سکرتێری حزبی شیوعی: بەغدا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان مامەڵە لەگەڵ حزبی سیاسی دەکات نەک لەگەڵ کورد وەک پێکهاتە

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بیرکردنەوەی حزبییانە وایکرد لیستێکی یەکگرتووی کوردی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دروست نەبێت، فرە لیستیش دەنگەکانی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان پەرشوبڵاو دەکات.

کاوە مەحمود، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی و پارتی هۆکاری سەرەکی دروست نەبوونی لیستێکی یەکگرتووی کوردی بوون، چونکە هەلومەرجێکی وایان دروست نەکرد کە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ یەک لیستی."

ئەو وتیشی، "لەچوارچێوەی ئەو ڕەوشەی بۆ جەماوەر دروستکراوە، لیستەکانی تریش ئاسان نییە بۆیان مامەڵە لەگەڵ یەکێتی و پارتی دا بکەن لە لیستێکی هاوبەشدا."

هێزە کوردییەکان لە کەرکوک بە چوار لیستی سەرەکی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە کو بریتین لە: پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمانی، یەکێتی نیشتمانی و حزبی شیوعی، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، لیستی نەوەی نوێ.

لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالەش، لایەنە کوردییەکان بە چەند لیستێکی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان کردووە. بەڵام ململانێی نێوان هێزە کوردییەکان لەکەرکوک قوڵترە.

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان دەڵێت، "ئاراستەیەک لە بەغدا هەیە بۆ بە کارتۆنیکردنی قەوارەی هەرێم، ئەم ئاراستەیە لاوازبوونی پێگەی کوردی دەوێت لەناوچە کێشەلەسەرەکان. بەغدا دەیەوێت لەناوچە کێشەلەسەرەکان مامەڵە لەگەڵ حزبی سیاسی بکات نەک لەگەڵ کورد وەکو پێکهاتە."

کاوە مەحمود پێیوایە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکانی کەرکوک بۆ کورد گرنگە و دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت، بەڵام ئاراستەی سیاسی بەغدا سنوردانان و "تەحجیم" کردنی کوردە لە ناو دەوڵەتی عێراق دا.

کورد لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و سەرووی 100 پۆستی ئیداری و ئەمنی لەکەرکوک لەدەستداوە. بانگەشەی سەرەکی لایەنە کوردییەکان بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگار و بەهێزکردنەوەی ڕۆڵی کوردە لەو پارێزگایە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە.

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی ڕوونیکردەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد گرنگە و ئەنجومەنی پارێزگاش بە پێی یاسا دەسەڵاتی هەیە بەڵام گرفتەکە سنورداری دەسەڵاتی بەرپرسە کوردەکانی عێراقە.

کاوە مەحمود وتی، "گەر سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کورد بێت، نابێت شتی زۆری لەسەر بینا بکەین، چونکە دەوڵەتی عێراق هی کورد نییە، دەوڵەتی زۆرینەیە کە نەتەوەی عەرەب و تایەفەی شیعەیە."

هەروەها وتیشی، "بیست ساڵە فیدراڵیەت بەکردەیی جێبەجێ نەکراوە، دەستور جێبەجێ ناکرێت، چونکە عەقڵیەتی حوکمڕانی عێراق بە عەقڵییەتی زۆرینە بیردەکاتەوە."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر