وتەبێژی کۆمیسیۆن: لە ماوەی 6 کاتژمێردا دەنگی هەربنکەیەک ڕەوانە نەکرێت بنکەکە بە تەواوەتی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئامێرانەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەکاردەهێنرێن ئامێری باوەڕپێکراون، تۆماری دەنگدەران و ڕاپۆرت و وێنەی فۆرمی دەنگدان لە یادگەی ئامێرەکەدا "خەزن" دەبێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمپانیای میرۆی کۆری لە نامەیەکدا دەنگدەری دڵنیاکردووەتەوە لە سەلامەتی ئامێرەکانی دەنگدان. دڵنیایش دەدەین لەکلیلی سندوقەکانی دەنگدان کە لە پێش چاوی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دادەخرێن و دەکرێنەوە."

هەروەها وتیشی،"نوێنەری لایەنەکان چاودێری کلیلی سندوقەکانی دەنگدان دەکەن، سندوقەکان لە ناوەندی وردبینی دەکرێنەوە لە دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن. ژماردن و جیاکردنەوەش لە پێش چاوی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و چاودێران ئەنجام دەدرێت."

لە دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکاندا کە ڕۆژی شەمە بەڕێوەچوو، گرفتی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگداندا لە بەشێک لە وێستگەو ناوەندەکانی دەنگدان دروستبوو.

جومانە غەلای دەڵێت،"ئەو بنکەو وێستگانەی گرفت تێیاندا ڕوودەدات و لە ماوەی 6 کاتژمێردا دەنگەکانیان ڕەوانە ناکرێت، بنکەکە بە تەواوەتی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی، ژماردنی دەستی بۆ دەنگەکان لە پێش چاوی نوێنەرو چاودێران ئەنجام دەدرێت."

دەشڵێت،"گواستنەوەی دەنگەکانیش بۆ ناوەندی وردبینی بە سەلامەتی و لەلایەن لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەوە ئەنجام دەدرێت."

بڕیارە سبەینێ دووشەمە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، کە پرۆسەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەو دەنگدەرانەشەوە کە لەچوارچێوەی دەنگدانی تایبەتدا دەنگیان داوە.

بەپێی وتەی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، 24 کاتژمێر دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.

لەبارەی ئەگەری یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە، جومانە غەلای وتی،"لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن گەرەنتی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕێگریکردنی لەهەموو جۆرە پێشێلکارییەک کردووە. کۆمیسیۆنیش لەڕووی تەکنیکییەوە ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ گەرەنتی پاکێتی پرۆسەکە."

ئەو وتیشی،"نوێنەری لایەنەکان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەهەموو بنکەکانی دەنگدان ئامادەگییان هەیە، ئەمە گەڕەنتییە بۆ باش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن."

سەبارەت بە ژمارەی ئەو پێشێلکارییانەی لەکاتی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەتدا لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تۆمارکراون، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، وتی،"لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن لەهەموو ناوەندەکانی دەنگداندا هەبوون بۆ پاراستنی سەلامەتی پرۆسەکە. لیژنەکان لە نوسینگەکانەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی سەرپێچییەکانن و دواتر بۆ کۆمیسیۆن بەرزی دەکەنەوە."