ئێران کە بۆ دەستبەبەرکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان، ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن کە یەکێک لە قورسترین و مەترسیدارترین ڕێگاکانە بۆ پەیداکردنی نان.

چاودێران گرنگترین هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری بۆ زاڵبوونی ڕوانگەی ئاسایشی حکومەت بەرامبەر بە شارەکانی کوردستان دەگێرنەوە کە ئەمەش هەژاری ڕەها و هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی و گرنگی نەدانی حکومەت بۆ وەبەرهێنانی لەو ناوچانەدا لێکەوتووەتەوە.