بۆچی دەنگۆی فرۆشتنی "برنجی پلاستیکی" چەند وڵاتێکی گرتۆتەوە

بڵاوبوونەوەی بانگەشەی فرۆشتنی برنجی لە "پلاستیک" دروستکراو لە هەرێمی کوردستان دوێنێ قائیمقامیەتی سلێمانی هێنایە دەنگ. بەڵام ڕەنگە زۆرێک لە هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان نەزانن کە ئەم بانگەشەیە تەنها لە هەرێم نییە بەڵکو چەندین وڵاتی گرتۆتەوە.

بانگەشەکان لە ساڵی 2010وە بڵاوکراونەتەوە و هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستی نەکردوونەتەوە.

سەرچاوە حوکمی و هەواڵییە باوەڕپێکراوەکانی جیهان دەڵێن زۆربەی دەنگۆکان هەواڵی ناڕاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن.

هیوا ساڵح، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی له لیژنه هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دوێنێ 14-12-2023 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە دوای بڵاوبونەوەی گرتەی ڤیدیۆی دروستكردنی برنج له پلاستیك و دروستبونی دڵەڕاوكێ لەنێوان هاوڵاتیاندا، لیژنەیەکیان "سەرجەم" جۆرەكانی برنجی بەردەستەی لە سلێمانی ناردوه بۆ پشكنین بۆ یەکێک لە باشترین تاقیگەكان.

هیوا ساڵح وتی، "پشكنینی تاقیگەكه كوالێتی برنجەكانی پلەبەند كردوه و چەند جۆرێكیان له باشترین جۆری برنجەكانی جیهانن كەله بازاڕەكانی شاری سلێمانی دەفرۆشرێت... هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوه كه سەرجەم برنجەكانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی له ڕوی كوالێتی و جۆرەكانییانەوه ڕوەكین، هەروەها له پێكهاتهكانیاندا ماددەی پلاستیك بونی نییه و پێویست به دڵه راوكێ ناكات."

دڵەڕاوكێی خەڵک لەسەر ئەوەی ئەو برنجەی لەسەر خوانەکانەیانە ڕەنگە پلاستیکی تێکەڵکرابێت بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010 لە وڵاتی چین بڵاوکرایەوە. ئەوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکە وا بڵاوکرایەوە کە گوایە کۆمپانیای وڵاتەکە پێکهاتەی پەتاتە و پلاستیک بە یەکەوە تێکەڵکراون لەگەڵ برنج بۆ زیادکردنی بڕی برنجەکە.

لە ماوەی چەند ساڵی دواتر، ئەم دەنگۆیانە چەندین وڵاتی تریان گرتەوە وەکو هیندستان و گامبیا و سەنیگال و نەیجیریا و گانا.

دواتر بەرپرسانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی خۆراک لەم وڵاتانە ئەو دەگۆیانەیان ڕەتکردەوە و هەواڵەکەیان بە بێ بنەما دانا.

سەنتەری ئاسایشی خۆراکی هۆنگ کۆنگ سالێ 2017 لە بڵاوکراوەیەکیدا هاوڵاتیانی دڵنیا کردەوە کە نیگەران نەبن و "بە ئاسانی باوەڕ بە دەنگکۆکان مەکەن." بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی و فەرەنسا 24 سەرچاوە زۆربەی بانگەشەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە، بە مەبەستی زیادکردنی بینەر و چالاکی لەسەر بابەتە بڵاوکراوەکان.