ئێران بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی " زانیاری ناڕاست" سزای زیندانی بەسەر ڕۆژنامەوانێکدا دەسەپێنێت

دادگایەکی ئێران سزای شەش مانگ زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کاری ڕۆژنامەوانی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەر ڕۆژنامەنووسێکدا سەپاندووە بەهۆی "بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست."

عەلی موجتەهدزادە، پارێزەر بە ڕۆژنامەی شەرقی ڕیفۆرمخوازی ڕاگەیاندووە، تۆمەتەکانی سەر سارا مەعسومی پەیوەندی بە نوسینێکی ئۆنلاینەوە هەیە سەبارەت بە ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی نەوجەوان کە لە مانگی 10 دوای ڕووداوێکی گوماناوی لە میترۆی تاران گیانی لەدەستدا.

بەڵام لە لێدوانەکەیدا ڕوون نەبوو ئەو پارێزەرە باس لە کام لە نوسینی ڕۆژنامەنووسەکە دەکات لە سەر تۆڕی ئێکس (کە پێشتر تویتەربوو) بەڵام میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە مەعسومی ڕوونکردنەوەی فەرمی لەبارەی مردنی ئەو نەوجەوانەوە خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

ڕۆژنامەی شەرق ڕایگەیاندووە "مەعسومی دوای ئەوەی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست سزا درا، سزای شەش مانگ زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کاری ڕۆژنامەوانی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندرا".

ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی کوردی تەمەن 17 ساڵ، دوای نزیکەی مانگێک لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە، پاش ئەوەی لە میترۆی تاران بێهۆش کەوت، 28 ی مانگی دە گیانی لەدەستدا.

گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرا چاودێرییەکان کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتییەوە بڵاوکرانەوە، نیشان دەدەن پاش ئەو کچەی کە سەرپۆشی بەسەرەوە نییە لەناو میترۆکەدا بێهۆش بووە، لە میترۆکە دای دەگرن.

دەسەڵاتداران دەڵێن، بەهۆی نزمبوونەوەی پەستانی خوێنی لە ناکاو دۆخی تەندروستی تێکچووە و ڕەتیدەکەنەوە هیچ " شەڕێکی زارەکی یان جەستەیی " لە نێوان ئەو کچە و سەرنشینەکانی دیکەدا ڕوویدابێت.

بەڵام ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەو نەوجەوانە بەهۆی گوایە هێرشی ژنانی ئەندامانی پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە وایلێهاتووە.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی شەرق بڵاویکردەوە، مریەم لوتفی ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەکەی کردبوو بۆ ڕاپۆرتکردن لەسەر بارودۆخی گەڕاوەند، بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیرکرا.

هەروەها دەسەڵاتداران نەسرین ستودە پارێزەری ناسراوی مافەکانی مرۆڤیان دەستگیرکرد، کاتێک لە 30 ی مانگی 10دا بەشداری پرسەکەی گەڕەوەندی کردبوو. پاش نزیکەی دوو هەفتە ئازادکرا.

مەرگی گەڕاوەند زیاتر لە ساڵێک دوای مەرگی ژینا ئەمینی ڕوویدا لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو.

مردنی ئەمینی تەمەن 22 ساڵ بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران کە سەدان کەسی تێدا کوژران، بریندار بوون و دەستگیرکران لە ناویاندا دەیان کەس لە هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانیش.