پێچەوانەی هەموو ئەو ڕەخنانەی کە لە فرە لیستی هێزە کوردیە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەگیرا، شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن پێیوایە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەت کەرکوک "کەمترین" زیانی لە فرە لیستی بینیوە و ڕایدەگەیەنێت، "کەمترین نرخی کورسی لەسەر پێکهاتەی کورد کەوتووە بەراورد بە پێکهاتەکانی دیکە"
ئارام جەمال، شارەزای بوای هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی کورد پێنج لیستی لە کەرکوکدا هەبووە بە 31 هەزار کورسیەکی هێناوە، لە کاتێکدا عەرەب بە 34 هەزار و تورکمان بە 46 هەزار دەنگ کورسییان هێناوە."
ڕۆژی 18ی مانگی 12 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. حزب و لایەنە کوردییەکان بە چوار لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کرد کە بریتیبوون لە یەکێتی و حزبی شیوعی، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمانی، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، وە نەوەی نوێ.
بەشداری کورد بە فرە لیستی ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لایەنەکان تۆمەتبارکران بە سوتاندنی دەنگی کورد لە کەرکوک، بە تایبەت دوای ئەوەی هەردوو لیستی نەوەی نوێ و لایەنە ئیسلامیەکان زیاتر لە 31 هەزار دەنگی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان بەدەستهێنا، بەڵام هیچ کورسیەکی ئەنجومەنیان نەبردەوە.
ئارام جەمال ڕایگەیاند،" لایەنەکان دەیانەوێت هەڵە مێژوویی و ستراتیژەکانی خۆیان لە کەرکوکدا بە فرەلیستیدا هەڵبواسن، پارتی و یەکێتی لە چ پارێزگایەکی ناوچە جێ ناکۆکەکاندا بە یەک لیست دابەزیون تا لە کەرکوکدا داوای یەک لیستی بکەن، هەڵبژاردن پرۆسەیە و بیرکاری نیە یەک و یەک بکاتە دوو، مەرج نییە دەنگەکانی هاوپەیمانێتی نێوان دوو یان چەند حزبێکی نەیار و تەنانەت ناحەز بەیەک بکاتە کۆی دەنگەکانی هەریەک لەو حزبانە بەجیا"
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی سێشەممە ئەنجامی بەرایی دەنگەکانی ڕاگەیاند و بەپێی ئەنجامەکان، دەنگی چوار لیستەکەی کورد لە کەرکوک بەم شێوەیەیە: یەکێتی بە 139373 دەنگ توانی 5 کورسی ببات و پارتی بە 46749 دەنگ 2 کورسی برد. بەڵام نەوەی نوێ بە
24620 دەنگ و لایەنە ئیسلامیەکانیش بە 6655 دەنگ نەیانتوانی هیچ کورسیەکی ئەنجومەنی پارێزگاکە مسۆگەر بکەن.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزکانی کەرکوکدا، سیستەمی سانت لیگۆی 1.7 پەیڕەوکراوە، کە چاودێران بە قازانجی لیستە گەورەکان و زەرەری لیستە بچووکەکان لێکی دەدەنەوە.
بە پێی سیستەمەکە، کۆی ژمارەی دەنگەکانی هەر لیستێک بەسەر 1.7 دا دەبەشدەکرێت بۆ کورسی یەکەم، و بۆ کورسی دووەم بەسەر 3، کورسی سێیەم بەسەر5 و، کورسی چوارەم بەسەر 7 دا دابەش دەکرێت و بەردەوام دەبێت و پشت بە ژمارە تاکەکان دەبەستێت. بەو پێیەش بێت، سیستەمەکە لە بەرژەوەندی لیستە بچووکەکاندا نییە.
فاتیح سەنگاوی، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و ڕاپرسی (RSC)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆی ئەو دەنگانەی لەلایەنەکان ماوەتەوە، بە پێی سیستەمی سانت لیگۆ، کورد بە هاوبەشیش بوایە نەیدەتوانی کورسیەکی تر بەدەست بهێنێت."
وتیشی، "تەنانەت کە سیناریۆکان بە یەکگرتنی هەموو لیستە کوردیەکان یان بەشێک لە لیستە کوردیەکان کۆ بکەینەوە، کورد هەر نەیدەتوانی لە 7 کورسی زیاتر بهێنیت، چونکە دەنگی بە دەستهاتوو کورسیەکانی نەدەگۆڕی. بەڵام ئەگەر کورد هەموویان یەک لیست بوونایە و بانگەشەی فراوانتریان بکردایە بۆ ئەوەی ژمارەی دەنگدەری کورد زیاد بکەن، لەو حاڵەتەدا دەنگی کورد زیاتر دەبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە، فرە لیست یان یەک لیستیش بوونایە هەر هەمان ئەنجامی دەبوو."
شارەزایانی هەڵبژاردن دەلێن "کێشە" لە سیستەمی هەڵبژاردنەکەدایە کە لیستە گەورەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دایانمەزراندووە.
ئارام جەمال دەڵێت، "سیستەمەکە حزبە گەورەکان دایان ناوە لە عێراق، بۆ ئەوەی لیستە بچوکەکان نەچنە ئەنجومەنەکانەوە."
دەشڵێت،"لیستە بچوکەکان بە گشتی زەرەرمەندن لەم هەڵبژاردنە؛ نەتەوەکانی تری وەک عەرەب و تورکمانیش دەنگیان سوتاوە و بەهۆی ئەو ڤێرژنە بەرزەی سانتلیگۆوە لە کورد زیاتر زەرەر مەندبوون."
پەرلەمانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار گۆڕانکاری لە سیستەمی هەڵبژاردن کردووە، بە تایبەت دوای خۆپیشاندانە فراوانەکانی ساڵی 2019 کە کوژرانی زیاتر لە 500 کەسی لێکەوتەوە.
ساڵی 2021 بە هاوکاری تەکنیکی نەتەوەیەکگرتووەکان چەند گۆڕانکارییەکی تر ئەنجامدرا کە بووە هۆکاری زیاتر ڕێگەخۆشکردن بۆ بەشداری کەسانی بێلایەن و دەرکەوتنی حزبی نوێ.
بەڵام لە 27ی مانگی سێی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق سەرەڕای ناڕەزایی توندی چەند لایەنێک، دووبارە گۆڕانکاری لە سیستەمی هەڵبژاردن کردەوە.
گوڕانکارییەکان ئەوکات بوونە هۆی خۆپیشاندانی فراوان لە شاری بەغدا، بە تایبەت لە نێوان لایەنگرانی حزبە بچووکەکان و پەرلەمانتارە "بێلایەنەکان" کە پێیانوابوو حزبە باڵادەستەکانی نزیک لە ئێران ئەم گۆڕانکارییەیان ئەنجامداوە.
Your browser doesn’t support HTML5