سەرهەڵداوان 3 سەربازی هیندستان لە کەشمیر دەکوژن

3 سەرباز لە ناوچە مشتومڕ لەسەرەکەی هیمالایای کەشمیری ژێر بەڕێوبەرایەیەتی هیندستان کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی لەشکری هیندستاندا هاتووە "دوو ماشێنی لەشکریی لە ناوچەی ڕاجوری لە باشوری شاری سریناگار لە کاری ڕۆژانەی خۆیاندا بوون و هێزەکانی سەرهەڵداوان تەقەیان لێکردوون و 3 سەرباز کوژراون."

کاربەدەستێکی لەشکری هیندستان بەومەرجەی ناوی نەهێنرێت بە ژمارەیەک لە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە "بێ لەو سێ سەربازەی کوژراون، سێ سەربازی تریش بریندارن."

وەزارەت بەرگری هیندستان دەڵێت، کردە لەشکرییەکان بەردەوامن بە مەبەستی وەدەستهێنانی زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەو هێرشەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کراوەتە سەر سەربازەکان.

لەوەتای ساڵی 1947ەوە کە هیندستان و پاکستان سەربەخۆییان بەدەستهێناوە، کەشمیر لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دابەش بووە.
نیودەلهی و ئیسلام ئاباد وەک یەک دەڵێن کەشمیر بەشێکە لە وڵاتەکانیان.

سەرهەڵداوان لە ساڵی 1989وە لە کەشمیری ژێر کۆنترۆڵی هیندستاندا یاخیبوونیان ڕاگەیاندووە و داوا دەکەن یان ئەوەتا سەربەخۆییان هەبێت یانیش ناوچەکە بخرێتە سەر پاکستان.

بەهۆی ئەم قەیرانەشەوە دەیان هەزار خەڵکی سیڤیل و سەرباز و میلیشیا کوژراون.

لە مانگی ڕابردووشدا، پێنج سەربازی هیندستان و دوو میلیشیای گومانبار لە هەمان ناوچەدا کوژران.

هیندستان لۆمەی پاکستان دەکات بۆ پشتیوانیکردنی میلیشیاکان، ئەمەش گوناهبارکردنێکە، ئیسلام ئاباد نکوڵی لێدەکات.

ڕۆیتەرز - ئەسیۆشێتد پرێس