سەرکردەیەکی تورکمان: لە کەرکوک دەبێت لەگەڵ کورد ڕێکبکەوین چونکە بەرامبەر تورکمان نەرمە

سەرکردەیەکی تورکمانەکانی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، مەسەلەی کەرکوک نەک تەنها بەدەست پێکهاتەکان نییە، بەڵکو کەرکوک دۆسییەکی هێندە گەورەیە بەتەنها بەدەست حکومەتی عێراقیشەوە نییە، بەڵکو ئێران و تورکیا و ئەمەریکا ڕۆڵیان هەیە لەمەسەلەی کەرکوکدا.

نەجات حسێن، سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەر کورد زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێنا، دەبێت وەکو تورکمان لەگەڵی ڕێکبکەوین و نابێت خۆمان بەعەرەبەوە گرێ بدەین، چونکە گەر عەرەب بەتەنها چووە دانوستانەوە لەگەڵ کورد، ئێمە پەراوێز دەخرێین."

ئەو وتیشی، "هەندێک لەسەرکردەکانی بەرەی تورکمانی هەر دەڵێن دژی کوردین، عەرەبیش ئەم مەسەلەی قۆستووەتەوە و دواتریش بە بێ تورکمان دەڕواتە گفتووگۆوە لەگەڵ کورد، ئێمەش وەکو تورکمان هیچمان دەست ناکەوێت."

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەمە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیەنرا، بەرەی تورکمانی 71 هەزارو 281 دەنگی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیکەی 85 هەزار دەنگی هێنابوو.

نەجات حسێن، دەڵێت، "ئێمە وەکو تورکمان 130 هەزار دەنگدەرمان لەکەرکوک هەیە، ڕێژەی بەشداری تورکمان لەهەڵبژاردن وەکو پێویست نییە، چونکە دەنگدەرمان نائومێدن لەسەرکردایەتی و سیاسییە تورکمانەکان."

هەروەها وتیشی، "هیچ بۆ تورکمان نەکراوە، سیاسییەکان دەوروبەرو خزمەکانی خۆیان دادەمەزرێنن، پرۆژە بە پارە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، ناوچەی موسەڵای تورکماننشین زبڵ خواردوویەتی."

لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و لەگەرمەی ململانێی نێوان پێکهاتەکاندا، حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ڕاکان جبوری سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەرەبی کۆبوونەوەی بەردەوامیان هەبوو.

نەجات حسێن دەڵێت، "ئێمە غەشیمین، بەرەی تورکمانی مەیلیان بە عەرەبدایە. سیاسەت بە عینادی ناکرێت، دەبووایە وەکو تورکمان چاوەڕوانی یەکلایی بوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنمان بکردایە، هەر پێکهاتەیەک نیوە کۆ یەکی دەنگەکانی هێنا لەگەڵ ئەو لایەنە دانوستان بکەین."

هەرچەندە تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی دەنگدانەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، پێشبینی دەکرێت یەکێتی لەکەرکوک 5 کورسی و پارتیش دوو کورسی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا کوتلە عەرەبییەکان 6 کورسی و بەرەی تورکمانیش دوو کورسی بەدەستهێناوە.

نەجات حسێن جەختیشیکردەوە، "گەر کورد براوەیە با لەگەڵی دابنیشن، پۆستی پارێزگار بۆ کورد و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ تورکمان بێت، کورد بەرامبەر تورکمان نەرمە و دەیدات. بەرپرسانی تورکمان بە عینادی مامەڵە دەکەن، نازانم فەرمانیان پێکراوە یاخود چی."

سەبارەت بەوەی تاچەند گومانی هەیە لە پێدانی فەرمانی دەرەکی بە سەرکردە تورکمانەکان بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد، نەجات حسێن وتی، "لۆژیک وایە، دەبێت دانوستان لەگەڵ لایەنی براوە بکرێت نەک لایەنی ژمارە دوو، چونکە لایەنی ژمارە دوو عەرەبە و 35 ساڵ ئەزموونی حوکمڕانی هەیە، دواتر بە بێ تورکمان لەگەڵ کورد دادەنیشێت، تورکمانیش هیچی بۆ نامێنێتەوە."

هەماهەنگی نێوان عەرەب و تورکمان تازە نییە. لە ساڵی 2007 هەردوو پێکهاتەکە پێکەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکییان کرد، ئەوکاتەی کورد خاوەنی 26 کورسی ئەنجومەنەکە و تورکمان 9 کورسی و عەرەب 6 کورسی هەبوو لەکۆی 41 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە.

سەرکردە تورکمانەکەی کەرکوک کە ئەوکات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو لە کوتلەی تورکمانی، دەڵێت، "کاتێک لە ساڵی 2007 لەگەڵ عەرەب بایکۆتی ئەنجومەنی کەرکوکمان کرد، کورد و ئەمەریکاییەکان پێکەوە پەیوەندییان پێوە کردین و داوای گەڕانەوەیان بۆ ئەنجومەن لێکردین، پێیان وتین وەرن مەرجەکانتان جێبەجێ دەکەین. تورکمان دانوستانی بەتەنها لەگەڵ کورد ڕەتکردەوە و خۆی بەعەرەبەوە بەست، بەڵام ئەمەریکاییەکان وتیان، نابێت دوو پێکهاتە لەگەڵ پێکهاتەیەک دانوستان بکات، دەبێت یەک یەک لەگەڵ کورد دابنیشن، دواتریش لەگەڵ عەرەب دانوستان دەکرێت."

نەجات حسێن وتی، "تورکمان دانوستانی لەگەڵ کورد ڕەتکردەوە بەتەنها گوایە خیانەت لە عەرەب ناکات. من هەوڵێکی زۆرم دا بەتەنها لەگەڵ کورد دانوستان بکەین و پۆستی جێگری پارێزگار بەدەست بهێنین، بەڵام هەوڵەکان بێ سود بوون."

بەپێی وتەی نەجات حسێن، توشی شۆک بووە کاتێک ئاگاداربووە عەرەب بە بێ تورکمان سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ کورددا.

ئەو دەڵێت، "سەرکردەکانی تورکمانم لە دانوستانی عەرەب لەگەڵ کورد ئاگادار کردەوە و پێموتن با خێرا بچینە دانوستانەوە، کەچی سەرکردەکانی تورکمان ڕەتیانکردەوە عەرەب خیانەت لەتورکمان بکات. کاتێک ڕێککەوتنی کورد و تورکمان ڕاگەیەنراو پۆستی جێگری پارێزگار بە ڕاکان جبوری درا، ئینجا سەرکردەکانمان وتیان خیانەتمان لێکرا. وتم ئەوە سیاسەتە خیانەت نییە."

نەجات حسێن وتی، "گەر ئەوکات ئێمە لەگەڵ کورد ڕێککەوتباین، ئێستا پۆستی پارێزگار لای ئێمەبوو نەک لای ڕاکان جبوری."

سەرکردەکەی بەرەی تورکمانی هۆکاری نیگەرانی تورکمانی لەلایەنە کوردییەکان بۆ ئەوە گێڕایەوە، گوایە ئەو لایەنانە بانگەشەی کوردستانیبوونی کەرکوک دەکەن. وتی، "پێموتن بانگەشەی لایەنە کوردییەکان سیاسەتە، ئەگینا چارەنوسی کەرکوک لای ئێمە و هیچ پێکهاتەیەک نییە، کەرکوک کێشەیەکی گەورەیە و ئێران و تورکیا و ئەمەریکا ڕۆڵییان هەیە تێیدا."