بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، دکتۆر کەمال کەرکوکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک - گەرمیانی پارتی بە هۆکاری تێکدانی یەکڕیزی کورد و دروست نەبوونی یەک لیستی لەو پارێزگایە تۆمەتبار دەکات.
ئەو بەرپرسە ڕەخنەی ئەوەی لە کەمال کەرکوکی گرت گوایە پێشبینییەکانی بۆ هەڵبژاردنەکان هەڵە بوون و بەمەش حیزبەکەی دوورخستوتەوە لە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی و هەنگاوەکانی پێکهێنانی لیستێکی فراوانی هێزە کوردییەکانی لەبار برد.
فەهمی فایەق، کارگێڕی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی و 10 کارگێڕ لق ئامادەبووین بۆ یەک لیستی حزبە کوردییەکان و یەکێتیش نەرمی نواند. 13 حزبی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان بۆ یەک لیستی نیشاندا، گەر لیستەکە یەکێتی و پارتی پێکەوە تێدا بێت."
بەڵام بەگوێرەی کارگێڕەکەی لقی پارتی، "کەمال کەرکوکی حەزی بە یەک لیستی نەبوو، گوایە یەکێتی 16 ی ئۆکتۆبەری ئەنجامداوە و دەنگ ناهێنێت. خوێندنەوەی بۆ ئەنجامەکان هەڵەبوو."
فەهمی فایەق لە ئەنجامی دەنگەکانی کورد لە کەرکوک نیگەرانە و دەڵێت، "گەر کورد یەک لیستی هەبووایە، ڕەنگە 9 کورسیمان ببردایەتەوە. فرە لیستی و پەرتەوازەیی هەڵەیەکی گەورەبوو.هەڵەکەش لە کەمال کەرکوکی بوو، ئەگینا یەکێتی نەرمی نواند."
دەشڵێت، "کەمال کەرکوکی دەبووایە لەگەڵ یەکێتی گفتووگۆی بکردایە و دواتر بیگوتایە لەبەر ئەم هۆکارانە ناچینە لیستێکەوە لەگەڵیان، نەک بە بێ گفتووگۆ و دانیشتن یەک لیستی ڕەتبکاتەوە."
بەگوێرەی کارگێڕەکەی پارتی لە کەرکوک، مەکتەبی سیاسی پارتی ئێستا لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەرەنجامەکان و وەرگرتنی سکاڵای"زۆری" کادیرانی.
کەمال کەرکوکی سەرۆکی خولی سێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو.
هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە کەمال کەرکوکی و وەرگرترنی هەڵوێستی ئەو لەسەر ئەم پرسە بێ ئەنجامبوون.
هەریەک لە دکتۆر محەمەد خورشید، جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکوک -گەرمیان، و ئەحمەد خورشید، بەرپرسی ڕۆشنبیری پارتی لە کەرکوک، ڕایانگەیاند ئامادەنین لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدەن.
بەڵام کامەران کەرکوکی، کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە لیستی پارتی، ڕەتیکردەوە کەمال کەرکوکی هۆکاری تێکدانی یەکڕیزی کورد بووبێت و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دکتۆر کەمال کادیرێکی کارایە، پڕوپاگەندەی لە دژ دەکرێت."
کامەران کەرکوکی نکۆڵی نەکرد لە نیگەرانی پارتی لەسەر ئەنجامەکان و وتی، "سستییەک هەبوو، هۆکارەکەی نازانم. دەنگی پارتی لەکەرکوک لەنێوان 60 بۆ 70 هەزار دەنگدایە..دەبووایە پارتی بەلای کەمەوە 75 هەزار دەنگی بهێنایە."
بەرپرسانی پارتی لە کەرکوک لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار وتویانە لەگەڵ "خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر" کۆنابنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکێتی و ڕۆڵی لەو شارەدا دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی مانگی دەی ساڵی 2017.
لە نەورۆزی ئەمساڵیش، لە کاتێکدا حزب و لایهنه سیاسییهکانی کهرکوک لهسهر قهڵای دێرینی شارهکه ئاههنگی نهورۆزیان ئهنجامدا، پارتی به جیا و لە ناو پارکی بابهگوڕگوڕ ئاههنگی گێڕا. ئەوکات کەمال کەرکوکی بۆ دەنگی ئەمەریکا هۆکاری هەڵوێستەکەی پارتی گێڕایەوە بۆ ئەوەی "ئهو لایهنهی ڕۆڵی ههبووه له 16ی ئۆکتۆبهر دەیویست وتاری سهرهکی بخوێنێتهوه."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پارێژگاکانیش، هەوڵەکانی حزبە کوردییەکانی کەرکوک بۆ دروستکردنی لیستێکی یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە چڕتر بوونەوە.
ئەو کات، مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەکو پارتی ناتوانین لەگەڵ خیانەتکاران بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەین، چونکە جەماوەر لێمان قەبوڵ ناکات.
مانگی حەوتیش لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی لیستێکی هاوبەش بە دەنگی ئەمەریکای گووت، " دوو جار دەستپێشخەریمان کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام هەڵوێستیان ئەرێنی نەبوو."
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، کورد لە کەرکوک 7 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا عەرەب و تورکمان پێکەوە 8 کورسییان مسۆگەر کردووە، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ژمارەی کورسییەکانی ئەو دوو پێکهاتە لەکورد زیاتر بێت.
پارتی لە هەڵبژاردنەکەدا 2 کورسی لە کۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا یەکێتی 5 کورسی مسۆگەر کردووە، ئەمەش کادیرانی ئەو حزبەکەی نیگەران کردووە.
کارگێڕ لقەکەی کەرکوکی پارتی پێیوایە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ڕوونبۆتەوە کە دەنگدەری پارتی و لایەنەکانی تری کورد لە کەرکوک یەکگرتوویییان ویستووە.
فەهمی فایەق لەمبارەوە ئاماژەی بە خۆپیشاندانی بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک لە مانگی 9ی ئەمساڵ کرد، کاتێک لە دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک و هەولێر لەلایەن لایەنگرانی لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامداو 4 خۆپیشاندەری کورد کوژران، وتی، "لەهەموو دونیا نوخبەی سیاسی خەڵک ئاراستە دەکات، بەڵام خەڵکی کەرکوک سیاسییەکانیان ئاراستەکرد. دوای خۆپیشاندانەکە پارتی بارەگاکانی وەرگرتەوە و جەنابی سەرۆک بارزانی بەخشییە زانکۆی کەرکوک. بۆیە دەبێت ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەرکوک بکەین کە یەکگرتووییە."
ئەو وتیشی، "لەهەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەکەرکوک، 47 هەزار دەنگمان هێنا و لە هەڵبژاردنی 2014ش 63 هەزار دەنگمان هێنا. لە هەڵبژاردنی 2021 دوو کورسی پەرلەمانمان بردەوە و 49 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، کەچی لەم هەڵبژاردنەدا 46 هەزار دەنگمان هێناوە. گەر پارتی پاشەکشەی نەکردبێت خۆ گەشەشی نەکردووە، لەکاتێکدا دۆخی پارتی لەکەرکوک زۆر لە پێشە و ئەمە قابیلی قەبوڵ نییە."
نیگەرانییەکانی چەند سەرکردە و کادیرێکی پارتی لە کەرکوک پێش هەڵبژاردنەکان سەریان هەڵدا و لە ناوەڕاستی مانگی دەش دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە پارتی کەمال کەرکوکی دوورخستۆتەوە.
ئەوکات هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە چاوپێکەوتنێکی کورتی تەلەفزیۆنی هەردوو کەنالێ کوردستان 24 و کوردستان تی ڤیدا لەگەڵ کەمال کەرکوکی دەرکەوت و ڕایگەیاند کەمال کەرکووکی "داوای مۆڵەتێکی کردبوو کە خۆی و خێزانەکەی بڕواتە دەرەوەی وڵات، نەریتیش وایە کاتێک بەرپرسی یەکەم لە هەر ئۆرگانێک مۆڵەت وەردەگرێت یاریدەدەرەکەی کارەکانی بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەو بابەتەی کاک کەمال پێش رەزامەندی کۆتایی لەبارەی مۆڵەتەکەی بدرێت، بە جۆرێکی دیکە لێکدرایەوە کە دوورە لە راستییەوە، مۆڵەتەکەی کاک کەمال لە سەرکردایەتی ئێمەوە قبووڵ نەکراوە، بۆیە بەپێچەوانەی ئەو چەواشانەی کراوە کاک د. کەمال کەرکووکی لە ئەرکی خۆی بەردەوامە."
لە دەرکەوتنە تەلەفزیۆنییەکەدا کەمال کەرکوکی دەنگۆی دوورخستنەوەکەی بە پڕوپاگەندەی "خیانەتکاران" لێکدایەوە و وتی، "ئێمە هەموومان پێشمەرگەی کاک مەسعود بارزانین، ئەگەر هەر کەسێک سزاش بدرێت گەورەیە، بەڵام ئەوەی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر کردیان بۆ چەواشەکارییە."
بەڵام دوای ئەم دەرکەوتنەش، نارەزاییەکان لە ناو ئەندامانی حزبەکە لە کەرکوک بەردەوام بوون.
بەچەند ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، دوو کاندیدی پارتی کە یەکێکیان بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە بوو لەکەرکوک، کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و چوونە نێو یەکێتی، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی زیاتر لە نێو کادیرانی کەرکوکی پارتی دا.
فەهمی فایەق، کارگێڕی لقی کەرکوکی پارتی، وتی، "کادیرێکی زۆری پارتی لەسەر خراپی ئەنجامی حزب لەم هەڵبژاردنەدا لە سۆشیال میدیا ڕەخنە دەگرن، بۆیە لیژنەیەک لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا پێکهێنراوە."
دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی کە یەکێک لە نیگەرانییەکانی ڕێکخستنەکانی پارتی لەسەر چۆنییەتی دەستنیشانکردنی کاندیدانی حزبەکەیان بوو بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پێیانوابوو هەندێک لە کاندیدەکان "بەهێز" نەبوون.
لەوبارەیەوە فەهمی فایەق وتی، "وەکو لقی کەرکوک ڕەنگە هەندێک لە کاندیدەکان هەر نەناسین، تێیاندایە ماڵی لە کەرکوک نەبووە و شارەزای گەڕەکەکانی کەرکوکیش نییە، دەنگدەر نایانناسێت، ئیتر چۆن دەنگ دەهێنن."
ئەو وتیشی، "زۆرێک لە کاندیدەکان لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوکەوە دانرابوون، ئەمەش گرفتبوو."
حەسەن مەجید سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، جگە لە جەختکردنەوە لەوەی حزبەکەی دوو کورسی ئەنجومەنی مسۆگەر کردووە، ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێکی تر بدات.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەرپرسانی یەکێتی ڕایانگەیاندووە کە حزبەکەیان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە بەڵام لە ئەنجامی گشتنی دەنگی کورد ڕازی نین.
ڕۆژی چوارشەممە، رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی، "بۆ یەکێتی سەرکەوتنی کورد ئامانجە باڵا و پیرۆزەکەیە، بۆیە نەهاتنەدی ئامانجەکە وەک خۆی و بەشێوەی لە سەدا سەد ، تامی سەرکەوتنەکانی خۆمانی لە دەمدا تاڵ کردووین."
سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمان وتیشی، "بەداخەوە، ئەوە هەژموونی ئەجێندای گوماناوی، خەیاڵپڵاوی تەوژمی پۆپۆلیستی هەڵتۆقیو و قورمیشکراو، ترس لە کاریگەری یەک لیستی لەسەر دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان و چەند هۆکارێکی بێ ئەرزشی دیکە بوو کە نەیهێشت هەموومان یەک لیستی هەڵبژاردن و لە یەک بەرەی شەڕی دیموکراسیدا بین بەرامبەر نەیارەکانمان. هاوکات نابێت ڕۆڵی نەگریسی دژە کوردی هەندێ سیاسی بە تەمەن و ئەزموون گەورە و بە ئەقڵ هەرزەمان بیربچێت، کە ڕۆژانە و بەبێ موناسەبە ژەهریان دەڕشت و کاریگەری خۆیان لەسەر لەباربردنی هەموو هەوڵەکان هەبوو، بۆیە لە ئێستادا دەبێت بە دیار شکستی خۆیانەوە خەریکی خۆخواردنەوەبن."
Your browser doesn’t support HTML5