وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، داتاکانی وەزارەتەکەی ئەوە دەردەخەن کە خەمڵاندنی داهاتی ساڵانەی باجی هەرێمی کوردستان بە 800 ملیار دینار"نالۆژیکییە" و "بەتەمەنی حوکمڕانی هەرێم داهات نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیە."
جەختیشیکردەوە، دەبێت بەڕێوبەری پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێم ڕاستی ئەو ژمارەیە بسەلمێنێت کە باسیکردووە و ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لۆژیک دەڵێت هەرگیز داهاتی باجی هەرێم ناگاتە 800 ملیار دینار. نەک تەنها باج، هەموو داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم لە نێوان 320 ملیار بۆ 350 ملیار دیناردا هاتووچۆ دەکات بەتایبەت لەوکاتەی داهاتمان زۆربووە."
ئەو وتیشی، "بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان تەنها داهاتی باجی کردووەتە 800 ملیار.دەبێت بۆمان بسەلمێنێت پارەکە چی لێهاتووە و بۆمان بهێنێتەوە."
لە ڕۆژی 13 ی مانگی 12، زانیار محەمەد قادر، بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەیەکی ڕادیوۆیی دەنگی ئەمەریکا وتی، "پێشتر ساڵانە داهاتی باج دەگەیشتە 800 ملیار دینار. لەبەر مەقاسەی عێراق بەڕەسمی دەمانگوت 220 ملیار دینار، واتە ئەو ژمارەیەمان داخل دەکرد و دەنوسی."
ئەم لێدوانەی بەڕێوبەری پێشووی باجەکان وەزارەتی دارایی توڕەکرد و ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا زانیار محمەمەدی بەوە تۆمەتبارد کەردووە کە "خۆی کێشەی یاسایی هەبووە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کەیسەکەی ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کراوە."
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە، "وروژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتە هەستیارەدا و بەلاڕێدابردن و چەواشەكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، ئامانجێکی خراپی هەیە و دەیەوێت زیان بە پرسی ڕوونی و شەفافییەت بگەیەنێت و هەماهەنگییە داراییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە زیانی خەڵکدا بەرەو خراپی بڕۆن. بەم هۆیەوە بە مافی خۆمانی دەزانین ڕێكاری یاسایی توند لە دژی پڕوپاگەندەکار بگرینە بەر."
لەبارەی ئەو داتایەوە کە بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان خستوویەتیەڕوو، ئاوات شێخ جەناب بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەو برادەرە بە دەنگ و ڕەنگی خۆی دەڵێت کارێکی نایاسایی و نەشیاومکردووە. ئەو ژمارەی ئەو باسی دەکات لە دۆسیەی وەزارەتی داراییدا ئەو جۆرە پارەیە نیە و نەشبووە. بەتەمەنی حوکمڕانی هەرێم ژمارەی وانەبووە."
هەروەها وتیشی، "گەر ئەو پارەیە نەبووە، ئەو برادەرە دەبێت بیسەلمێنێت پارەکەی چی لێکردووە، چونکە بە قسەی ئەو بێت 580 ملیار دینار دیار نییە و دەبێت چارەنوسی ئەو پارەیە ڕوونبکاتەوە."
وەزیری دارایی ڕوونیکردەوە، وەکو وەزارەتی دارایی ئەرکییان داکۆکیکردنە لە ماڵی گشتی، بۆیە دەبێت بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان بۆیان بسەلمێنێت پارەکەی چی لێکردووە.
ئاوات شیخ جەناب وتی، "گەر نەیسەلمێنێت، وەکو ئاژاوەچی و ناڕاستگۆ لێی دەڕوانرێت، کە هاتووە ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگا تێکدەدات. نێوان هەرێم و بەغدا تێکدەدات. بۆیە وەکو وەزارەت سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین بۆ ئەوەی سزای خۆی وەربگرێت."
سەبارەت بەوەی قسەکانی بەڕێوبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، تاچەند گرفتی لەگەڵ بەغدا بۆ دروستکردوون، وەزیری دارایی دەڵێت، "هەندێک پەرلەمانتار بۆ موزایەدەی سیاسی ئەمجۆرە قسانە بەکاردەهێنن. ڕەنگە تێیاندا بێت قسەکانی وەرگرتبێت و بڵێت، 'ئەها چی دەڵێن.' چوار ساڵە لەڕێگەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداوە لەسەر هێڵین و وردبینی دەکرێت، کەچی هەندێک خەڵک قسە لەکەسێک وەردەگرن کە خۆی کێشەی یاسایی هەبووە و لەسەردەمی خۆیدا دراوەتە دادگا."
لە کۆتاییدا وەزیر وتیشی، "هەرکەس لە ڕاگەیاندن قسەیکرد، نابێت هەرچی بەدەمیدا هات بیڵێت، پێویستە عاقیبەتی قسەکانی بزانێت."