لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری کاندیدێکی نزیک لە حەشدی شەعبی زۆرترین دەنگی هێناوە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی پێویستی نەهێنا بۆ بردنەوەی هیچ کورسییەک. پەرلەمانتارێکی پارتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت گەر پەکەکە نەبوایە ئەوا خەڵکی شەنگال دەگەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و دەنگیان دەدا.
ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لە عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو. بەپێی داتاکانی کۆمیسۆن لە کۆی 16 ملیۆن کەس کە کارتی بایۆمەترییان وەرگرتۆتەوە، نزیکەی لە 41% یان بەشداریان لە پرۆسەکە دا کرد، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 دا، ڕێژەی بەشداری نزیکەی لە 51% بوو.
لە سنوری پارێزگای نەینەوا 1 ملیۆن و 695 هەزار و 566 کەس دەیانتوانی بە شداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بکەن، کەچی ڕێژەی بەشداری لە 52% تێنەپەڕی و لەو ژمارەیە پارتی توانیویەتی 127 هەزار و 939 دەنگ بەدەست بهێنێت. بەو پێیەش بێت تا ئێستا 4 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای مسۆگەر کردووە و بە کۆکردنەوەی دەنگە تایبەتەکان چاوی لە کورسییەکی ترە.
بەڵام هیچ کاندیدێکی پارتی لە ناو شەنگال دەنگی پێویستیان نەهێناوە.
بە گوێرەی خودێدا چۆکی، بەڕێوبەری بەوەکالەتی ناحیەی سنونێ، لە شەنگال و دەوروبەری 114 هەزار دەنگدەر هەبووە جگە لەو کەسانەی کە لە کەمپە ناوخۆییەکانی هەرێم ئاوارەن.
بەڕێوبەرەکەی ناحیەی سنونێ ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەشداری کەمتر لە 25٪ تۆمارکراوە و بە گوێرەی ئاماری ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان کە ڕۆژی سێشەممە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیێندرا، لە ناو لیستی کاندیدەکان عەبدوڵا شیخ کالو نزیک لە حەشدی شەعبی بە هێنانی 5 هەزار و 902 دەنگ لە ڕیزی یەکەمی براوەکانە. دوای ئەویش بزوتنەوەی چاکسازی و پێشکەوتن دێت کە دەڵێت حزبێکی سەربەخۆی ئێزیدییە و 4 هەزار و 600 دەنگی هێناوە، حەیدەر شەشۆ 3 هەزار دەنگ و پارتی پێشکەوتنی ئێزیدی 2 هەزار و 600 دەنگ و قاسم خەلۆ کەشکۆ 3 هەزار و 95 دەنگ.
ماجد شەنگالی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەتیکردەوە کە دەنگەکانی حزبەکەی لە نەینەوا کەمیکردبێت بەڵکو کەمبوونەوەی کورسیەکانی پارتی لە 8 کورسییەوە بۆ 4 کورسی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک و وتی، " کەمکردنەوەی کورسییەکانی نەینەوا لە 39 کورسیەوە بۆ 29 کورسی کە سیانیان بۆ کۆتاکان دیاریکراوە ئەوە خاڵێکە بۆ ئەوەی پارتی کورسیەکانی کەمبێتەوە. هەروەها خاڵی دووەم بەشداریەکی زۆری دەنگدەری عەرەب بوو لە پرۆسەکە دا، چونکە هەمووان دەزانن کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو دۆخی موسڵ بەگشتی نالەبار بوو لە ڕووی ئەمنیەوە و بەهۆی هاتنی داعش دەنگدەری عەرەب نەیانتوانی وەک پێویست بەشداری هەڵبژاردن بکەن. بەڵام ئێستا ئەو گرفتانە نەماوە بۆیە عەرەب بەشداریان زیاتر بوو."
ماجد شەنگالی هۆکارێکی تری گرفتەکانی پێش پرۆسەی دەنگدان و دەنگدەرانی پارتی گەڕاندەوە بۆ بوونی پەکەکە لە شەنگال و وتی، "خەڵکە دەنگدەرەکە بە هۆی ئاوارەبوونیانەوە دابەشبوو بوون بەسەر چەند شوێنێک و لەکاتی پرۆسەکە نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان. بەگشتی ئەوانەی دەنگیان دا زیاتر پیاوان بوون و ئافرەت کەمتر دەنگی دا و گەر پەکەکە نەبوایە لە شەنگال ئەوە خەڵکی دەگەڕانەوە و بەشداریان لە هەڵبژاردنەکە دەکرد."
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا ئێستا ئەنجامی دەنگدانی تایبەتی بڵاونەکردۆتەوە کە بەشێکی دەنگەکان هەزاران هاوڵاتی ئاوارەی شنگالن و لە کامپەکانی دهۆک و هەولێر نیشتەجێن.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگە تایبەتەکان، شیانی هەیە گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی شەنگالدا دروستببێت.
چاودێران دەڵێن لە هەڵبژاردنەکەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانیویەتی وەکو حزب سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
پادێ و ئیدارەی خۆسەری شەنگال کە نزیکن لە پەکەکە، لەگەڵ یەکێتی بە لیستی "یەکێتی گەلانی نەینەوا" و بە 4 کاندیدەوە بەشداریان لەپرۆسەکە کردووە. بەپێی ئامارە بەراییەکان، لیستەکە 45 هەزار و 939 دەنگی بەدەستهێناوە و 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای مسۆگەر کردووە و پێدەچێت یەکێک لە کورسیەکان بۆ "قاسم کەشکۆ " بێت کە کاندیدی پادێ و ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەری شەنگالە.
لە ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیدا یەکێتی زۆر بە چڕی لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە کورد دەنگی هەیە هانی دەنگدەرانیان دەدا تا بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن. لە هەڵمەتەکەدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە کەرکوک و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە سنوری گەرمیان و خانەقین ڕاستەوخۆ بەشداری بانگەشەکانیان دەکرد و هانی دەنگدەرانیان دەدا بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن، ئەوەش بە خوێندنەوەی چاودێران هۆکارێک بوو بۆ زیادکردنی دەنگی یەکێتی، لە کاتێکدا هیچ یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پارتی ڕاستەوخۆ نەچوونە ناو پروپاگەندەی دەنگدانەوە.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح کە شارەزایە لە بواری هەڵبژاردن پێیوایە هەبوونی کەسی یەکەمی هێزە سیاسیەکان لەناو دەنگدەراندا کاریگەریەکی بەهێزتری دەبێت لەسەر دەنگدەر و دەتوانێت کار لەسەر گۆڕینی ئاراستەیان بکات.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح، ئەندامی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڵبژاردنەکە ئەوەی پێوتین کە کۆمەڵێک هۆکار هەن وایانکرد کە گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنەکە ڕووبدات. ئەو لایەنە سیاسیانەی کە لە ناو خەڵکن هۆکاری سەرەکین بۆ بەرز و نزمی دەنگی بەدەستهاتوویان. لەلایەکی تر ئاستی جێ بەجێکردنی داخوازی دەنگدەر و ئەندام و لایەنگرانی ئەو هێزە سیاسیە کاریگەری هەبوو لەسەر دەنگی بەدەست هاتوو."
لەخولی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی بوونی 8 کورسی لە ئەنجومەن، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن پێدرابوو. بەڵام بەبڕوای چاودێران بەدەستهێنانەوەی ئەم پۆستە کارێکی ئەستەمە بۆ پارتی لە ئێستادا کە کورسییەکانی کەمی کردووە بۆ 4 کورسی.
چاودێرێکی سیاسی پێیوایە بەڵادەستی ئێران لە عێراق و هەبوونی هێزی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕۆڵیان هەبووە لە لاوازکردنی پارتی.
چاودێری سیاسی دلێر عەبدوڵا لە سلێمانییەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێموایە بەشێکیان هۆکاری دەرەکین و پەیوەندی بە هاوکێشە سیاسیە هەرێمایەتیەکەوە هەیە لەناوچەکەدا.گەر کورتی بکەینەوە هۆکارەکە ئەوەیە، ئێران لە عێراق نایەوێت ئەو هێزانەی کە لەمپەرن لە پێش نەخشە ڕێگای سیاسەتی تاران گەشە بکەن و ئەو هەڵەیەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوو ڕوویاندا و بەسەر ئێراندا تێپەڕی ڕاستی دەکاتەوە. ئامانجی ئێران بەهێزکردنی گروپە شیعەکانی نزیک لە خۆیەتی تا داهاتووی وڵات بخاتە دەستیانەوە و کورد و سونەش لاواز دەکات."
بە گوێرەی خوێندنەوەی ئەو چاودێرە سیاسیە، هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی کورسیەکانی پارتی هەڵەی خودی حزبەکەیە لەوەی "هیچ حسابێک بۆ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە ناکات."
دلێر عەبدوڵا وتی، دەتوانین بڵێن پارتی وەک هێزێکی خاوەن جەماوەر دووچاری جۆرێک لە غرور و لەخۆبایی بوون بوو، هەر بەو نەفەسەوە بەشداری لە پرۆسەکە کرد. هەروەها بوونی پەکەکە لە شەنگال ئەویش کاریگەری خۆیی هەبوو لە کەمبوونەوەی کورسی پارتی لە نەینەوا."
پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانە دەنگە تایبەتەکانی لە بە شێک لە ناوەندی دەنگدان کۆبکاتەوە و ژمارەی دەنگەکانی بەرزببێتەوە بۆ زیاتر لە 140 هەزار دەنگ.
ماجد شەنگالی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت، " پێشبینیمان دەکرد کە 6 کورسی بەدەست بهێنین. بەڵام ئومێدمان هەیە بەکۆ کردنەوەی دەنگەکان پارتی ببێتە خاوەنی 5 کورسی لە پارێزگای نەینەوا."
Your browser doesn’t support HTML5