دوای یەک ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کاندیدێکی یەکێتی لە کەرکوک، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت،"هیچ پەیوەندیەکم بەو حزبەوە نەما."، ئەو پێی وایە لە ناو حزبەکەی ڕێککەوتن لەسەر سەرنەکەوتنی بۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوە و "غەدرێکی"گەورەی لێکراوە.
نێرگز قادر، کاندیدی دەرنەچووی یەکێتی لە هاوپەیمانێتی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"غەدرم لێکراوە و هەموان دەزانن ئەوانەی منیش دەناسن دەزانن غەدرم لێکراوە، سێ بەشی سەرکردایەتی تەلەفۆنم بۆ دەکات دەڵێن ئەو غەدرەی لە تۆ کرا لە کەس نەکرا."
وتیشی،"لێرە خاڵی کۆتایی دادەنێم، هیچ پەیوەندیم بە یەکێتیەوە نەما، ئازادم لە کوێ و لەگەڵ کێ کار دەکەم و لە کوێ خزمەتی خۆم درێژە پێدەدەم هیچ پەیوەندی بە کەسەوە نییە."
نێرگز قادر، ڕاگەیەندنکارێکی دیاری یەکێتی و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقیشدا، کاندیدی ئەو حزبە بوو لەسەر پارێزگای کەرکوک.
ژنە کاندیدەکەی یەکێتی، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکەی، "ڕزگار حاجی حەمە" بە هۆکاری شکستەکەی خۆی دەزانێت و "تۆمەتبار"ی دەکات بە ڕێگە نەدان بە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا، بە هۆی کێشەیەکی "شەخسیەوە" کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە ڕزگار حاجی حەمەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
سەرچاوەیەک لە مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، کە داوایکردن ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە 30 کاندیدمان هەبووە، ئەوانەی دەرچوون یان دەرنەچوون، پیرۆزباییان لە یەکتری کردووە، تەنها نێرگز نەبێت کە هەندێک تۆمەتی بەخشیوەتەوە و کە تۆمەتەکانی دوورن لە ڕاستیەوە."
دوای ڕاگەیاندنی زیاتر لە %94 ی دەنگەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، بە پێی داتاکان ئەو ژنە کاندیدە دوو هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
نێرگز قادر وتی،"هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردن، یەکێک لە سەنتەرەکا نی هەڵبژاردن پێیان وتم تۆ نەک لە پێشەوەی لە سەر ژنانی یەکێتی لەسەر هەموو لیستەکانی تریش لە پێش هەموو ژنەکانەوەبووم. ئێستا خێرە دەر ئەنجام بەو جۆرەیە."
وتیشی،"من گلەییم لە سەرکردایەتی یەکێتی و یەکێتی نییە، من گلەییم لە بەرپرسانی کەرکوک هەیە، من بۆیە قسە دەکەم با سەرۆک بافڵ بزانێت ئەمە بەرپرسەکانی یەکێتین ئاوا غەدرمان لێ دەکەن بۆیە ڕۆژمان گەشتووە بەو ڕۆژە. خۆیان دادگان و خۆیان خاوەنی کۆمسیۆنن شکات لە کێ بکەم، ئەوان خۆیان بتوانن دەنگی من بگۆڕن ناتوانن کەیسێکیش لە دادگا ببەنەوە."
پێشتریش لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێڕاقدا، تێکهەڵچوونێک لە نێوان هەمان کاندیدی یەكێتی و پاسەوانەکانی وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتییەوە دروست بوو و ئەو کاتە نێرگز قادر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لەلایەن پاسەواناکانی وەستا ڕەسوڵەوە هێرشی کراوەتەسەر " چاوەڕوانی لێپێچینەوەم لەگەڵ وەستا ڕەسوڵ، گەر لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرێت لە خۆ کاندیدکردن دەکشێمەوە ."
ڕۆژی 18/12ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کورد لە کەرکوک بە چەند لیستێک بەشداریان کرد ، کە بریتین لە لیستێکی یەکێتی و هاوپەیمانەکانی لە نێوان شوعی، پارتی و هاوپەیمانەکانی، هێزە ئیسلامییەکان یەکگرتوو و کۆمەڵ، وە نەوەی نوێ.
بە پێی ئەنجامە بەراییەکان، یەکێتی توانی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی، و نەوەی نوێ و هێزە ئیسلامیەکانیش هیچ کورسیەکیان بەدەست نەهێنا.
Your browser doesn’t support HTML5