شێرکۆ میروەیس: فرە لیستی کورد لەناوچە کێشە لەسەرەکان دەردێکی "کوشندەیە"

شێرکۆ میروەیس

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت پەرتەوازەیی حزبە کوردییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و پێکنەهێنانی لیستێکی هاوبەش بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەردێکی "کوشندەیە" بۆ کورد.

شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی، لەبارەی زیانەکانی بەجیا بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکڕیز نەبوونی کورد دەردێکی کوشندەیە، گەر لەم قۆناغەشدا نەمانتوانی پێکەوە بین، دەبێت لە داهاتوودا پێکەوە بین، چونکە یەکڕیزی چارەسەری بەشێکی ئەو برینە دەکات کە بە جەستەی کوردەوەیە لەناوچە کێشەلەسەرەکان."

حزب و لایەنە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە جیا بەشداریکردنیان، لەهەمانکاتدا ململانێییەکی توند لەنێوانیاندا دروستبووەو هێرشی توندیان کردوەتە سەر یەکتری لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن دا.

لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، دیالەو سەڵاحەدین، پارتی و یەکێتی بەجیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان کردووە، ئەمە جگە لە بوونی چەندین لیستی تری کوردی لەو ناوچانە.

شێرکۆ میروەیس، دەڵێت،"یەکڕیزی لەهەرێم و بەغداو ناوچە کێشە لەسەرەکان هەوێنی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانە. یەکڕیزی وادەکات یەکگرتوو بین بەرامبەر نەیارەکان و خەڵکێکی زۆری کوردیش بەشداری هەڵبژاردن بکەن، پێکەوەش دەتوانین ئامانجەکانمان بەدی بهێنین."

بڕیارە ڕۆژی دووشەمە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، بەم پێیە قۆناغی ململانێ و بانگەشە کۆتایی دێت، قۆناغێکی تر دەستپێدەکات کە قۆناغی هاوپەیمانێتیکردن و پێکهێنانی حکومەتی پارێزگاکانە.

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی پێیوایە، یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان لەبەرژەوەندی لیستە گەورەکاندایە، بەدووریشی دەزانێت هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیەتی پارێزگاکان قورس بێت.

شێرکۆ میروەیس دەڵێت،"3 تا 5 لیست پێکەوە حکومەتی پارێزگاکان پێکدەهێنن، بەشێکی تریشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن. یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان هۆکارێکیشە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردن دا، چونکە لیست و هاوپەیمانێتی و کاندیدی زۆر بەشداری پرۆسەکە دەکەن و ئەمەش ڕۆڵی هەیە."

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ کورد بە گرنگ دادەنرێت، بەو پێیەی پێگەی کورد لەو ناوچانە لاواز بووەو کورد دەیەوێت هەڵبژاردن بکاتە دەرفەتێک بۆ خۆ بەهێزکردنەوە لەو ناوچانە.

بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی ڕوونیکردەوە، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان جۆش و خرۆشیان پێوە دیاربووە، بەو پێیەی کورد لە کۆتایی ساڵی 2017 ەوە پاشەکشەی کردووە لەو ناوچانەو دەیەوێت جارێکی تر پێگەی بەهێز بکاتەوە.

شێرکۆ میروەیس وتی،"خەریکبوو مەترسی سەر کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان لە چۆڵبوونی گوندە کوردنشینەکان و داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەوە بگاتە داخستنی فەرمانگەو قوتابخانە کوردییەکان، لەکاتێکدا پێشتر کورد ڕۆڵی ئەرێنی هەبووە لەو ناوچانە."

هەروەها وتیشی،"خەڵکی کورد لەناوچە کێشە لەسەرەکان لە ڕێژەی مەترسییەکان تێگەیشتووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردن لە ئاستێکی بەرزدا بێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنوور کەریم