بەگوێرەی ئەنجامە بەریاییەکان، یەکگرتوو و کۆمەڵ وەک دوو حیزبی سەرەکی ئیسلامی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکوکدا بەیەکەوە تەنها نزیکی 6 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە لە کۆی زیاتر لە 520 هەزار دەنگ. بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەریش لەکەرکوک گلەیی ئەوە لە سەلەفییەکانی ئەو شارە دەکات کە گوایە دەنگیان بە یەکێتی داوە.
لەبەرامبەردا مامۆستایەکی ئاینی سەلەفی ڕەتیدەکاتەوە ڕەوتی سەلەفی خۆی بەلای یەکێتی و پارتیدا یەکلایی کردبێتەوە و دەڵێت پارتی و یەکێتی دەسەڵاتدارن و "بەرپرسیارێتی نەتەوەییان گرتووەتە ئەستۆ"، وە سەلەفییەکان پاڵپشتی نەتەوەیان کردووە نەک حزب.
سەید کەماڵ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەری لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕێککەوتن هەبوو لە نێوان سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی مەدخەلییەکان و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا کاندیدیان دەبێت. سەلەفییەکان داوایان لە خەڵکی خۆیان کرد پشتگیری لایەنی بەهێز بکەن."
هەروەها وتیشی،"سەلەفییەکان وتوویانە ڕاستە لایەنە ئیسلامییەکان دەستپاک و ئەمینن، بەڵام بەهێز نین، واتە هێزیان لا نییە. بۆیە دەنگەکانیان بۆ لایەنی دەسەڵات ڕۆیشت."
لە پارێزگای کەرکوک، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری بەیەکەوە لە ژێر لیستی مەشخەڵی کەرکوک بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کرد.
دوێنێ سێشەممە، 19-12-2023، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقی ڕاگەیاند و بە پێی ئەنجامەکان، لە کۆی زیاتر لە 520 هەزار و 400 دەنگی ئەو پارێزگایە، لیستی مەشخەڵی کەرکوک تەنها 6655 دەنگی هێناوە.
ڕاگەیاندنی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە بەیانی بەڕێوەبچێت دەکرێت هەندێک لە ئەنجامەکان بگۆڕێت.
بەڵام بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، کە دەنگی جیاکراوەی نزیکی ٪94.4ی کۆی دەنگەکانە، هەردوو حیزبە ئیسلامییەکە نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن بۆ ئەوەی کورسی ئەنجومەن بەدەست بهێنن.
سەرچاوەیەک لە یەکگرتووی ئیسلامی لەکەرکوک کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەکو لایەنە ئیسلامییەکان پێشتریش نەمانتوانیووە کورسی پەرلەمان لەکەرکوک بهێنین، بۆیە داوای لێکۆڵینەوەمان لەسەرکردایەتی خۆمان کردووە، تا بەدواداچوون بۆ هۆکارەکان بکرێت."
بەڵام بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەری لەکەرکوک هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە دەنگدەری کەرکوک بیری نەتەوەیی بەسەریدا زاڵە، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا دەسەڵات نەکەوتووەتە دەست هێزە ئیسلامییەکان "تا خەڵک ئیش و کارییان ببینێت."
سەید کەمال دەڵێت،"لایەنە دەسەڵاتدارە کوردییەکانیش هێزو پارە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەنگی ئیسلامییەکان هەبووە."
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، یەکێتی زیاتر لە 139 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و پارتی نزیکی 47 هەزار دەنگ و نەوەی نوێ نزیکی 25 هەزار دەنگ.
کەمی ژمارەی دەنگی هێزە ئیسلامییەکان و بەدەست نەهێنانی کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی لە لەکەرکوک لەگەڵ نزیکەی 100 مامۆستای ئاینی ڕەوتی سەلەفی دا کۆبوویەوە.
هەروەها ڕۆژی 12ی 12ی 2023 بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی سەردانی دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد، ڕابەری ڕەوتی سەلەفیەکان لە هەرێمی کوردستانی کرد.
دوای سەردانەکە، دکتۆر عەبدول لەتیف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بە مەبەستی "ڕاوێژ و ئامۆژگاری و کاری خێر" بووە و وتی "دەبێت مامۆستای ئاینی ئامۆژگاریکار بێت، نەک جنێودەر و دەمشڕ بێت و فیتنە دروستبکات، هانی منداڵی خەڵک بدات کە بەکوشتیان بدات و بۆخۆشی بە سەلامەت بۆی دەربچێت."
دوو ڕۆژیش پیش هەڵبژاردنی پارێزگاکان، لە وتارێکیدا بۆ لایەنگرانی، دکتۆر عەبدول لەتیف بەرپەرچی ئەو کەسانەی دایەوە لە ڕەوتە ئیسلامییەکان کە هەڵبژاردن بە "ناشەرعی" دەزانن و هانی خەڵک دەدەن بۆ ئەوەی دەنگنەدەن.
ڕێبەری سەلەفییەکان لە وتارەکەیدا دەڵێت، " لە شاری کەرکوک، بۆ نمونە ، کێ دەتوانێت پاسەوانی لەم میللەتە بکات سبەی، وە پارێزگاری لە دینەکە بکات، وە دژایەتی دینەکە نەکات، وە خزمەت بە خەڵکەکە بکات و بەچاوێکی دادپەروەر سەیری کورد و عەرەب و تورکمان بکات و ستەم نەکات، کاکە ئەو شایستەیەترە دەنگی پێبدرێت. کەسی بێهێز و بێتوانا گەر دەستپاکێش بێت هیچ نییە...تۆ بزانە کێ دەستپاک و بەهێزە و دەتوانێت داکۆکی بکات لە مافی خەڵکەکە."
سەلەفییەکانی کەرکوک ڕەتی دەکەنەوە کە دەنگدان بە یەکێتی و پارتی بە واتای پەیوەستبوونیان بەو دوو حیزبە بێت.
مامۆستا وەلید جەباری، مامۆستای ئاینی سەلەفی و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی نێوان سەلەفییەکان و بافڵ تاڵەبانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وتراوە سەلەفییەکان بوونەتە یەکێتی و پارتی، وەڵاهی ئەمە بوهتانێکی گەورەیە. ئێمە نە یەکێتین نە پارتی. حزبی ئیسلامی نین چ جای حزبی عەلمانی. بەڵام لە گۆڕەپانەکەدا پارتی و یەکێتی دەسەڵاتدارن و بەرپرسیارێتی نەتەوەییان گرتووەتە ئەستۆ. ئێمە پاڵپشتی نەتەوەکەمان کردووە نەک حزب."
ئەو وتیشی، "ناوچە کوردییەکان وێرانەن و پێمانخۆشە کورد دەسەڵاتی هەبێت، بۆیە هانی خەڵکمانداوە دەنگ بەو لایەنە بدات کە خۆی دەیەوێت، جا پارتی بێت یان یەکێتی یاخود ئیسلامییەکان. بریا ئیسلامییەکان و نەوەی نوێش دەنگەکانیان نەفەوتاندایە و لەگەڵ لایەنەکانی تر یەک لیست بان، تا کورسی زیاترمان هێنابا."
ئەو مامۆستا ئاینییەی ڕەوتی سەلەفییەکان ئاماژەبەوەشدەکات، هەرکات هەست بە خراپی دۆخی کورد بکەن بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن ڕۆڵیان هەبێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە بیروباوەڕیشدا عەرەب و تورکمانی موسڵمان بە برای خۆیان دەزانن، بەڵام گرفتییان لەگەڵ "شۆڤێنییەکان" هەیە و قەبوڵ ناکەن وەکو نەتەوەی دووەم لەکورد بڕوانرێت.
سەبارەت بە هۆکاری کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، مامۆستا وەلید جەباری وتی، "ئێمە هێزی چەکدارو حزب نین، ئێمە هەڵقوڵاوی ناو خەڵکین و مەلاین، خەڵک گوێمان لێدەگرێت. بافڵ تاڵەبانی هاتووە ڕێزی لێگرتووین، پێیوتین ئێوە برا گەورەی من بن و گوێتان لێدەگرم و ئامۆژگاریم بکەن. گەر پارتیش بانگمان بکات قسەی بۆ دەکەین. ئێمە جگە لە ئامۆژگاری هیچی ترمان پێ نییە."