کورد بە 4 لیست، عەرەب بە 3 لیست و تورکمان بە 2 لیست بەشداری هەڵبژاردن لەکەرکوک دەکەن

پێکهاتەکانی کەرکوک ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن، بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەیان لە دەسەڵاتی داهاتووی ئیداری پارێزگاکەدا.

لیستە کوردییەکان

حزب و لایەنە کوردییەکان بە چوار لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە، سێ لیستیان لە هاوپەیمانێتی چەند هێزو لایەنێک پێکهاتووەو لیستێکیشیان هی تەنها لایەنێکی سیاسییە.

یەکێتی و حزبی شیوعی پێکەوەو بە (هاوپەیمانێتی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە) بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن، ڕێبوار تەها ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی سەرۆکی لیستەکەیانە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، لە مانگی 10 ی ساڵی 2022، نزیکەی 85 هەزار دەنگی لەکەرکوک بەدەستهێناو بووە خاوەنی سێ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران لە پشکی ئەو پارێزگایە.

بەرپرسانی یەکێتی کە بانگەشەیەکی چڕیان لەکەرکوک دەستپێکردووە، جەخت لەسەر زیادبوونی دەنگەکانیان دەکەنەوە، پێشبینی بەدەستهێنانی 5 کورسی لە کۆی 15 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن.

ئەڵماس فازڵ، سەرکردەی یەکێتی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی کەرکوکییەکانی لە ناخۆشییەکاندا بەجێنەهێشتووە، بۆیە چاوەڕوانی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی دەکەین."

پارتی دیموکراتی کوردستان، ماوەی بیست ڕۆژە بارەگاکانی لەکەرکوک کردووەتەوە، دەیەوێت لە ڕێگەی بەدەستهێنانی دەنگی بەشێکی زۆر لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک ڕکابەری یەکێتی بکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمانی یەک لیستیان هەیە، حەسەن مەجید کارگێڕی لقی کەرکوکی پارتی سەرۆکایەتی لیستەکەیان دەکات. ئەم حزبە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، نزیکەی 50 هەزار دەنگی بەدەستهێناو دوو کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە پشکی کەرکوک بەدەستهێنا.

یاوەر شکور، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر وەکو کورد زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەست نەهێنین، کەواتە هیچمان نەکرد."

یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، لیستی هاوپەیمانێتی (مەشخەڵی کەرکوک)یان پێکهێناوەو یوسف ئەحمەد کادیری یەکگرتووی ئیسلامی سەرۆکایەتی لیستەکە دەکات. نەوەی نوێش بە لیستێکی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات و 4 کاندیدی هەیە، هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەکە سەرۆکایەتی لیستەکە دەکات.

ئەم جوڵانەوەیە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێناو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش، بانگەشەی ڕکابەریکردنی پارتی و یەکێتی دەکات.

ململانێی نێوان لیستە کوردییەکان لەکەرکوک لەکاتێکدایە، لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، کورد لە کەرکوک پێگەی لاواز بووەو پۆستی پارێزگارو سەرووی 100 پۆستی ئیداری و ئەمنی لەدەستداوە.

عەرەبی سونە

عەرەبی سونە بە سێ هاوپەیمانێتی سەرەکی و چەند کاندێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کردووە، دوو هاوپەیمانێتی یان کەمپەینی هەڵبژاردنییان یەکخستووەو دەیانەوێت زۆرترین کورسی ئەنجومەمەنی پارێزگا بەدەست بهێنن.

لیستی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆکایەتی ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، هاوپەیمانێتی قیادە بەسەرۆکایەتی محەمەد تمیم وەزیری پلاندانان، هەروەها لیستی عروبە بەسەرۆکایەتی وەسفی عاسی پەرلەمانتاری عێراق، سەرەکیترین لیستەکانی عەرەبی سونەن لەکەرکوک.

لیستی هاوپەیمانێتی عەرەبی و هاوپەیمانێتی قیادە کەمپەینی هەڵبژاردنیان یەکخستووە، بەڵام لیستی عروبە بەسەرۆکایەتی وەسفی عاسی ڕکابەرییان دەکات و چاوی لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگە لە ڕۆژاوای کەرکوک و قەزای حەویجە.

مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سونە لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەب سێ هاوپەیمانێتی هەیە و لەناو لیستی تریشدا کاندیدی عەرەب هەن، بەڵام ئەم سێ هاوپەیمانێتییە سەرەکین."

عەرەبی سونە لە هەڵبژاردنی مانگی 10 ی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 3 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە پشکی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێنا.

یەکخستنی کەمپەینی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانێتی عەرەبی و هاوپەیمانێتی قیادە بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە. ئەوان دەیانەوێت ئەو پێگەو دەسەڵاتانە بپارێزن کە لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە کەرکوک بەدەستیانهێناوە، بۆیە بانگەشەیەکی چڕی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن.

تورکمان و دوو لیستی

لایەنە تورکمانییەکانی کەرکوک دابەشبوون بۆ دوو لیستی سەرەکی، لیستی بەرەی تورکمانی لە 9 لایەنی سیاسی پێکهاتووە، هەروەها لیستی ( کرکوکنا) کە لیستی هێزە شیعەکانی عێراقەو کاندیدە تورکمانە شیعەکانی لە خۆ گرتووە.

لیستی بەرەی تورکمانی چاوی لەسەر دەنگی تورکمانە سونەکانی کەرکوکە، کە نیشتەجێی ناو شاری کەرکوک و ناوچەکانی ڕۆژاواو باکوری کەرکوکن. لەکاتێکدا لیستی (کرکوکنا) ی هێزە شیعەکان، چاویان لەدەنگی تورکمانەکانی دانیشتووی قەزای داقوق و ناحیەی تازە خورماتووی باشوری کەرکوکە.

سەوسەن جەدوع، کاندیدی بەرەی تورکمانی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەمانەوێت لە ڕێگەی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگاوە، پێگەی تورکمان بەهێز بکەین."

ئەو وتیشی،"کورد و عەرەبیش پۆستی پارێزگاریان وەرگرتووە، مافی ئێمەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئەو پۆستەمان لابێت."

لیستی بەرەی تورکمانی لەلایەن محەمەد سەنعان وتەبێژی بەرەکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، سەرۆکی لیستی (کرکوکنا) ی تورکمانە شیعەکانیش، کوڕێکی محەمەد مەهدی بەیاتی سەرکردەی حەشدی شەعبییە.

تورکمان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا دوو کورسی لەکەرکوک بەدەستهێنا، کورسییەکیان ئەرشەد ساڵحی کاندیدی بەرەی تورکمانی و کورسییەکەی تریش غەریب عەسکەری کاندیدی حەشدی شەعبی بەدەستیهێنا.

تورکمانەکانی کەرکوک چاویان لە بە دەستهێنانی سێ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە لە کۆی 15 کورسی، بەرەی تورکمانی ئامانجی دەرچوواندنی دوو کاندیدی هەیە. لیستی (کرکوکنا) تورکمانە شیعەکانیش چاوی لە بەدەستهێنانی کورسییەکی ئەنجومەنەکەیە.

کورسی کۆتا

یەک کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەکو کۆتا بۆ کریستیانەکان دانراوە، دوو هاوپەیمانێتی و سێ کاندید ململانێی بەدەستهێنانی ئەو تەنها کورسییە دەکەن.

هاوپەیمانێتی ئەسرا لە چوار لایەنی ئاشوری و هاوپەیمانێتی حەمورابی لە چەند لایەنێکی کلدانی پێکهاتوون، ئەم دوو هاوپەیمانێتییە سەرو کاندیدیان بۆ کورسی کۆتای کریستیانەکان هەیە.

بزووتنەوەی بابلیۆن بەسەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی بە کاندیدێک، هەروەها دوو کاندیدی تری کریستیانیش جیا لە هاوپەیمانێتییەکان خۆیان کاندید کردووەو ڕکابەری بردنەوەی کورسییە کۆتاکە دەکەن.

ئەمیر ئەبرەم، بەرپرسی لقی کەرکوکی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە کێشەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەمان هەیە، چونکە کوتلە گەورەکان چاویان بڕیووەتە تەنها کورسییەکەمان."

ئەو لایەنانەی هاوپەیمانێتییان بۆ بردنەوەی کورسییە کۆتاکە ئەنجامداوە پێیانوایە، هەندێک لە کاندیدەکان نزیکن لە کوتلە گەورەکانەوەو دەیانەوێت کورسییەکەیان ببەن، بەو پێیەی دەنگدەری کریستییان تۆماری دەنگدانی تایبەت بەخۆی نییەو کوتلە گەورەکان دەتوانن کاندیدی خۆیان دەربچێنن.

ئەمڕۆ شەمە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بڕیارە ڕۆژی دووشەمەش پرۆسەی دەنگدانی گشتی ئەنجام بدرێت.