لەزیاتر لە 50 کاندیدی کورد لە قەزای خانەقین، تەنها کاندیدێکی یەکێتی دەرچووە کە بەڕەگەز عەرەبە. کاندیدەکەش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "مەرجەعی من یەکێتی نیشتمانییە."
سەرەرای ئەوەی زۆربەی دەنگدەرانی قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە کوردن، بەڵام کاندیدی ژمارە 5ی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە تەنها کورسییەکەی کوردی بردەوە و پێش 52 کاندیدی تری کورد کەوت.
لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی هۆکاری سەرکەوتنی بەسەر کاندیدەکانی تر بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە پێشتر خزمەتی خانەقینی کردووە.
ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی خانەقین بووم، هەندێک ئیشی سادەم بۆ خانەقین کرد. پێشتر تاقیکراومەتەوە لەلایەن خانەقینییەکانەوە، بۆیە من کورسییەکەی یەکێتیم بەدەستهێنا، مەرجەعی منیش یەکێتی نیشتمانییە."
ئەو وتیشی، "خانەقین شاری رۆشنبیرانە و جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب ناکات. مام جەلالیش سیمبولی عێراقییەکان بوو بە بێ جیاوازی، منیش خۆم بە قوتابی مام جەلال دەزانم."
ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی لە بنەڕەتدا خەڵکی قەزای شارەبانە، بەڵام لە ساڵی 2007ەوە لە خانەقین نیشتەجێ بووە. لە ساڵی 2020 بۆ ماوەی ساڵێک سەرۆکی شارەوانی خانەقین بووە، دواتر پۆستەکەی لێوەرگیرایەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەوس ئەلمەهداوی توانیویەتی 3 هەزار و 442 دەنگ بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا سەباح کەریم سەرۆکی لیستی یەکێتی 2 هەزار و 230 دەنگی هێناوە.
ئەوس ئیبراهیم دەڵێت، "کیبەرکێ لە پارێزگای دیالە لەنێوان حزبەکان و کاندیدەکانیش بەهێزبوو، بەڵام من کورسییەکەم بردەوە. یەکێتی وەکو چەپکە گوڵ وایە و هەموو پێکهاتەیەکی تێدایە، من پێشمەرگەی مام جەلالم."
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا، ئەوس ئیبراهیم گرتەی ڤیدۆیی خۆی لە نێو شەقامەکانی خانەقین بڵاودەکردەوە، کە ڕەخنەی لە خراپی دۆخی خزمەتگوزاری لە خانەقین و خراپی ڕێگەو بانەکان دەگرت.
هەروەها لە شوێنە گشتییەکانی خانەقین ئاڵای کوردستانی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد و سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکرد، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئەو وێنانەی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی یەکێتی گرتوونی سرودی نەتەوەیی کوردی دادەنا.
جگە لە لیستی یەکێتی نیشتمانی کە 30 کاندیدی هەبوو، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە 15 کاندید و لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش بە 4 کاندید بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەیان کرد، ئەمە جگە لە دوو کاندیدی کورد لە لیستی ئەساس بەسەرۆکایەتی محسن مەندەلاوی و کاندیدێکی تری کورد لە لیستی بەدر.
هیچکام لە کاندیدە کوردەکان نەیانتوانی کورسی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەدەست بهێنن.
لە نێو کاندیدانی دەرنەچوو چەند ناوێکی دیار هەن، لە نێوانیان عیماد ئەحمەد کە بە کەسێکی نزیک لە مەلا بەختیار هەژمارد دەکرێت، هەرچەندە ئەو بەفەرمی پاڵپشتی نەکردووە. یەکێکی تریش لە کاندیدەکان دلێر سایە قایمقامی قەزای خانەقین بوو.
سەباح کەریم، سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لەبارەی هۆکاری دەرچوونی کاندیدێکی بەڕەگەز عەرەب لە نێو لیستێکی کوردیدا کە زۆربەی دەنگدەرەکانیان کوردبوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوس بە ناوی یەکێتییەوە قسە دەکات و لێدوانی دژی لایەنە عێراقییەکان دەدا. خۆی بە کورد و یەکێتی دەزانێت، عەشیرەتەکەشی هەموویان هاتن و دەنگیان پێدا."
قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە 67 هەزار دەنگدەری تێدابوو، ئەمە جگە لە دەنگدەری کورد لە ناحیەکانی جەلەولا، سەعدیە، مەندەلی، جەبارەو قەرەتەپە. بەڵام لەو 67 هەزار دەنگە ڕێژەی بەشداریکردن 49%بوو، بۆیە لیستە کوردییەکان لە کۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە تەنها یەک کورسییان بردەوە.
لەبارەی هۆکاری کەمی رێژەی بەشداری دەنگدەری قەزای خانەقین، سەرۆکی لیستی یەکێتی دەڵێت، "رێژەی بەشداری لە پارێزگای دیالە بە گشتی کەمبوو، دەچووینە لای خەڵک بۆ دەنگدان، خەڵک دڵگرانبوون، دەیانگوت موچەمان نییە."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە عیماد ئەحمەد کاندیدی یەکێتی کە بەرپرسی فەوجێکی پۆلیسە و بە نزیک لە مەلا بەختیار دادەنرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
لەهەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، مەلا بەختیاری کارگێڕی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لەو پارێزگایە دەکرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ناوبراو تەنها دوو پەیامی بڵاوکردەوە. پەیامێکیان لە ڕۆژی 14/11/2023 و چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردن بڵاویکردەوە، داوای لە خانەقینییەکان کرد بەشداری هەڵبژاردن بکەن. پەیامی دووەمیشیان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا جەختی لەسەر پەیامەکەی پێشووتری کردەوە.
بەهۆی نیگەرانبوونی مەلا بەختیار لە یەکێتی لە دوای کۆنگرەی 5 ی حزبەکەی، یەکێتی نیشتمانی لەم هەڵبژاردنەدا سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە خانەقین و ناحیەکانی دەوروبەری بە خەسرەو گوڵ محەمەد سپارد، کە ناوبراو خەڵکی ناوچەی خانەقینە و ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسییە.
ئەمیر خانەقینی، چالاکوانی مەدەنی لە قەزای خانەقین، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەوس ئیبراهیم، کە کاندیدی بەڕەگەز عەرەبی یەکێتی بوو، لە هەموو کاندیدە کوردەکان دەنگی زیاتری هێنا، چونکە کاتێک سەرۆک شارەوانی بوو خزمەتی باشیکرد."
ئەو وتیشی،"خەڵکی خانەقین لەسەر بنەمای خزمەت دەنگیدا نەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی. دەرچوونی کاندیدە عەرەبەکەش ئاماژەیە بۆ شکستهێنانی گوتاری نەتەوەیی حزبە کوردییەکان."